settings icon
share icon
پرسیار

ئایا دوای مەرگ ژیان هەیە؟

وه‌ڵام


کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت، "مرۆڤی له‌دایكبوو له‌ ژن ڕۆژگاری كه‌مه‌ و چه‌رمه‌سه‌ری زۆره. وه‌ك گوڵ ده‌پشكوێت و پاشان سیس ده‌بێت، وه‌ك سێبه‌ر ده‌ڕوات و ناوه‌ستێت. ئه‌گه‌ر پیاوێك بمرێت، ئایا زیندوو ده‌بێته‌وه‌؟" (یاقوب ١٤: ١- ٢، ١٤).

هەروەکو یاقوب، ئەم پرسیارە مێشکی هەموومانی بە خۆیەوە سەرقاڵ کردووە. هەر بەڕاست، دوای مردن چیمان بەسەردێت؟ ئایا بەم سادەییە دەمرین و تەواو؟ ئایا دووبارە دەگەڕێینەوە سەر زەوی تاوەکو شتی باشتر بەدەستبێنین؟ ئایا هەمووان دەچینە یەک شوێن، یان دەڕۆین بۆ شوێنی جیاواز؟ ئایا بەڕاستی شتێک بە ناو بەهەشت و جەهەنەم بوونی هەیە، یان تەنها خەیاڵێکی ناو مێشکمانە و هیچی دیکە؟

کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت نەک تەنیا ژیان لە دوای مردن بوونی هەیە بەڵکو ژیانی ئەزەلی و جاویدانی بوونی هەیە کە ئەوەندە شکۆدارە "هیچ چاوێك نه‌یبینیوه‌، هیچ گوێیه‌ك نه‌یبیستووه‌ و به‌ بیری مرۆڤدا نه‌هاتووه‌ ئه‌وه‌ی خودا ئاماده‌ی كردووه‌ بۆ ئه‌وانه‌ی خۆشیان ده‌وێت" (یەکەم کۆرنسۆس ٢: ٩). عیسای مەسیح کە خودایە لە جەستەدا، هاتە سەر زەوی تاکو دیاری ژیانی ئەزەلی و جاویدانیمان پێببەخشێت. "به‌ڵام ئه‌و له‌به‌ر یاخیبوونه‌كانمان بریندار بوو، له‌به‌ر تاوانه‌كانمان وردوخاشكرا. ئه‌و له‌ پێناوی ئاشتبوونه‌وه‌ی ئێمه‌ سزای چێژت، به‌ برینه‌كانی ئه‌و چاك بووینه‌وه‌" (ئیشایا ٥٣: ٥).

ئەو سزایەی کە یەک بە یەکی ئێمە دەبوا بمانچێژتبا، عیسای مەسیح بە ئەستۆی گرت و ژیانی خۆی کردە قوربانی. دوای سێ رۆژ، سەرکەوتنی خۆی بەسەر مردندا راگەیاند و بە رۆح و جەستە لە نێو مردووان هەستایەوە. پاشان چل رۆژ لەسەر زەوی مایەوە و پێش ئەوەی بەرەو ماڵی هەمیشەیی لە ئاسمان بەرزبکرێتەوە لە لایەن هەزاران کەسەوە بینرا. (رۆما ٤: ٢٥) دەڵێت، "ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی گوناهه‌كانمان به‌ گرتن درا و له‌ پێناوی بێتاوانكردنمان هه‌ڵستێنرایه‌وه‌."

هەستانەوەی مەسیح لە نێو مردووان رووداوێکە بە چەندین بەڵگەوە. پۆڵۆسی نێردراو هەموو کەسێکی سەرپشک کرد کە بڕۆن و لە رێگەی ئەو کەسانەی کە مەسیحیان بینینوە راستودروستی هەستانەوەی مەسیح بخەنە ژێر پرسیارەوە، بەڵام هیچ کەسێک نەیتوانی راستی هەستانەوەی مەسیح رەتبکاتەوە. لەبەرئەوەی مەسیح لە نێو مردووان هەستایەوە، دەتوانین ئیمان و باوەڕمان بەوە هەبێت کە ئێمەش دوای مردن زیندوو دەبینەوە.

هەندێک لە مەسیحییە سەرەتاییەکان باوەڕیان بە هەستانەوەی مەسیح نەبوو، پۆڵۆسی نێردراو بەم شێوەیە ئامۆژگارییان دەکات و دەڵێت: "به‌ڵام ئه‌گه‌ر جاڕده‌درێت كه‌ مه‌سیح له‌نێو مردووان هه‌ڵستێنرایه‌وه‌، ئیتر چۆن هه‌ندێكتان ده‌ڵێن كه‌ هه‌ڵستانه‌وه‌ له‌نێو مردووان نییه‌؟ ئه‌گه‌ر هه‌ڵستانه‌وه‌ له‌نێو مردووان نه‌بێت، ته‌نانه‌ت مه‌سیحیش هه‌ڵنه‌ستێنراوه‌ته‌وه‌" (یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ١٢- ١٣).

عیسای مەسیح نۆبەری ئەو کەسانەیە کە دووبارە زیندوو دەکرێنەوە. مردنی جەستەیی لە کەسێکەوە هات بە ناوی ئادەم، کە هەموومان نەوەی ئەوین. بەڵام هەموو ئەوانەی لە رێگەی باوەڕ و ئیمان بە عیسای مەسیح هاتوونەتە ناو خێزانی خودا، ژیانی نوێیان پێدەبەخشرێت (یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ٢٠- ٢٢). وەک چۆن خودا جەستەی مەسیحی هەستاندەوە و زیندووی کردەوە، بە هەمان شێوە لە کاتی هاتنەوەی مەسیح جەستەی ئێمەش زیندوو دەکرێتەوە (یەکەم کۆرنسۆس ٦: ١٤).

هەرچەندە لە کۆتاییدا هەموومان زیندوو دەکرێینەوە، بەڵام هەموو کەسێک ناڕوات بۆ بەهەشت. هەر یەکێک لە ئێمە دەبێت لەم ژیانەدا بڕیاری خۆی بدات کە دوای مردنی لەم دونیایەدا تاهەتایە بۆ کوێ دەڕوات. کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت کە بۆمان دانراوە تەنها یەک جار بمرین، دوای ئەوە کاتی حوکمدانە (عیبرانییەکان ٩: ٢٧). ئەوانەی کە راستودروستن لە بەردەم خودا، ژیانی ئەزەلییەت و جاویدانی لە بەهەشت بەسەر دەبەن، بەڵام بێباوەڕان دەنێردرێن بۆ سزای هەتاهەتایی یان جەهەنەم (مەتا ٢٥: ٤٦).

جەهەنەم وەکو بەهەشت نییە کە تەنیا وەهم و خەیاڵی مێشکمان بێت، بەڵکو شوێنێکی زۆر راستییە و بوونی هەیە. دۆزەخ ئەو شوێنەیە کە تاوانباران تاهەتایە تەجروبەی توڕەیی ناکۆتای یەزدان دەکەن. تاوانباران لە دۆزەخدا سزای رۆحی و دەروونی و جەستەییان دەدرێت، لە شەرم و خەجاڵەتی و پەشیمانیدا ویژدانیان ئازار دەچێژێت.

لە کتێبی پیرۆزدا دۆزەخ بە چەندین شێوە باسی لێوە کراوە، لەوانە چاڵی بێبن (لوقا ٨: ٣١، ئاشکراکردن ٩: ١)، دەریاچەی ئاگر، کە پڕە لە گۆگرد، تاهەتایە شەو و رۆژ سزای ئەو کەسانە دەدەن کە لەوێن (پەیدابوون ٢٠: ١٠). لە جەهەنەمدا، گریان و جیڕەی ددان دەبیسترێت، واتە توڕەیی زۆر و گریانی بەکوڵ (مەتا ١٣: ٤٢). خودا پێی خۆش نییە کە خراپەکاران بمرن بەڵکو حەزدەکات واز کە خراپە بێنن تاکو بتوانن بژین (حەزقیال ٣٣: ١١). بەڵام ناچاریشمان ناکات کە ملکەچی بین؛ ئەگەر خودا رەتبکەینەوە، ئەوا خودا بە ناچاری ئەو شتەمان پێدەدات کە داوای دەکەین ئەویش بریتییە لە دابڕان لەگەڵ خودا.

ژیانی ئێمە لەسەر زەوی تاقیکردنەوەیە و ئامادەکارییە بۆ ئەو داهاتووەی کە دێت. ئەم داهاتووە بۆ باوەڕداران بریتییە لە ژیانی ئەزەلی و جاویدانی لەگەڵ خودا. ئەی باشە، چۆن راستودروست دەبین و چۆن دەتوانین ئەم ژیانە ئەزەلییە بەدەست بێنین؟ لە وەڵامدا دەتوانم بڵێم تەنها لە یەک رێگەوە دەتوانین؛ ئەویش بریتییە لە باوەڕهێنان و متمانە کردن بە کوڕی خودا، عیسای مەسیح. عیسا دەفەرموێ: "منم هه‌ڵستانه‌وه‌ و ژیان. ئه‌وه‌ی باوه‌ڕم پێ بهێنێت، ئه‌گه‌ر بشمرێت ده‌ژیێته‌وه‌ هه‌روه‌ها هه‌ر كه‌سێك كه‌ زیندووه‌ و باوه‌ڕم پێ بهێنێت، هه‌رگیز نامرێت... " (یۆحەنا ١١: ٢٥- ٢٦).

دیاری بێبەرامبەری ژیانی ئەزەلی و جاویدانی بۆ هەمووانە، بەڵام تەنها ئەو کەسانە دەتوانن ئەم دیارییە وەربگرن کە سامان و ماڵی دونیا پشتگوێ دەخەن و خۆیان وەکو قوربانی پێشکەشی خودا دەکەن. "ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به‌ كوڕه‌كه‌ بهێنێت ژیانی هه‌تاهه‌تایی هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌وه‌ی گوێڕایه‌ڵی كوڕه‌كه‌ نییه‌ ژیان نابینێت، به‌ڵكو تووڕه‌یی خودای له‌سه‌ر ده‌مێنێ" (یۆحەنا ٣: ٣٦). لە دوای مردن دەرفەتی ئەوەمان پێنادرێت کە تۆبە بکەین، کاتێک کە رووبەڕووی خودا دەبینەوە، هیچ رێگەیەکی دیکەمان لەبەردەستدا نابێت جگە لە باوەڕکردن پێی. بەڵام خودا دەیەوێت کە ئێستا ئیمانی پێبێنین و خۆشمان بوێت. ئەگەر ئێمە گیان سپاردن و مردنی مەسیح وەکو باجی گوناهە یاخییەکانمان دژی خودا قبووڵ بکەین، ئەوا بەدڵنیاییەوە نەک تەنها ژیانێکی مانادار و پڕمان لەسەر زەوی بۆ مسۆگەر دەبێت بەڵکو ژیانی ئەزەلی و جاویدانیشمان لەگەڵ مەسیح مسۆگەر دەبێت.

ئەگەر دەتەوێت عیسای مەسیح وەکو رزگارکاری شەخسی خۆت قبووڵ بکەیت، ئەوا دەتوانی ئەم نوێژە بکەیت. له‌ بیرت بێت کە وتنی ئه‌م نوێژە یان هه‌ر نوێژێکی دیکە نابێتە هۆی رزگاریت. ته‌نیا باوەڕ به‌ مەسیح دەتوانێت لە گوناه رزگارت بکات. ئه‌م نوێژە تەنیا رێگایه‌که‌ لە ده‌ربڕینی باوەڕتان به‌ خودا و سوپاس کردنیەتی کە بەخشینی بۆ ئامادە کردوویت‌. "ئەی پەروەردگار، من دەزانم کە گوناهم بەرامبەر کردوویت هەربۆیە شایانی ئەوەم کە سزام بدەیت. بەڵام عیسای مەسیح سزاکەی منی گرتە ئەستۆی خۆی تاکو من بەهۆی باوەڕم لە ئەودا ببەخشرێم. متمانەم پێتە کە رزگارم دەکەیت. زۆر زۆر سوپاس ئەی پەروەردگار بۆ نیعمەت و بەخشینە بێ هاوتاکەت، کە ژیانی جاویدانییە! ئامین!"

ئایا به‌ هۆی خوێندنەوەی ئەم بابەتەوە بڕیارت دا کە لە قوڵایی دڵەوە باوەڕ بە مەسیح بێنیت‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌‌، تکایه، کرتە له‌ سه‌ر ئەم نوسینەی خوارەوە "ئه‌مڕۆ مەسیحم لە ناخی دڵەوە قبووڵ کرد" بکە.
English



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی

ئایا دوای مەرگ ژیان هەیە؟
Facebook icon Twitter icon Pinterest icon Email icon
© Copyright Got Questions Ministries