settings icon
share icon
پرسیار

بۆچی نابێت خۆم بکوژم و کۆتایی بە ژیانم بێنم؟

وه‌ڵام


دڵم زۆر لای ئەو کەسانەیە کە بیر لەوە دەکەنەوە کۆتایی بەژیانی خۆیان بێنن. ئەگەر تۆش یەکێکیت لەو کەسانە ئەوا لەوانەیە هۆکارەکەی بۆ هەستکردن بە بێ ئومێدی و خەمۆکی بگەڕێتەوە. لەوانەیە وا هەست بکەیت کە لەنێو قوڵترین چاڵدایت و پێتوابێت کە بارودۆخت هەرگیز باشتر نابێت. هەروەها وابیر بکەیتەوە کە کەس تۆی بەلاوە گرنگ نییە و ژیان شتێکی بێنرخ و بێمانایە.

دڵشادم کە دەتوانم پێت بڵێم، ئەگەر هەر ئێستا رێگە بدەیت خودا ژیانت بەڕێوە ببات؛ ئەوا بۆت دەسەلمێنێت کە چەندە خودایەکی گەورە و مەزنە! "هیچ شتێک لەلای خودا مەحاڵ نییە" (لوقا ١: ٣٧). لەوانەیە برینەکانی رابردووت کاریگەرییەکی نەرێنی لەسەر ژیانت دانابێت بەوەی کە هەستبکەیت کە کەس تۆی خۆش ناوێت و هەمووان لێت دووردەکەونەوە. ئەمەش لەوانەیە پەلبكێشێت بۆ هەستی دڵ بە خۆسووتان، تووڕەیی، تاڵی، تۆڵەکردنەوە و ترسی ناتەندروست و شتی دیکە. ئەمانە هەمووی دواتر کێشەی زۆر گەورەت لەگەڵ دەوروبەردا بۆ درووست دەکات و دەبێتە هۆی رەنجاندنی خۆشەویستانت.

بۆچی نابێت کۆتایی بە ژیانی خۆت بێنیت؟ هاوڕێی زێدە ئازیز، گرنگ نییە ژیانت چەندە خراپ و وێرانە، گرنگ ئەوەیە کە خودای خۆشەویستی چاوەڕێتە کە رێگەی بدەیت تاکو رینوێنیت بکات لە هاتنەدەرەوەت لە تونێلی تاریکیی بێ هیوایی و هێنانت بۆ ناو رووناکییەکی سەرسوڕهێنەر. ئەو بەدڵنیاییەوە هیوا و ئومێدی تۆیە و ناوی عیسای مەسیحە.

ئەم مەسیحە، کوڕی بێخەوش و بێتاوانی خودا لەکاتی رەتکردنەوە و سووکبوونتدا لەگەڵتە. ئیشایای پێغەمبەر لە (ئیشایا ٥٣: ٢- ٦) دەربارەی مەسیح دەنووسێت: "نه‌ جوانی هه‌بوو و نه‌ پایه‌به‌رزی هه‌تا سه‌رنجمان بۆی بچێت، نه‌ دیمه‌ن هه‌تا ئاره‌زووی بكه‌ین. ڕیسوا و سووك له‌لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه‌، پیاوی ئازار و شاره‌زای ناخۆشی. وه‌ك یه‌كێك خه‌ڵك ڕووی خۆیانی لێ بشارنه‌وه‌، ڕیسوا بوو و به‌ هیچمان نه‌زانی. به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ده‌رده‌كانی ئێمه‌ی هه‌ڵگرت، ئازاره‌كانی ئێمه‌ی برد، ئێمه‌ش وامانزانی له‌لایه‌ن خوداوه‌ گورزی به‌ركه‌وتووه‌، لێی دراوه‌ و زه‌لیله. به‌ڵام ئه‌و له‌به‌ر یاخیبوونه‌كانمان بریندار بوو، له‌به‌ر تاوانه‌كانمان وردوخاشكرا. ئه‌و له‌ پێناوی ئاشتبوونه‌وه‌ی ئێمه‌ سزای چێژت، به‌ برینه‌كانی ئه‌و چاك بووینه‌وه‌. هه‌موو وه‌ك مه‌ڕ بڵاوه‌مان كردووه‌، هه‌ریه‌كه‌ ملی ڕێگای خۆمان گرتووه‌، به‌ڵام یه‌زدان هه‌موو تاوانه‌كانی ئێمه‌ی خسته‌ سه‌ر ئه‌و."

هاوڕێی ئازیز، عیسای مەسیح هەموو ئەوانەی چەشت تاوەکو گوناهەکانی تۆ ببەخشرێت! ئەگەر قورسایی باری تاوان زۆری بۆت هێناوە ئەوا بزانە کە ئەگەر بەوپەڕی بێفیزییەوە تۆبە بکەیت (وازهێنان لە گوناهەکان و گەڕانەوە بۆ لای خودا)، خودا دەتبەخشێت. "له‌ ڕۆژی ته‌نگانه‌دا نزام بۆ بكه‌، ده‌ربازت ده‌كه‌م و شكۆدارم ده‌كه‌یت" (زەبوورەکان ٥٠: ١٥). هیچ کارێکی تۆ بەلای مەسیحەوە ئەوەندە خراپ نییە کە نەتوانێت بتنەخشێت. لە کتێبی پیزۆزدا دەیخوێنینەوە کە هەندێک لە خزمەتکارە پایەبڵندەکانی خودا گوناهی زۆر گەورەیان کردووە، لەوانە؛ موسا کەسێکی کوشت و داود هەم زینای کرد و هەم کەسیشی کوشت و پۆڵس (شاوڵ) ئازاری رۆحی و جەستەی خەڵکی داوە. بەڵام سەرەڕای ئەوەش خودا ئەوانی بەخشی و ژیانێکی نوێ و پڕبەرهەمیان لەگەڵ خودادا دەستپێکرد. "كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ مه‌سیحدا بێت، به‌دیهێنراوێكی نوێیه‌، شته‌ كۆنه‌كان به‌سه‌رچوون، ئه‌وه‌تا بوونه‌ نوێ" (دووەم کۆرنسۆس ٥: ١٧).

بۆچی نابێت کۆتایی بە ژیانی خۆت بێنیت؟ هاوڕێی ئازیز، خودا بەڕاستی ئامادەیە کە ژیانی لەناوچوو و رووخاوی تۆ چاکبکاتەوە. واتە هەمان ئەم ژیانەی ئێستا کە هەتە، ئەوەی کە دەتەوێ بە خۆکوشتن کۆتایی پێبێنیت. لە (ئیشایا ٦١: ١- ٣) دا هاتووە: "ڕۆحی یه‌زدانی باڵاده‌ستم له‌سه‌ره‌، چونكه‌ یه‌زدان ده‌ستنیشانی كردووم بۆ موژده‌دان به‌ هه‌ژاران. منی ناردووه‌ بۆ دڵدانه‌وه‌ی دڵشكاوه‌كان، بۆ جاڕدانی ئازادی بۆ ڕاپێچكراوه‌كان و به‌ڕه‌ڵاكردنی دیله‌كان، بۆ ڕاگه‌یاندنی ساڵی ڕه‌زامه‌ندی یه‌زدان و ڕۆژی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی خودامان، بۆ دڵنه‌واییكردنی هه‌موو پرسه‌داره‌كان. ناردوومی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ پرسه‌داره‌كانی سییۆن ببه‌خشم تاجێكی جوان له‌ جێی خۆڵه‌مێش، زه‌یتی دڵخۆشی له‌ جێی پرسه‌، هه‌روه‌ها به‌رگی ستایش له‌ جێی ڕۆحی وره‌به‌ردان. جا پێیان ده‌گوترێت دار به‌ڕووی ڕاستودروستی، نه‌مامی یه‌زدان بۆ ده‌رخستنی شكۆمه‌ندییه‌كه‌ی."

وەرە بۆ لای مەسیح و رێگەی پێبدە کە شادی و خۆشی و بەهرەداریت بۆ بگەڕێنێتەوە. رێگەی پێبدە کە بێت و کاری نوێ لە ژیانتدا بکات. "شادی ڕزگاری خۆتم پێ‌ بده‌وه‌، به‌ ڕۆحێكی خۆویستانه‌ پشتگیریم بكە، ئه‌ی په‌روه‌ردگار، لێوه‌كانم لێك بكه‌ره‌وه‌ و ده‌مم ستایشت ڕابگه‌یه‌نێت. تۆ به‌ قوربانی دڵشاد نابیت، ئه‌گینا پێشكه‌شی ده‌كه‌م، به‌ قوربانی سووتاندن ڕازی نابیت. قوربانییه‌كان بۆ خودا ڕۆحی شكاوه‌، ئه‌ی خودایه‌، تۆ به‌ سووكییه‌وه‌ ته‌ماشای دڵی شكاو و وردوخاشكراو ناكه‌یت" (زەبوورەکان ٥١: ١٢، ١٥- ١٧).

ئایا مەسیح وەکو رزگارکار و شوانی خۆت قبووڵ دەکەیت؟ ئەو لەژێر رۆشنایی وشەکانیدا، بیر و هزر و هەنگاوەکانت رێنوێنی دەکات. "فێرت ده‌كه‌م و ڕێنماییت ده‌كه‌م بۆ ئه‌و ڕێگایه‌ی كه‌ ده‌بێت پێیدا بڕۆیت، ئامۆژگاریت ده‌كه‌م و چاودێریت ده‌كه‌م" (زەبوورەکان ٣٢: ٨). "ده‌وڵه‌مه‌ندی ڕزگاری، دانایی و زانین ده‌بنه‌ مایه‌ی دڵنیای كاته‌كانت. له‌خواترسی كلیلی ئه‌و گه‌نجینه‌یه‌" (ئیشایا ٣٣: ٦). لەگەڵ مەسیح بێکێشە نابیت، بەڵام ئەو کات دەزانی کە ئومێد و هیوات هەیە. "پیاو براده‌ری زۆر بێت خۆی گرفتار ده‌كات، به‌ڵام دۆستێك هه‌یه‌ له‌ برا نزیكتره‌" (پەندەکانی سلێمان ١٨: ٢٤). نزا دەکەم کە نیعمەتی عیسای مەسیحی باڵادەست لەکاتی سەختی بڕیاردانتدا لەگەڵت بێت.

ئەگەر حەزدەکەیت عیسای مەسیح وەکو رزگارکاری خۆت قبووڵ بکەیت ئەوا دەتوانیت لە ناخی دڵتەوە ئەم نوێژە بۆ خودا بەرز بکەیتەوە: "پەروەردگار، لە ژیانمدا پێویستم پێتە. تکایە بمبەخشە و لە گوناهەکانم خۆشبە. من ئیمان و باوەڕ بە مەسیح دێنم و وەکو رزگارکاری خۆمی قبووڵ دەکەم. تکایە، پاکم بکەوە، زامەکانم ساڕێژ بکە و چاکم بکەوە و خۆشی ژیانم بۆ بگێڕەوە. زۆر زۆر سوپاس بۆ خۆشەویستییەکەت، هەروەها زۆر سوپاسگوزارم کە عیسای مەسیح لەپێناوی من گیانی سپارد."

ئایا به‌ هۆی خوێندنەوەی ئەم بابەتەوە بڕیارت دا کە لە قوڵایی دڵەوە باوەڕ بە مەسیح بێنیت‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌‌، تکایه، کرتە له‌ سه‌ر ئەم نوسینەی خوارەوە "ئه‌مڕۆ مەسیحم لە ناخی دڵەوە قبووڵ کرد" بکە.
English



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی

بۆچی نابێت خۆم بکوژم و کۆتایی بە ژیانم بێنم؟
Facebook icon Twitter icon Pinterest icon Email icon
© Copyright Got Questions Ministries