وەکو مەسیحییەک چۆن دەتوانم لە ژیانمدا بەسەر گوناهدا زاڵ بم؟



پرسیار: وەکو مەسیحییەک چۆن دەتوانم لە ژیانمدا بەسەر گوناهدا زاڵ بم؟

وه‌ڵام:
کتێبی پیرۆز سەرچاوەیەلێکمان پێدەناسێنێت کە لەڕێگەیانەوە دەتوانین بەسەر گوناهەدا زاڵ بین.

1. رۆحی پیرۆز: یەکێک لەو نیعمەتانەی کە خودا بە ئێمە (کەنیسە)ی بەخشیوە تاکو بتوانین وەکو مەسیحییەکی سەرکەوتوو بژین بریتییە لە رۆحی پیرۆز. یەزدان لە (گەلاتیە ٥: ١٦- ٢٥) بەراورد لەنێوان کارەکانی جەستە و بەرهەمی رۆح دەکات. لەم ئایەتەدا ئێمە بانگکراوین تاکو لە رۆحدا بژین. هەموو شوێنکەوتووانی مەسیح رۆحی پیرۆزیان هەیە، بەڵام ئەم دەقە پێمان دەڵێت کە لەگەڵ رۆحی پیرۆزدا هەنگاو بنێین و خۆمان بدەینە دەست ئەو. ئەمەش واتای ئەوەیە کە لەجێی داواکاری جەستەمان بەبەردەوامی دەبێت شوێن داواکارییەکانی رۆحی پیرۆز بکەوین.

ئەو جیاوازییەی کە رۆحی پیرۆز دەتوانێت لە ژیانی باوەڕدا ئەنجامی بدات، لە نموونەی ژیان پەترۆسی قوتابیدا زۆر جوان روون کراوەتەوە. پەترۆس پێش ئەوەی پڕبێت لە رۆحی پیرۆز، سێ جار ئینکاری لە ناسینی مەسیح کرد؛ ئەوەمان بیرنەچێت کە پەترۆس بە مەسیحی وتبوو تا ئاستی مردنیش لەگەڵی دەبێت. بەڵام دوای پڕبوونی لە رۆحی پیرۆز، لە رۆژی پەنجایەمیندا (پەنجا رۆژ دوای جەژنی پەسخە)، بە ئاشکرا و بەوپەڕی توانایەوە باسی مزگێنی مەسیحی بۆ جوولەکەکان کرد.

هەنگاونان لە رۆحدا واتە کەسی باوەڕدار نابێت رێنمایی خودا پشتگوێ بخات، (یەکەم تسالۆنیکی ٥: ١٩) ئەمە بە "کوژاندنەوەی رۆح" ناودەبات؛ لەبەرامبەردا هەوڵ دەدات کە پڕ بێت لە رۆح (ئەفەسۆس ٥: ١٨- ٢١). باوەڕدار چۆن دەتوانێت پڕبێت لە رۆحی پیرۆز؟ پێش هەموو شتێک ئەوە خودایە کە بڕیار دەدات، هەروەک چۆن لە پەیمانی کۆنیشدا هەبوو. خودا چەند کەسێکی هەڵدەبژارد و پڕی دەکردن لە رۆحی پیرۆز تاکو ئەو کارانەی کە دەیویست لەڕێگەی ئەوانەوە ئەنجامی بدات (پەیدابوون ٤١: ٣٨، دەرچوون ٣١: ٣، سەرژمێری ٢٤: ٢، یەکەم ساموێل ١٠: ١٠). لە (ئەفەسۆس ٥: ١٨- ٢١) و (کۆلۆسی ٣: ١٦) دا بەڵگەمان هەیە کە خودا ئەو کەسانە پڕدەکات لە رۆح کە خۆیان بە وشەی خودا تەیار و پڕکردووە. ئەمە بەرەو سەرچاوەی دووەممان دەبات.

2. وشەی خودا: کتێبی پیرۆز لە (دووەم تیمۆساوس ٣: ١٦- ١٧) دا پێمان دەڵێت کە خودا وشەی خۆی پێبەخشیوین تاکو تەیارمان بکات بۆ هەموو کارێکی باش. وشەی خودا فێرمان دەکات کە چۆن بژین و باوەڕمان بە چی هەبێت، هەرکاتێک رێگەی هەڵەمان گرت، ئاگادارمان دەکاتەوە و یارمەتیمان دەدات لە گەڕانەوەمان بۆ رێگەی راست و مانەوە لەسەر رێگە راستەکە. (عیبرانییەکان ٤: ١٢) پێمان دەڵێت کە وشەی خودا زیندوو و بەهێزە و توانای ئەوەی هەیە بچێتە قوڵایی دڵمان و بەسەر گەورەترین تاوان و هەڵسوکەوتی هەڵەدا زاڵبێت. لە (زەبوورەکان ١١٩) زەبوورنووس باسی هێز و توانای کتێبی پیرۆز دەکات لە گۆڕینی ژیانی مرۆڤەکاندا. هۆشەع ئاگادار کرایەوە کە رەمزی سەرکەوتنی بەسەر دوژمنانیدا ئەوەیە کە وشەی خودا لەبیر نەکات و شەو و رۆژ لێی ڕابمێنێت و ملکەچی بێت. هۆشەع رێک ئەوەی کرد کە پێی وترا، هەرچەندە ئەوەی کە خودا فەرمانی کردبوو لە رووی یاسای جەنگەوە لەوانەیە بێواتا بێت بەڵام لەڕاستیدا ئەوە کلیلی سەرکەوتنی بوو لە جەنگی زەوی بەڵێن پێدراودا.

بەشێوەیەکی گشتی ئێمە وەکو سەرچاوەیەکی گرنگ سەیری کتێبی پیرۆز ناکەین. زۆربەی جار لەگەڵ خۆمان دەیبەین بۆ کەنیسە یان رۆژانە ئایەتێکی یان بەشێکی دەخوێنینەوە، بەڵام لەبەریان ناکەین و بیریان لێناکەینەوە یان لە ژیانماندا ئەو ئایەتانە جێبەجێ ناکەین. دان بەو گوناهانەدا نانێین کە بۆمان دەردەخات یان ستایشی خودا ناکەین بۆ ئەو دیارییانەی کە لەڕێگەی وشەکانییەوە بۆمان دەردەخات. ناوبەناو لە کاتی تەرخانکراوی خوێندنی کتێبی پیرۆزدا تووڕەین و دەروونمان نائارامە. تەنها ئەوەندە وشەی خودا دەخۆین (وەردەگرین) کە لەڕووی رۆحییەوە لە برسا نەمرین و بە زیندوویی بمێنینەوە (بەڵام هەرگیز ئەوەندە ناخۆین کە ببینە مەسیحییەکی سەلامەت و گەشەکردوو)، یان ئەوەتا زۆر دەخۆین بەڵام هەرگیز ئەوەندە لێی رانامێنین و لێی وردنابینەوە کە بەرهەمی رۆحی لێوەربگرین.

ئەگەر تا ئێستا رۆژانە وشەی خودا ناخوێنیتەوە و لەبەری ناکەیت، ئەوا زۆر گرنگە و پێویستە خوێندنەوە و وردبووەنەوە و لەبەرکردنی ئایەتەکانی کتێبی پیرۆز بکەیتە عادەتێکی رۆژانە. هەندێک پێیان باشە کە ئەو شتانەی کە رۆژانە فێری دەبن لە دەفتەرێکدا بنووسنەوە. بیکە بە عادەت ئەو ئایەتە بەجێمەهێڵە کە دەیخوێنیتەوە تاوەکو ئەو شتە نەنووسیت کە لێوەی فێربوویت. کاتێک خودا لەڕێگەی وشەکانییەوە خاڵی تاریکی ژیانم بۆ دەردەخات، ئەوا من لەپێناو گۆڕینیان نوێژ بۆ خودا بەرزدەکەمەوە و زۆربەی کات ئەو نوێژانە لە دەفتەردا دەنووسمەوە. کتێبی پیرۆز ئامرازێکە کە رۆح لە ژیانماندا بەکاری دێنێت (ئەفەسۆس ٦: ١٧)، کتێبی پیرۆز بەشی سەرەکی ئەو چەکەیە کە خودا پێی بەخشیوین تاوەکو لە جەنگی رۆحیدا بەکاریبهێنین (ئەفەسۆس ٦: ١٢- ١٨).

3. نوێژ (دۆعا): ئەمە یەکێکی دیکەیە لەو سەرچاوە گرنگانەی کە خودا بۆی دابین کردووین. نوێژیش وەکو زۆربەی سەرچاوەکانی دیکە، مەسیحییەکان قسەی زۆری لەسەر دەکەن و کەم بەکاری دەهێنن. ئێمەی مەسیحی باسی کۆبوونەوەی نوێژ و خزمەتی نوێژ و هتاد، دەکەین بەلام هەرگیز وەکو کەنیسە سەرەتاییەکان نوێژ بەکارناهێنین (کرداری نێردراوان ٣: ١، ٤: ٣١، ٦: ٤، ١٣: ١- ٣). پۆڵسی نێردراو بەردەوام باسی کردووە کە چۆن نوێژی کردووە بۆ ئەوانەی کە خزمەتی کردوون. خودا پەیمانی زۆر ناوازە و سەرسوڕهێنەری لەمەڕ نوێژەوە پێداوین (مەتا ٧: ٧- ١١، لوقا ١٨: ١- ٨، یۆحەنا ٦: ٢٣- ٢٧، یەکەم یۆحەنا ٥: ١٤- ١٥)، هەروەها پۆڵس نوێژیشی بۆ خودا بەرزکردوەتەوە لەبارەی ئامادەکاری بۆ جەنگە رۆحییەکان (ئەفەسۆس ٦: ١٨).

ئایا نوێژ چەندە گرنگە بۆ زاڵبوون بەسەر گوناهەدا؟ کاتێک بیر لە وتەکانی مەسیح دەکەینەوە کە لە باخی گەتسیمانی بە پەترۆسی وت؛ پێش ئەوەی پەترۆس ئینکاری لە ناسینی مەسیح بکات. کاتێک مەسیح نویژی دەکرد پەترۆسی خەوی لێکەوتبوو، مەسیح پەترۆسی لەخەو هەستاند و پێی فەرموو: "شه‌واره‌ بگرن و نوێژ بكه‌ن، نه‌وه‌ك تاقی بكرێنه‌وه‌. چونكه‌ ڕۆح چالاكه‌، به‌ڵام جه‌سته‌ لاوازه‌" (مەتا ٢٦: ٤١). ئێمەش وەکو پەترۆس دەمانەوێت ئەو شتەی کە دروستە ئەنجامی بدەین، بەڵام هێز و توانایمان نییە. پێویستە ملکەچی خودا بین و بەردەوام بگەڕێین و لە دەرگا بدەین و پرسیار بکەین، ئەگەر وامان کرد ئەوکات خودا ئەو توانایەمان پێدەبەخشێت کە پێویستمان پێیەتی (مەتا ٧: ٧). من ناڵێم کە نوێژ شتێکی جادووییە. نوێژ واتە داننان بە سنوورداری خۆمان و هێزی بێسنووری خودا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەم دوو راستییە، لە نوێژدا ئێمە بۆ لای خودا دەگەڕێینەوە و داوا لەو دەکەین تاوەکو بۆ ئەنجامدانی ویست و ئیرادەکەی بەهێزمان بکات (یەکەم یۆحەنا ٥: ١٤- ١٥).

4. کەنیسە: کۆتا سەرچاوەمان بریتییە لە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵی باوەڕداران. کاتێک مەسیح قوتابییەکانی نارد بۆئەوەی مزگێنی بدەن، دوو دوو ئەوانی نارد (مەتا ١٠: ١). مزگێنیدەرەکان کە لە سیپارەی کرداری نێردراوان باسکراوە، بە تەنیا نەڕۆیشتن بۆ مزگێنیدان، بەڵکو دووان یان زیاتر پێکەوە دەڕۆیشتن. مەسیح لە (مەتا ١٨: ٢٠) دا دەفەرموێت: " له‌ هه‌ركوێیه‌ك دوو یان سێ كه‌س به‌ ناوی منه‌وه‌ كۆببنه‌وه‌، من له‌وێ له‌نێوانیاندا ده‌بم." هەروەها خودا لە (عیبرانییەکان ١٠: ٢٤) دا فەرمانی پێکردووین: "با ئاگاداری یه‌كتری بین بۆ هاندان له‌سه‌ر خۆشه‌ویستی و كاری چاك. با واز له‌ كۆبوونه‌وه‌كانمان نه‌هێنین، وه‌ك هه‌ندێك له‌سه‌ری ڕاهاتوون، به‌ڵكو یه‌كتری هانبده‌ین." هەروەها دەفەرموێت: "بۆیه‌ بۆ یه‌كتری دان به‌ گوناهه‌كانتان بنێن، نوێژ بۆ یه‌كتری بكه‌ن تاكو چاكببنه‌وه‌. نوێژی مرۆڤی ڕاستودروست زۆر به‌هێز و كاریگه‌ره" (یاقوب ٥: ١٦). لە ئەدەبیاتی دانایانەی پەیمانی کۆندا هاتووە: "ئاسن به‌ ئاسن تیژ ده‌كرێت و مرۆڤیش ڕووی براده‌ره‌كه‌ی تیژ ده‌كات" (پەندەکانی سلێمان ٢٧: ١٧). لە ژمارەدا هێز هەیە (ژیرمەندی ٤: ١١- ١٢).

زۆر لە مەسیحییەکان بۆیان دەرکەوتووە کە هەبوونی هاوڕێیەکی دڵسۆزی مەسیحی دەتوانێت یارمەتییەکی گەورە بێت لە زاڵبوون بەسەر گوناهەکانیاندا. هاوڕێیەک قسەت لەگەڵ بکات، نوێژت لەگەڵ بکات، هانت بدات و تەنانەت سەرزەنشتت بکات ئەگەر هەڵەیەکت کرد. وەک دەزانن هەموومان تاقیدەکرێینەوە (یەکەم کۆرنسۆس ١٠: ١٣).

هەندێ کات سەرکەوتن بەسەر گوناهەدا خێرا روودەدات، بەڵام هەندێ کاتیش سەرکەوتن زۆر لەسەرخۆ دەبێت. خودا پەیمانی پێداوین لەکاتی بەکارهێنانی ئەم سەرچاوانە لە ژیانماندا، ئەو بەشێوەیەکی بەردەوام و نەبڕاوە ژیانمان دەگۆڕێت. هیچ کاتێک ئەوەت لەبیر نەچێت کە خودا هەرگیز پەیمانەکانی پشتگوێ ناخات و بەدڵنیاییەوە جێبەجێیان دەکات.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



وەکو مەسیحییەک چۆن دەتوانم لە ژیانمدا بەسەر گوناهدا زاڵ بم؟