ئایا ژنان دەتوانن ببنە قەشە و واعیز؟ کتێبی پیرۆز چۆن باسی بەشداری ژنان لە خزمەتە مەسیحییەکاندا دەکات؟



پرسیار: ئایا ژنان دەتوانن ببنە قەشە و واعیز؟ کتێبی پیرۆز چۆن باسی بەشداری ژنان لە خزمەتە مەسیحییەکاندا دەکات؟

وه‌ڵام:
پێناچێت هیچ بابەتێک له‌ کەنیسەکاندا هێندەی ئەم بابەتە جێگای مشتومڕ و باسکردن بێت. بۆیە زۆر گرنگه‌ كه‌ ئه‌مه‌‌ وه‌كو كێشه‌ی نێوان ژنان و پیاوان چاولێنەکەین. لەلایەکەوە ژنی وا دەبینین کە پێی وایە نابێت ژن وەکو قەشە و واعیز خزمەت بکات چونکە كتێبی پیرۆز خزمەتەکانی تایبەت بە ژنانی سنووردار كردووه‌. لەلایەکی دیکەوە پیاوی وا هەیە کە پێیان وایە ژن ده‌توانێت وه‌كو قه‌شه‌ و واعیز خزمه‌ت بكات و هیچ جۆره‌ سنوورێک بۆ خزمەتی ژنان نابینێت. کەواتە ئەمە پەیوەندی بە دەمارگیری و جیاکاری ڕەگەزییەوە نییە بەڵکو پەیوەستە بە لێكدانه‌وه‌ی كتێبی پیرۆزەوە‌.

کتێبی پیرۆز لە (یەکەم تیۆساوس ٢: ١١- ١٢)دا دەڵێت: "ژن با له‌ هێمنیدا و ئه‌وپه‌ڕی ملكه‌چی فێر بێت. ڕێگا ناده‌م ژن فێركردن بدات و ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر پیاودا هه‌بێت، به‌ڵكو له‌ هێمنیدا بێت." له‌ کەنیسەکاندا، خودا ڕۆڵی ژنان و پیاوانی جیا کردۆتەوە. ئه‌م جیاوازییە لە ئەرکدا دەرە‌نجامی بەدیهێنانی مرۆڤ و شێوازی هاتنی گوناه بوو بۆ ناو جیهان (یه‌كه‌م تیمۆساوس ٢: ١٣- ١٤). خودا له‌ ڕێگه‌ی پۆڵسی نێردراوەوە، ژنان سنوردار ده‌كات لەوەی کە ڕۆڵی فێرکەر ببینن و ڕێگە نادات کە دەسەڵاتی ڕۆحییان به‌سه‌ر پیاواندا هەبێت. ڕێگری کردن لە فێرکردن به‌ دڵنیایه‌وه‌ واتە ناتوانن بەسەر پیاواندا ببنە قه‌شه‌ و ناتوانن له‌ شوێنه‌ گشتیه‌کاندا وشەی خودایان فێر بکەن، هەروەها بۆیان نییە دەسەڵاتی ڕۆحییان بەسەر پیاواندا هەبێت.

چەندین ناڕەزایی و ڕەخنە لەپشت ڕێگەنەدان بە خزمەتکردنی ژنان وەکو قەشە و واعیز هەن‌. هەندێک کەس قسەکانی پۆڵس وا لێکدەدەنەوە کە ئەو ڕێگە نادات ژنان خه‌ڵكی فێر وشەی خودا بكه‌ن چونکە له‌ سه‌ده‌ی یه‌كه‌مدا ژنان خوێنه‌واریان نه‌بووە. بەڵام (یه‌كه‌م تیمۆساوس ٢: ١١- ١٤) باسی ئاستی خوێنه‌واری نه‌كردووه‌. ئه‌گه‌ر ئاستی خوێنه‌واری یەکێک بووایە لە تایبه‌تمه‌ندییەکانی خزمه‌تكرن‌، ئه‌وا زۆربه‌ی قوتابییانی عیسا شیاوی خزمه‌ت نەده‌بوون! دووه‌م ناڕەزایی کە ڕەخنەگرەکان باسی دەکەن ئەوەیە کە پۆڵس‌ تەنیا ڕێگری له‌ ژنانی شاری ئه‌فه‌سۆس کردووە كه‌ وشەی خودا فێر پیاوان نەکەن (یەکەم نامەی تیمۆساوس بۆ قەشەیەکی ئەفەسۆس بە ناوی تیمۆساوس نووسراوە). ئه‌فسه‌سۆس بەوە بەناوبانگ بوو کە پەرستگای ئەرتەمیسی لێبووە. ‌ژنان له‌و پەرستگایانەدا ده‌سه‌ڵاتی تەواویان هه‌بوو. لەگەل ئەمەشدا لە (یەکەم تیۆمۆساوس)دا بەهیچ جۆرێک ئاماژە بە ئەرتەمیس نه‌كراوە و هەروەها پۆڵسیش لە (یەکەم تیمۆساوس ٢: ١١- ١٢)دا باسی ئەوە ناکات کە کارەکانی شوێنکەوتووانی ئەرتەمیس بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕێگە نەدات ژنان ببنە فێرکەر و قەشە بەسەر پیاوانەوە.

سێیه‌م ناڕه‌زایی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پۆڵس ئاماژە بۆ ژن و مێرد دەکات نەوەک ژن و پیاو بەگشتی. ئەم دەستە لە ناڕەزایان و ڕەخنەگران پێیان وایە لە (یه‌كه‌م تیمۆساوس ٢: ١١- ١٤)دا "ژن" و "پیاو" دەکرێت مەبەستی لە ژن و مێرد بێت بەڵام مەبەستی سەرەکی ئەم وشانە لەوە فراوانترە. ئەوەتا هه‌مان وشه‌ی یۆنانی له‌ (یەکەم تیمۆساوس ٢: ٨- ١٠)دا بەکارهاتووە. ئایا تەنیا پیاوان دەبێت دەستی پاکیان بێ تووڕەیی و مشتومڕ بەرزبکەنەوە(ئایەتی ٨)؟ یان ئایا تەنیا ژنان دەبێت جلوبەرگی شیاو لەبەربکەن و کرداریان باش بێت و بانگەشەی خواترسی بکەن (ئایەتی ٩- ١٠)؟ بێگومان نەخێر! (ئایەتی ٨- ١٠) ڕوونە کە باسی لە ژن و پیاو بەگشتی دەکات، نه‌ك ته‌نیا ژن و مێرد. لە (ئایەتی ١١- ١٤) هیچ شتێك نیه‌ كه‌وا دەریبخات ئەم دەقە تەنیا ئاماژە بە ژن و مێرد دەکات.

ناڕه‌زایی و ڕەخنەیەکی دیکەی بەربڵاو لە بابەتی خزمه‌تكردنی ژن وه‌كو فێرکەر و قه‌شه‌ ئەوەیە کە له‌ كتێبی پیرۆزدا‌ چەندین ژنی وەکو دەڤۆرا، و حولدا و مریه‌م پلە و پایەی بەرزی بەڕێوەبردن و فەرمانڕەواییان هەبووە. ڕاستە کە ئەم ژنانە لەلایەن خوداوە بۆ خزمه‌تكردنی تایبه‌ت به‌ ئه‌و هەڵبژێردراون و ئه‌وان لە باوه‌ڕ و بوێری و فەرمانڕەواییدا نموونە بوون؛ بەڵام ده‌سه‌ڵاتی ژنان له‌ په‌یمانی كۆندا په‌یوه‌ندی نییە‌ به‌ بابه‌تی خزمه‌تی کەنیسەوە. نامەکانی پەیمانی نوێ هێڵکارییەکی نوێ پێشکەشی گەلی خودا دەکەن ئەویش بریتییە لە کەنیسە (جه‌سته‌ی مەسیح). ئەو هێڵکارییە شێوازێکی تایبەتی بەڕێوەبردنی هەیە، پەیوەندی نییە بە گەلی ئیسراییل یان نەتەوەکانی دیکەی پەیمانی کۆنەوە.

ڕەخنەگرەکان لەسەر هەمان شت ڕەخنە دەگرن کە لە پەیمانی نوێشدا نموونەی وەکو پریسکیلا و فیبیمان هەیە. له‌ (كرداری نێردراوان ١٨)دا، پریسکیلا و ئەكیلا وەکو خزمەتکاری دڵسۆز ناویان هاتووە. ناوی پریسکیلا یه‌كەم‌ جار ئاماژه‌ی پێكراوه، له‌وانه‌یه‌ ئه‌مه‌ دەرخەری ئه‌وه ‌بێت كه‌ ئه‌و پلەی خزمەتی لە ئەکیلای مێردی بڵندتر بووبێت. ئایا پریسکیلا و مێرده‌كه‌ی ئینجیلی عیسای مه‌سیحیان فێری ئەپۆلۆس دەکرد؟ به‌ڵێ، له‌ ماڵه‌كه‌ی خۆیاندا "ڕێگای خودایان دروستتر بۆ ڕوونكرده‌وه‌" (کرداری نێردراوان ١٨: ٢٦). ئایا هەرگیز كتێبی پیرۆز وتوویه‌تی كه‌ پریسکیلا قه‌شه‌ی کەنیسە بووە یان لەبەردەم خەڵکێکی زۆر لە شوێنه‌ گشتیه‌كاندا باسی وشەکانی خودای کردووە، یان بووه‌ته‌ سه‌ركرده‌ی ڕۆحی کۆمەڵەی پیرۆزکراوان؟ بێگومان نه‌خێر. ئەوەندەی ئێمە بزانین، پریسکیلا لە خزمەتێکدا چالاک نەبووە کە دژی فێرکردنەکەی پۆڵس بێت کە لە (یەکەم تیمۆساوس ٢: ١١- ١٤)دا ئاماژەی پێکردووە.

له‌ (ڕۆما ١٦: ١)دا، فیبی بە "خزمه‌تكاری کەنسیە" ناوی هاتووە و پۆڵس ڕێزێکی تایبەتی لێگرتووە. به‌ڵام هه‌روه‌كو پریسکیلا، فیبیش لە کتێبی پیرۆزدا باس نەکراوە کە قەشە یان واعیزی پیاوانی کەنیسە بووبێت. "توانای فێركردن" یان دەسەڵاتی وتنەوەی وشەی خودا، وەکو تایبەتمەندییەکی پیران بووە، نەوەک خزمەتکارەکان" (یه‌كه‌م تیمۆساوس ٣: ١- ١٣، تیتۆس ١: ٦- ٩).

پێکهاتەی (یه‌كه‌م تیمۆساوس ٢: ١١- ١٤) به‌ ڕوونی پێمان دەڵێت کە بۆچی ژنان ناتوانن ببنه‌ قه‌شه و واعیزی کەنیسەکان. (ئایەتی ١٣) به‌ وشه‌ی "چونکە" ده‌ستپێده‌كات؛ هۆکاری (ئایەتی ١١ و ١٢ ڕووندەکاتەوە. بۆچی نابێت ژن خه‌ڵكی فێربكه‌ن یان ده‌سه‌ڵاتیان به‌سه‌ر پیاواندا هه‌بێت؟ چونكه‌ یه‌كه‌م جار ئاده‌م شێوه‌ی كێشرا، ئینجا حه‌وا، هه‌روه‌ها ئاده‌م هه‌ڵنه‌خڵه‌تا، به‌ڵكو حەوا هه‌ڵخڵه‌تا و كه‌وته‌ گوناهه‌وه‌" (ئایەتی ١٣- ١٤). خودا یه‌كه‌م جار ئاده‌می دروست كرد، دواتر حه‌وای دروستكرد تا ببێته‌ "یارمه‌تیده‌ر"ی ئاده‌م. هەمان شکڵ و ڕەوتی بەدیهێنان لە گەشەکردنی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و بنیاتی خێزان (ئەفەسۆس ٥: ٢٢- ٢٣) و لە کەنیسەشدا جێبەجێ دەکرێت. هەڵخڵەتاندنی حەوا هۆکاریکی دیکەیە لەوەی کە ژن نابێت ببێتە قەشە و ده‌سه‌ڵاتی رۆحی به‌سه‌ر پیاودا هه‌بێت. ئەم لێکدانەوەیە زۆر کەسی قایل کردووە کە نابێت ژنان ببنە قەشە چونکە لەوانەیە زووتر شەیتان فێڵیان لێبکات. ئەمە بەڕاستی جێگەی مشتومڕە؛ ئەگەر بەڕاستی ژنان خێرا و بەئاسانی فێڵیان لێدەکرێت و هەڵدەخڵەتێنرێن، بۆچی رێگه‌یان پێدراوه‌ منداڵا‌ن په‌روه‌رده‌ بكه‌ن (کە زۆر ئاسانتر فێڵیان لێده‌كرێت) یان ببنە مامۆستا و فێرکەری ژنانی دیکە (بەپێی هەمان گریمانە، ئەوکات زۆر به‌ ئاسانتر فێڵیان لێده‌كرێت)؟ وەڵامی ئەمە لە دەقی کتێبی پیرۆزدایە کە دەڵێت ژن ناتوانێت خزمه‌تی قەشەیی و واعیزی بەسەر پیاوانەوە بکات یان ناتوانێت ده‌سه‌ڵانی رۆحی به‌سه‌ر پیاواندا هه‌بێت چونكه‌ حه‌وا فێڵی لێكرا. لەئەنجامدا خودا دەسەڵاتی تەواوی کەنیسەی بە پیاو سپارد.

زۆربەی ژنان توانا و بەهرەی تایبەتیان هەیە لە بەزەیی و میهرەبانی و به‌خشنده‌یی‌، پەروەردەکردن، مزگێنیدان و هاوکاریکردن. خزمه‌تێکی زۆری کەنسیەکان پشت به‌ ژنان ده‌به‌ستن. ژنان لە کەنیسەدا لە نوێژ و ڕاگەیاندنی وشەی یەزداندا ڕێگرییان لێنه‌كراوه‌ (یه‌كه‌م کۆرنسۆس ١١: ٥) بەڵکو تەنیا ڕێگرییان لێکراوە لەوەی کە دەسەڵاتی ڕۆحییان به‌سه‌ر پیاواندا هەبێت. كتێبی پیرۆز له‌ هیچ شوێنێكدا ڕێگری له‌ ژنان نه‌كردووه‌ له‌ وەرگرتن و بەکارهێنانی دیاری و بەهرەکانی رۆحی پیرۆز (یه‌كه‌م کۆرنسۆس ١٢). ژنانیش به‌ هه‌مان ئەندازەی پیاوان بانگكراون بۆ خزمەتکردنی کەسانی دیکە و دەرخستنی بەرووبومی ڕۆحی (گەلاتیا ٥: ٢٢) و ڕاگەیاندنی پەیامی ئینجیل بۆ ونبووان.

خودا بڕیاریدا كه‌ پیاو لە کەنیسەدا دەسەڵاتی بڵندی ڕۆحی هەبێت. ئەمە لەبەرئەوە نییە کە پیاوان فێرکارێکی باشترن یان ژنان کەمترن و زیره‌ك نین. تەنیا لەبەر ئەوەیە کە ئه‌مه‌ نەخشە و بەرنامەی یەزدانە بۆ شێوازی بەڕێوەبردنی کەنیسە. وا دانراوە کە پیاوان لەڕێگەی ژیان و وتەکانیانەوە نموونەی ڕابەری ڕۆحی بن. ژنان ڕۆڵ و دەوری‌ کەمتری ڕه‌سمییان هەیە بەڵام هاندراون و پشتگیرییان دەکرێت کە ژنانی دیکە فێربکەن (تیتۆس ٢: ٣- ٥). كتێبی پیرۆز ژنانی لە په‌روه‌رده‌كردنی منداڵدا سنوردار نه‌كردووه. ته‌نها ڕێگری دەکات لەوەی کە ببنە قەشە و ده‌سه‌ڵاتی ڕۆحییان به‌سه‌ر پیاواندا هەبێت. بەهیچ جۆرێک قه‌ده‌غه‌كردنی ژنان له‌ خزمه‌تكردن وه‌كو قه‌شه‌ نابیتە هۆکاری ئەوەی کە قەدر و ڕێز و پلەوپایەی ژن کەمتر بێتەوە و بەڵکو دەبێتە هۆی ئەوەی کە لە بوارێکدا خزمەت بکەن کە خودا ئەوانی بەتایبەتی بۆ درووست کردووە.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



ئایا ژنان دەتوانن ببنە قەشە و واعیز؟ کتێبی پیرۆز چۆن باسی بەشداری ژنان لە خزمەتە مەسیحییەکاندا دەکات؟