ڕوانگەی كتێبی پیرۆز چییە لەسەر خاڵکوتان (تاتو) و كونكردنی جه‌سته‌؟



پرسیار: ڕوانگەی كتێبی پیرۆز چییە لەسەر خاڵکوتان (تاتو) و كونكردنی جه‌سته‌؟

وه‌ڵام:
شەریعەتی په‌یمانی كۆن فەرمان بە ئیسراییله‌كان دەکات: "بۆ مردوو خۆتان بریندار مه‌كه‌ن، نه‌خش له‌ له‌شی خۆتان مه‌كوتن، من یه‌زدانم" (لێڤییەکان ١٩: ٢٨). هه‌رچه‌نده باوه‌ڕدارانی مەسیح له‌ ژێر شەریعەتی پەیمانی کۆندا نین (رۆما ١٠: ٤، گەلاتیا ٣: ٢٣- ٢٥، ئەفەسۆس ٢: ١٥)، بەڵام ئه‌و ڕاستییه‌ی كه‌وا فەرمانێک هەبووە دژی تاتو دەبێت بەهەند وەربگیردرێت و ببێتە جێگەی پرسیار بۆمان. په‌یمانی نوێ هیچ شتێك ناڵیت لەبارەی ئەوەی کە باوەڕدارانی مەسیح تاتو بکەن یان نە. ‌

(یه‌كه‌م په‌ترۆس ٣: ٣- ٤) فەرمانمان پێدەکات: "با ڕازاوه‌ییتان ده‌ره‌كی نه‌بێت، له‌ ئه‌گریجه‌ی پرچ و زێڕ به‌خۆوه‌كردن و جلی باش له‌به‌ركردن، به‌ڵكو له‌ناو دڵتان شاراوه‌ و له‌ناونه‌چوو بێ، ڕازاندنه‌وه‌ی ڕۆحێكی نه‌رم و هێمن، ئه‌وه‌ی له‌لای خودا گرانبه‌هایه‌." ئه‌م دەقە لەڕاستیدا ئاراستەی ژنانی مەسیحی کراوە، به‌ڵام بنه‌مایه‌كی جوانی هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت له‌به‌رچاو بگیردرێ: نابێت گرنگی بدەین بە ڕوخساری دەرەوەمان.

وزە و توانایەکی زۆرمان لەدەست دەچێت لە "شێوازی قژی مۆدێرن" و "جله‌به‌رگی نایاب" و "خشڵ و زێر و زیو"، به‌ڵام جوانی ڕاستەقینەی ژن لەوەدا نییە واتە جوانییەکەی لە ڕوخساری دەرەوەیدا نییە. به‌هه‌مان شێوه‌ خاڵکوتان (تاتو) یان كونكردنی پێست بریتیه‌ له‌ "جوانكاری ده‌ره‌وه‌"، ئێمە پێویسته‌ چاومان زیاتر لە به‌ره‌وپێشچوونی "ناخ" بێت، به‌بێ جیاوازی ره‌گه‌ز.

له‌باره‌ی تاتو و كونكردنی‌ جه‌ستەوە‌، باشترین شت ئەوەیە کە ئەم پرسیارە لە خۆمان بکەین: "ئایا ڕاستگۆیانە و بە دڵێکی ڕاستەوە دەتوانین داوا لە یەزدان بکەین کە ئەم کارە بەرەکەتدار بکات و یارمەتیمان بدات بۆ ئامانج و ویستی بڵند و بەرزی خودا بەکاریبێنێن؟" لە (یەکەم کۆرنسۆس ١٠: ٣١)دا هاتووە: "بۆیه‌ ئه‌گه‌ر خواردتان یان خواردتانه‌وه‌ یان هه‌ر شتێكتان كرد، هه‌موو شتێك بۆ شكۆی خودا بكه‌ن." په‌یمانی نوێ هیچ فه‌رمانێكی تایبه‌تی نییە لەدژی تاتو یان كونكردنی جه‌سته‌، بەڵام هیچ ئاماژەیەکیش بەوە ناکات کە خودا ڕازییە بەوەی کە ئێمە تاتو یان جەستەمان کون بکەین.

به‌ پشتبه‌ستن به‌ بنه‌ما و باوه‌ڕه‌ گشتییه‌كانی كتێبی پیرۆز، له‌و بابه‌ته‌ی كه‌ كتێبی پیرۆز به‌تایبه‌تی قسه‌ی له‌سه‌ر نه‌كردوون، دەتوانین بڵێین کە ئه‌گه‌ر شتێك ته‌نانه‌ت تۆزێكیش تووشی گومان و دوودڵیت بكات باشتره‌ كه‌ خۆتی لێ دوور بگریت و ئه‌نجامی‌ نه‌ده‌یت. (ڕۆما ١٤: ٢٣) به‌بیرمان دێنێته‌وه‌ كه‌ هه‌رشتێك له‌ باوه‌ڕه‌وه‌ نه‌بێت گوناهه‌. دەبێت ئه‌وه‌مان له‌‌بیربێت كه‌ جه‌سته‌شمان، هه‌ر وه‌كو رۆحمان له‌لایه‌ن خوداوه‌ كڕدراوه‌ته‌وه‌ و هی خودایە. هەرچەندە‌ (یه‌كه‌م کۆرنسۆس ٦: ١٩- ٢٠) ڕاسته‌وخۆ باسی تاتو و كونكردنی جه‌سته‌ ناكات، به‌ڵام بنه‌مایەکمان ده‌داتێ: "یاخود نازانن كه‌ له‌شتان په‌رستگای ڕۆحی پیرۆزه‌ كه‌ له‌ ئێوه‌دایه‌ و له‌لایه‌ن خوداوه‌یه‌ هه‌تانه‌؟ ئێوه‌ش هی خۆتان نین، چونكه‌ ئێوه‌ به‌ نرخێك كڕاون. جا به‌ له‌شتان خودا شكۆدار بکەن. ئه‌م راستییه‌ مه‌زنه‌ دەبێت کاربکاتە سەر ئەوەی کە چۆن و بە چ شێوازێک جەستەمان بەکاربێنین. ئه‌گه‌ر جه‌سته‌مان هی خودایە و ئەوە خاوەنی جەستەمانە، پێویسته‌ دڵنیابین له‌وه‌ی كه‌ ڕەزامەندی خودامان هەیە لەسەر ئەوەی کە تاتو یان کونی بکەین.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



ڕوانگەی كتێبی پیرۆز چییە لەسەر خاڵکوتان (تاتو) و كونكردنی جه‌سته‌؟