واتای ژیان چییه‌؟



پرسیار: واتای ژیان چییه‌؟

وه‌ڵام:
مانای ژیان چییه‌؟ چۆن ده‌توانین ژیانێکی بەئامانج پەیدا بکەین کە تێیدا هەست بە رازیبوون بکەین؟ ئایا ئه‌و هێزه‌م تێدایه‌ كه‌ کارێک بکەم کە گرنگی و بەهای جاویدانی و ئەزەلی هەبێت؟ ئەمانە ئەو پرسیارانەن کە خه‌ڵكانێك هه‌رگیز ڕانه‌وه‌ستان له ‌گه‌ڕان به‌دوای وه‌ڵامەکانیان. کاتێک چاوێک بە رابردوویاندا دەخشێننەوە، سەریان دەسوڕمێت کە بۆچی سەرەڕای ئەو هەمووە سەرکەوتنەی کە هەیانبووە بەڵام زۆرێک لە په‌یوه‌ندییه‌كانیان رووخاوە و لەناوچووە. جارێکیان لە یاریزانێکی بەناوبانگ و سەرکەوتووی یاری باسکەیان پرسی: "وای دابنێ ئەمڕۆ یەکەم رۆژی دەستپێکردنی یاری باسکەیە لە ژیانی وەرزشیتدا، ئارەزوو دەکەیت چ ئامۆژگارییەک بکرێیت؟" له ‌وه‌ڵامدا وتی: "خۆزگە کەسێک پێی وتبام كه‌ كاتێك ده‌گه‌مه‌ لووتكەی سەرکەوتن‌، له‌وێدا هیچ شتێك نییه کە پێی گەیشتبێتم‌." لەم ژیانە کورتەدا تەنیا لەپاش گەیشتن بە ئامانجەکانمان بۆمان دەردەکەوێت کە ساڵانێک تەمەنی بەنرخی خۆمان لەپێناو گەیشتن بە ئامانجێکی پووچ بەفیڕۆداوە.

لە كۆمه‌ڵگای مرۆڤ دۆستانەی ئه‌مڕۆماندا، خه‌ڵكی ژمارەیەک بێشوومار ئامانجیان هەیە. ئەوان لە هەڵەدان کە پێیان وایە کە بەگەیشتن بەو ئامانجانە واتای ڕاسته‌قینه‌ی ژیان بەدەستدێنن؛ لە نموونەی ئەوانەش: سەرکەوتن لە كاردا، سەروەت و سامان، هەبوونی پەیوەندی دروست، ئارەزووی جنسی، خۆشگوزه‌رانی و ئەنجامدانی كاری باش‌ له‌گه‌ڵ خه‌ڵكانی ده‌وروبه‌ر، هتد. خه‌ڵكێکی زۆر شایه‌تی ئەوەیان داوه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت لە دوای گەیشتنیان بە ئامانج و ئارەزووی وه‌كو سامانی زۆر، په‌یوه‌ندی و چێژ، هێشتا لە دەروونەوە هەست بە بۆشاییەکی قووڵ دەكەن کە‌ هیچ شتێک ناتوانێت پڕی بكاته‌وه‌.

لە کتێبی پیرۆزدا، نووسه‌ری سیپارەی ژیرمەندی ئه‌م هەستی به‌تاڵییە بەم شێوەیە دەردەبڕێت: "بێ واتای بێ واتایان! بێ واتا هه‌ر بێ واتایه‌! هه‌رچی هه‌یه‌ بێ واتایه." نووسه‌ری سیپارەی ژیرمەندی‌ خاوەنی سامانێکی بێ ئەندازە بوو. له‌ هه‌موو كه‌سێكی سەردەمی خۆی و تەنانەت سەردەمی ئێمەش داناتر بوو. پاشاکانی دیکە ئیرەییان دەبرد بە باخ و کۆشک و دەستکەوتەکانی. ژنی بێشوماری هه‌بوو، باشترین جۆری خواردن و خواردنەوەی لەبەردەستدابوو. هەموو جۆرە شوێنێکی لەبەردەستدابوو بۆ ئەوەی کاتێکی خۆشی تێدا بەسەرببات. سلێمان خۆی دانی به‌وەدا ناوە كه‌ هه‌ر شتێك دڵی ئارەزووی لێبوو له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ به‌ده‌ستی هێناوە؛ به‌ڵام سەرەڕای هەموو ئەوانەش، له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێت: "ژیانی ‌ژێر خۆر (کە تەنیا ئاماژە بە ژیانی جەستەیی ئێمە دەکات لەسەر زەوی، واتە ئەوەی کە دەیبینین و هەستی پێدەکەین) بێمانا و پووچە. بۆچی ئه‌م جۆره‌ به‌تاڵبوونه‌ لە ژیانی مرۆڤدا بوونی هەیە؟ چونكه‌ خودا ئێمه‌ی بەدیهێناوە بۆ ئامانجێک لەوە گەورەتر کە لەم جیهانەدا بەدەستی دێنین. سلێمان سه‌باره‌ت به‌ خودا دەڵێت: "ئه‌و ئەزەلییەت و جاویدانی لەناو دڵیاندا داناوە." ئێمەی مرۆڤ لە قووڵایی دڵ و ناخمانه‌وه‌ بە باشی هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌م ژیانه‌مان، ژیانی جه‌سته‌ییمان، یان گه‌یشتن به ‌هه‌موو ئامانجە مرۆییەکانمان هەموو شتێک نییە؛ به‌ڵكو شتێکی دیکە لە سەرووی ئەم ژیانەوە بوونی هەیە‌.

له‌ سیپارەی پەیدابوون کە یەکەم سیپارەی كتێبی پیرۆزە، ده‌بینین كه‌ یەزدان مرۆڤی له‌سه‌ر شێوه‌ی خۆی بەدیهێنا (پەیدابوون ١: ٢٦). ئه‌مه‌ش ئه‌و واتایه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ ئێمه‌ له ‌خودا ده‌چین زیاتر له‌هه‌ر شتێكی دیکە (مه‌به‌ست له‌ دروستكراوه‌كانە). پێش كه‌وتنی مرۆڤ بۆ ناو گوناه‌ و بەنەفرەت بوونی زەوی؛ سیپارەی پەیدابوون بارودۆخی مرۆڤ بەم شێوەیە باسدەکات: ١- خودا مرۆڤی وه‌كو بوونه‌وه‌رێكی جڤاکی دروست كرد (پەیدابوون ٢: ١٨- ٢٥). ٢- خودا كارێكی بە مرۆڤ سپارد (پەیدابوون ٢: ١٥). ٣- خودا په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مرۆڤ هه‌بوو (پەیدابوون ٣: ٨). ٤- هەروەها خودا مرۆڤی کردە ده‌سه‌ڵاتدار لەسەر زەوی (پەیدابوون ١: ٢٦). ئایا بابەتی گرنگ لەم خاڵانەی سه‌ره‌وه‌دا چییه‌؟ خودا هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی به‌خشییه‌ ئێمەی مرۆڤ بۆ ئه‌وه‌ی ژیانێكی ته‌واو و پڕمان هه‌بێت. هه‌موو ئه‌و خاڵانه‌ی سه‌ره‌وه‌ (به‌تایبه‌تی په‌یوه‌ندی مرۆڤ‌ له‌گه‌ڵ خودا) بەتەواوی تێكشکان دوای كه‌وتنی مرۆڤ بۆ ناو گوناهە‌ كه‌ بووه‌ هۆی نه‌فرین كردنی زه‌وی (پەیدابوون بەشی ٣).

له‌ سیپارەی بینین، کە دواین سیپارەی كتێی پیرۆزە، خودا ئاماژە‌ به‌وه‌ دەکات کە لە کۆتایی رۆژگاردا ئه‌م زه‌وی و ئاسمانه‌ی ئێستا تێك ده‌دات و زه‌وی و ئاسمانی ئەزەلی و ناکۆتا دروست ده‌كات. خودا ئه‌و كاته‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕزگاركراوه‌كان بەتەواوی بنیاد ده‌نێته‌وه‌، و ئه‌وانه‌ی ڕزگاریان نه‌بووه‌ فڕێ ده‌درێنه‌ ناو ده‌ریاچه‌ی ئاگر (بینین ٢٠: ١١- ١٥). نه‌فره‌تی گوناهه‌ كۆتایی پێدێت و ئه‌وكات ئیتر نه‌ گوناه، نه‌ نیگه‌رانی، نه‌ نه‌خۆشی، نه‌ ئازار و نه ‌مردن ده‌مێنێت (بینین ٢١: ٤). باوه‌ڕداران دەبنە وارسی هەموو شتێك، خودا له‌گه‌ڵیان ده‌بێت و ئه‌وان بە رۆڵەی خودا ناودەبردرێن (بینین ٢١: ٧). ئێستا دەتوانین پلان و نەخشەی رزگاری ببینین: خودا ئێمه‌ی مرۆڤی بەدیهێنا بۆ ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵی هه‌بێت، مرۆڤ گوناهی كرد و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ی شكاند؛ خودا لە ژیانی ئەزەلیدا پەیوەندییەکی تاهەتایی بۆ رزگاربووان دەستەبەر کردووە. لە ژیانی سەر زەویدا، ئەگەر تەنانەت بە هەموو هیوا و ئامانجەکانمان بگەین بەڵام هەرکە مردین ئەوا بۆ تاهەتایە لە خودا دادەبڕێین. ئەگەر ئەم ژیانەی ئێمە لەسەر زەوی بەرەو جودایی هەتاهەتاییمان لەگەڵ خودا ببات ئەوا بەڕاستی ئەم ژیانە شتێکی بێ مانا و پووچە. به‌ڵام خودا ڕێگایه‌كی سازکرد، نه‌ك ته‌نها دەگەین بە ژیانی جاویدانی (لۆقا ٢٣: ٤٣)، به‌ڵكو ژیانی سەر زەویشمان واتابەخش و پڕ دەبێت. ئایا چۆن دەتوانین بەرەکەتی ئەزەلی و ژیانی مانادار و پڕی سەر زەوی به‌ده‌ستبێنین؟

بەهۆی عیسای مەسیحەوە ژیان واتای هەیە

وه‌ك چۆن له‌سه‌ره‌وه‌ ئاماژەمان پێکرد‌، ژیانی ڕاسته‌قینه‌ جا چ ئەم ژیانە کاتییەی ‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌ بێت یان ژیانی تاهه‌تایی، پشت به‌و په‌یوه‌ندییه‌ی ده‌به‌ستێت كه‌ به‌هۆی گوناهی‌ ئاده‌مەوە شكێنرا. بنیادنانه‌وه‌ی ئه‌م په‌یوه‌ندییه‌ ته‌نیا له‌ڕێگای کوڕی خودا، عیسای مه‌سیح زیندوو ده‌بێته‌وه‌ و ده‌ست ده‌كه‌وێت (كردار ٤: ١٢، یۆحه‌نا ١٤: ٦؛ یۆحه‌نا ١: ١٢). ژیانی تاهەتایی كاتێك بەدەستدێت کە کەسی گوناهبار تۆبه‌ بکات (تۆبه‌كردن واتە‌ ئه‌و كه‌سه‌ چیدیکە نایه‌وێت له‌سه‌ر گوناهه‌كانی به‌رده‌وام بێت و ده‌یه‌وێت مەسیح ژیانی بگۆڕێت و بیکاتە مرۆڤێكی نوێ) و ژیانێكی نوێ له‌سه‌ر بنه‌مای پشت به‌ستن به‌ عیسای مه‌سیحی ڕزگاركا‌ر ده‌ستپێبكات. (بۆ قوڵبوونەوەی زیاتر لەسەر ئەم بابەتە، تکایە سەیری بابەتی "رێگای رزگاری یان پلانی رزگاری چییە؟" بکەن).

دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت کە هەرچەندە ناسینی عیسای مەسیح وەکو رزگارکار، راستییەکی بەنرخە بەڵام واتای راستەقینەی ژیان لەمە زیاترە. کاتێک دەتوانی مانای راستەقینەی ژیان تەجروبە بکەیت کە وه‌كو قوتابییه‌ك ملکەچی مەسیح بیت، شوێن فێرکردنەکانی بکەویت، کتێبی پیرۆز بخوێنیتەوە؛ په‌یوه‌ندییه‌كی زیندووت له‌ڕێگای نوێژه‌وه لەگەڵی هەبێت‌، و پەیرەوی فەرمانەکانی بکەیت. ئه‌گه‌ر تۆ باوه‌ڕت بە مەسیح نییە (یان تازه‌ باوه‌ڕت بە مەسیح هێناوە) لەوانەیە ئەم بابەتە بەلاتەوە سەرنجڕاکێش و جێی رەزامەندیت نەبێت، بەڵام تكایه‌ دەست لە خوێندنی هەڵمەگرە و به‌رده‌وامبه‌ له‌ خوێندنه‌وه تاکو بزانیت عیسا چ ئیدعایەک دەکات.

"وه‌رن بۆ لام ئه‌ی هه‌موو ماندووان و بارگرانه‌كان، من ده‌تانحه‌سێنمه‌وه‌. نیری من بخه‌نه‌ سه‌ر خۆتان و له‌ منه‌وه‌ فێربن، چونكه‌ دڵنه‌رم و بێفیزم، حه‌سانه‌وه‌ش بۆ ده‌روونتان ده‌دۆزنه‌وه‌ چونكه‌ نیره‌كه‌م گونجاوه‌ و بارم سووكه" (مه‌تا ١١: ٢٨- ٣٠).

"... بەڵام من هاتووم تاكو ئه‌وان ژیانیان هه‌بێت، ژیانێكی پڕ" (یۆحه‌نا ١٠: ١٠).

"ئینجا عیسا به‌ قوتابییه‌كانی فه‌رموو: (ئه‌گه‌ر یه‌كێك ویستی دوام بكه‌وێت، با نكۆڵی له‌ خۆی بكات و خاچه‌كه‌ی هه‌ڵبگرێت و دوام بكه‌وێت. چونكه‌ ئه‌وه‌ی بیه‌وێت خۆی رزگار بكات، ده‌یدۆڕێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌ پێناوی من خۆی بدۆڕێنێت، ده‌یدۆزێته‌وه‌" (مەتا ١٦: ٢٤- ٢٥).

"خۆشی له‌ یه‌زدان ببینه‌، داواكارییه‌كانی دڵت پێده‌به‌خشێت" (زه‌بووره‌كان ٣٧: ٤).

ئه‌م ئایه‌تانه‌ بۆمان دەردەخەن کە ئێمه‌ مافی هه‌ڵبژاردنمان هه‌یه‌. ئێمه‌ ده‌توانین بە پەیڕەوی کردن لە خواستەکانی خۆمان بەردەوامی بە ژیانمان بدەین، بەمەش تەجروبەی ژیانێکی پووچ و بێمانا دەکەین؛ یاخود لە قووڵایی دڵمانەوە داوا له‌ خودا بكه‌ین كه‌ ئه‌و سه‌رپه‌رشتی ژیانمان بكات، کە لەم حاڵەتەدا ژیانێكی واته‌به‌خش و وه‌ڵامده‌ر‌ی ئاره‌زووه‌كانی دڵمان ده‌بێت. ئه‌مە ئه‌و شتەیە كه‌ یەزدانی خالقمان بە خۆشەویستی و باشترین ئاره‌زووەکانی، بۆ چاکەی ئێمە دابینی کردووە (واتە ژیانێكی پڕ مانا و تێر، نەوەک تەنیا ژیانێکی ئاسان و بێکێشە).

لە کۆتاییدا حەزدەکەم چیرۆکێکتان بۆ بگێڕمەوە کە لە قەشەیەکەوە بیستوومە. بیهێنە بەرچاوی خۆت کەسێک کە هانده‌رێکی سەرسەختی وه‌رزشێکی تایبەتە، ده‌یه‌وێت راستەوخۆ ئەو یارییە تماشا بکات کە حەزی لێیەتی. ده‌توانێت چه‌ند دۆلارێكی کەم بدات و له‌سەر کورسییەک لە ریزی دواوەی یاریگاکە دابنیشیت، یان ده‌توانیت چه‌ند سه‌د دۆلارێك بدات و له‌ ریزی پێشه‌وە دابنیشیت و یارییەکە بە باشی و لە نزیکەوە ببینیت. ژیانی تاکی مه‌سیحییش رێک به‌م جۆرەیە. ئه‌گه‌ر دەتەوێ كاره‌كانی ده‌ستی پەروەدگار له‌نزیكه‌وه‌ ببینیت، ناکرێت ته‌نیا ڕۆژانی یه‌كشه‌ممه‌ مه‌سیحی بیت. ئەم جۆرە کەسانە هیچ پارەیەک نادەن تاکو كاره‌كانی دەستی پەروەردگار له‌ نزیكه‌وه‌ ببینن. بەڵام ئەوانەی کە وەکو قوتابییەکی تەرخانکراو بۆ مەسیح، تۆبە دەکەن و ئاره‌زووه‌كانی خۆیان پشت گوێ ده‌خه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی شوێن ئامانجەکانی خودا بکەون؛ ئامادەن ئەو بەها زۆرە (تەسلیم بوون بە مەسیح و ویستی مەسیح) بدەن. ئه‌مانە کارە سەرسوڕهێنەرەکانی خودا لە ژیانیاندا دەبینن. هەروەها لە کۆتاییدا دەتوانن له‌گه‌ڵ خۆیان و ده‌وروبه‌ریان و لەگەڵ یەزدانی خالقدا بێ هیچ په‌شیمانییەک ڕووبه‌ڕوو ببنه‌وه‌. ئایا تۆ ئه‌م نرخه‌ت داوه‌؟ ئایا ئامادەیت ئه‌م نرخه‌ بده‌یت؟ ئه‌گه‌ر وەڵامەکەت به‌ڵێیە، دڵنیابه‌ كه‌ به ‌ژیانێکی پڕ واتا و پڕ ئامانج گه‌یشتووییت.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



واتای ژیان چییه‌؟