ڕوانگەی مه‌سیحییه‌كان له‌باره‌ی خۆكوشتنه‌وه‌ چییه‌؟ كتێبی پیرۆز له‌باره‌ی خۆكوشتنه‌وه‌ چ ده‌ڵێت؟



پرسیار: ڕوانگەی مه‌سیحییه‌كان له‌باره‌ی خۆكوشتنه‌وه‌ چییه‌؟ كتێبی پیرۆز له‌باره‌ی خۆكوشتنه‌وه‌ چ ده‌ڵێت؟

وه‌ڵام:
كتێبی پیرۆز لە پەیمانی کۆندا ئاماژه‌ی به‌ شه‌ش كه‌س كردووه‌ كه‌ خۆیان كووشتوه‌: ئابیمەلەخ (ڕابەران ٩: ٥٤)، شاول (یه‌كه‌م ساموئێل ٣١: ٤)، تفاقهەڵگرەکەی شاول (یه‌كه‌م ساموئێل ٣١: ٤- ٦)، ئەحیتۆفەل (دووه‌م ساموئێل ١٧: ٢٣)، زیمری (یه‌كه‌م پاشایان ١٦: ١٨) و یەهوزا (مه‌تا ٢٧: ٥). پێنج له‌وانەی کە باسمان کردن به‌دكار بوون، كه‌سانێكی گوناهكاربوون (لەبەر ئەوەی بەپێی پێویست لە بارەی تفاقهەڵگرەکەی شاوڵەوە نەوتراوە، ناتوانین بڵێین کە ئەویش کەسێکی خراپ بووە یان نە). هه‌ندێک پێیان وایە کە مردنەکەی شەمشونیش دەچێتە قاڵبی خۆکوشتنەوە (ڕابەران ١٦: ٢٦- ٣١)؛ بەڵام لەڕاستیدا ئامانجی شه‌مشون كوشتنی فە‌له‌ستییەکان بوو نه‌ك خۆی. ڕوانگەی كتێبی پیرۆز بۆ خۆكوشتن یه‌كسانه‌ به‌ كوشتنی كه‌سێك، بێگومان خۆکوشتنیش هەر کوشتنە بەڵام لەجێگەی کەسێکی دیکە خۆت دەکوژیت. ته‌نها خودا ده‌توانێت بریاربدات له‌سه‌ر چۆنیەتی و کاتی مردنی کەسەکان.

به‌گوێره‌ی كتێبی پیرۆز، خۆكوژی بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ نادات ده‌چیته‌ به‌هه‌شت‌ یان نه‌؛ بەڵام ئه‌گه‌ر كه‌سێكی ڕزگار نه‌بوو خۆكوژی بكات، هیچ شتێكی نه‌كردووه‌ جگە لەوەی کە گه‌شته‌كه‌ی بۆ دۆزەخ "خێراتر" كردووه.‌ هه‌رچۆنێك بێت، ئه‌و كه‌سه‌ی كه‌ خۆی ده‌كوژێت له‌ كۆتاییدا ده‌چێته‌ دۆزەخ، بەڵام نه‌ك له‌به‌رئه‌وه‌ی كه‌ خۆی كوشتووه‌ بەڵکو لەبەرئەوی کە ڕزگاریی عیسای مه‌سیحی ڕه‌تكردۆ‌ته‌وه‌.

ڕوانگەی كتێبی پیرۆز چییە له‌باره‌ی ئه‌و مه‌سیحیانەی كه‌ خوكوژی ده‌كه‌ن؟ كتیبی پیرۆز فێرمان ده‌كات له‌و ساته‌وه‌ی كه‌ به‌ڕاستی باوه‌ڕ به‌ مه‌سیح دێنین، ئێمه‌ ‌ژیانی جاویدانیمان بۆ مسۆگەر کراوە (یوحەنا ٣: ١٦). بەپێی فێرکردنەکانی کتێبی پیرۆز‌، مه‌سیحییه‌كان دەتوانن بەدڵنیایی و بێ هیچ جۆرە گومانێک ئەوە بزانن کە ژیانی ئەزەلی و جاویدانییان هه‌یه؛‌ (یۆحەنا ٥: ١٣) دەڵێت: "ئه‌مانه‌م بۆ ئێوه‌ نووسی كه‌ باوه‌ڕتان به‌ ناوی كوڕی خودا هه‌یه‌، تاكو بزانن ژیانی هه‌تاهه‌تاییتان هه‌یه‌." هیچ شتیك ناتوانێت مه‌سیحییه‌كان له‌ خۆشه‌ویستی خودا جودا بکاتەوە؛ (ڕۆما ٨: ٣٨- ٣٩) دەڵێت: "چونكه‌ دڵنیام نه‌ مردن و نه‌ ژیان، نه‌ فریشته‌كان و نه‌ سه‌رۆكه‌كان، نه‌ شته‌كانی ئێستا و نه‌ شته‌كانی داهاتوو، نه‌ هێزه‌كان، نه‌ به‌رزی و نه‌ قووڵی، نه‌ به‌دیهێنراوی دیكه‌، ناتوانێت له‌ خۆشه‌ویستی خودا جیامان بكاته‌وه‌ ئه‌وه‌ی له‌ عیسای مه‌سیحی گه‌وره‌ماندایه‌." ئه‌گه‌ر هیچ "بوونه‌وه‌رێكی بەدیهێنراو" نه‌توانێت مه‌سیحییه‌ك له‌ خۆشه‌ویستی خودا جیا بکاتەوە، ئەو مه‌سیحییه‌ش كه‌ خۆكوژی ده‌كات "بوونه‌وه‌ری بەدیهێنراوە". کەواتە تەنانەت خۆكوژییش ناتوانێت مه‌سیحییه‌ك له‌ خۆشه‌ویستی خودا جیابكاته‌وه‌. عیسا له‌به‌ر گوناهه‌كانی ئێمه‌ گیانی سپارد و مرد؛ ئه‌گه‌ر مه‌سیحییه‌كی ڕاسته‌قینە له‌كاتی هێرشی ڕۆحی و لاوازیدا خۆكوژی بكات، ئەوا ئەم خۆکوژییەش دەچێتە چواچێوەی ئەو گوناهانەی کە مەسیح بەهۆیانەوە گیانی خۆی سپارد و مرد بۆیان.

بەڵام نابێت پێمان وابێت کە خودا خۆکوشتن بە شتێکی زۆر سادە وەردەگرێت، نەخێر، خۆكوژی هێشتا گوناهێكی گه‌وره‌یه‌ دژی خودا. به‌گوێره‌ی كتێبی پیرۆز، خۆكوژی یەکسانە بە كوشتنی کەسێک‌؛ هەروەها کرداری خۆکوشتن هەمیشە كاریكی هه‌ڵه‌یه‌. به‌ڕاستی من گومانم لە ڕاستیی باوەڕی ئەو کەسە هەیە کە بە خۆی دەڵێت مەسیحی و لەهەمان کاتیشدا خۆی دەکوژێت. هیچ پاساوێک (لە هیچ بارودۆخێکدا) بوونی نییە کە مافی ئەوە بدات بە کەسێک کە کۆتایی بە ژیانی خۆی بێنێت بەتایبەتی ئەگەر ئەو کەسە مەسیحی بێت! مه‌سیحییه‌كان بانگ کراون کە بۆ یەزدان بژین. بڕیاردان له‌سه‌ر كاتی مردن تەنیا و تەنیا بەدەستی یەزدانە. هەرچەندە (یه‌كه‌م کۆرنسۆس ٣: ١٥) بەتایبەتی باسی خۆکوشتن ناکات بەڵام لەوانەیە دەرەنجامی کەسی خۆکوژ ڕوون بکاتەوە: "خۆی ڕزگار ده‌بێ‌، به‌ڵام وه‌ك یه‌كێك به‌ناو ئاگردا چوو بێ‌."



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



ڕوانگەی مه‌سیحییه‌كان له‌باره‌ی خۆكوشتنه‌وه‌ چییه‌؟ كتێبی پیرۆز له‌باره‌ی خۆكوشتنه‌وه‌ چ ده‌ڵێت؟