ئایا خودا حەقیقەتی هەیە؟ چۆن دەتوانم لە حەقیقی بوونی خودا دڵنیابم؟



پرسیار: ئایا خودا حەقیقەتی هەیە؟ چۆن دەتوانم لە حەقیقی بوونی خودا دڵنیابم؟

وه‌ڵام:
دەزانین کە خودا حەقیقەتی هەیە چونکە بە سێ شێوە خۆی بۆمان دەرخستووە: بەدیهێنراوەکان و وشەکانی (کتێبی پیرۆز) و کوڕەکەی کە عیسای مەسیحە.

سادەترین بەڵگەی بوونی خودا بریتییە لەو شتانەی کە دروستی کردوون. "چونكه‌ شته‌ نه‌بینراوه‌كان، توانا هه‌تاهه‌تایی و خودایه‌تییه‌كه‌ی، له‌ به‌دیهێنانی جیهانه‌وه‌ به‌هۆی دروستكراوان دەركی پێ كراوه‌ و به‌ ڕوونی بینراوه‌، بۆیه‌ بێ بیانوون" (رۆما ١: ٢٠). "ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات، گەردوون کارەکانی دەستی رادەگەیەنیت" (رۆما ١٩: ١).

ئەگەر لە چۆڵەوانیدا کاتژمێرێکی دەستی پەیدا بکەم، ئەوا گریمانەی ئەوە ناکەم کە کاتژمێرەکە لە خۆڕا پەیدا بووە و هەمیشە هەر بوونی هەبووە. بە پشتبەستن بە دیزاینەکەی، دەزانم کە دیزاینەرێکی هەبووە. بەڵام ئەم دونیایەی ئێمە دیزاینەرێکی زۆر گەورەتر و وردتری هەیە. پێوانی ئێمە بۆ کات پەیوەست نییە بە کاتژمێری دەستەوە، بەڵکو پەیوەستە بە کاری دەستی خوداوە؛ واتە سوڕانەوەی بەردەوام و رێکوپێکی زەوی. گەردوون دیزاینێکی مەزن نیشاندەدات و ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە کە دیزاینەرێکی گەورە لە پشت ئەم دیزاینەوەیە.

ئەگەر نامەیەکی کۆددار بدۆزمەوە ئەوا پەنا دەبەمە بەر شارەزایانی بواری شفرە و کۆد تاوەکو لە شکاندنی ئەو کۆدەدا هاوکاریم بکەن. لەم کاتەدا گریمانەی ئەوە دەکەم کە کەسێکی شارەزا ئەم نامەیەی ناردووە، کەسێک کە کۆدەکەی دروست کردووە. ئەو "کۆدی دی ئێن ئەیەی" کە هەموو خانەیەکی جەستەمان هەڵیگرتووە چەندە ئاڵۆزە؟ ئایا ئاڵۆزی و هۆکاری هەبوونی دی ئێن ئەی بەڵگەی ئەوە نییە کە نووسەرێکی زیرەک لە پشت نووسینی ئەم کۆدەوەیە؟

خودا نەک تەنیا جیهانێکی ماددی ئاڵۆزی دروست کردووە بەڵکو هەستی ئەزەلی و جاویدانی لە دڵی هەموو کەسێکدا چاندووە (ژیرمەندی ١١: ٣). مرۆڤ هەستێکی سروشتی لە ناخیدایە کە ئەم دوونیایە زیاترە لەوەی کە بە چاوەکانمان دەتوانین بینینین، و ژیانێک هەیە جگە لەم ژیانە دووبارەیەی سەر زەوی. هەستی ئەزەلی و جاویدانی ئێمە لانی کەم لە دوو رێگەوە خۆی دەردەخات؛ یاساکانی ژیان و پەرستن.

هەموو شارستانیەتییەکان بە درێژایی مێژوو، چەند یاسا ئەخلاقییەکیان پەیڕەو کردووە، کە جێی سەرسوڕمانە کاتێک ئەم یاسایانە بە پێی کەلتورەکان جیاوازبوون. بۆ نموونە؛ خۆشەویستی لە هەموو جیهاندا پەسەندە بەڵام درۆکردن ناپەسەندە. ئەم ئەخلاقە هاوبەشە و تێگەیشتنە جیهانییە لەسەر بابەتی راست و هەڵە، ئاماژەن بەوەی کە بوونێکی هەرە بڵندی ئەخلاقی ئەم بنەما ئەخلاقییەی پێبەخشیوین.

بەهەمان شێوە، خەڵکی لە سەرتاسەری جیهاندا و بە بێ لەبەرچاوگرتنی فەرهەنگ و دابونەریت، هەمیشە رەوش و شێوازێکی ستایش و پەرستنیان هەبووە. لەوانەیە ئەو شتەی کە پەرستوویانە جیاواز بن، بەڵام هەستی "دەسەڵاتی باڵا" بەشێکی حاشاهەڵنەگرە لە پێناسەی مرۆڤبووندا. حەزی پەرستن و ستایش لەگەڵ ئەو راستییەدا یەکدەگرێت کە خودا ئێمەی "لە وێنەی خۆی دروستکردووە" (پەیدابوون ١: ٢٧).

هەروەها خودا لە رێگەی وشەکەیەوە (کتێبی پیرۆز) خۆی بۆ ئاشکراکردووین. لە هەموو سیپارەکانی کتێبی پیرۆزدا بوونی خودا راستییەکی روون و ئاشکرایە (پەیدابوون ١: ١، دەرچوون ٣: ١٤). کاتێک بنیامین فرانکلن ژیان و سەرگوزەشتەی خۆی نووسییەوە، کاتی خۆی سەرفی ئەوە نەکرد کە هەوڵ بدات بوونی خۆی بسەلمێنێت. بەهەمان شێوە، خودا ئەوەندە کات سەرف ناکات لە کتێبی پیرۆزدا تاکو بوونی خۆی بسەلمێنێت. سروشتی ژیان گۆڕەری کتێبی پیرۆز تەواوی و بێخەوشییەکەی و ئەو پەرجوانەی لە نووسینەکەیدا بەدی دەکرێت دەبێت کافی بن تاکو زیاتر لێی قووڵ ببینەوە.

سێیەم رێگا کە بە هۆیەوە خودا خۆی دەرخستووە بریتییە لە کوڕەکەی کە عیسای مەسیحە (یۆحەنا ١٤: ٦- ١١). "له‌ سه‌ره‌تادا، وشه‌كه‌ بوو، وشه‌كه‌ له‌لای خودا بوو، وشه‌كه‌ش خودا بوو. وشه‌كه‌ش بووه‌ مرۆڤ و له‌ ناوماندا نیشته‌جێ بوو. شكۆی ئه‌ومان بینی، وه‌ك شكۆی تاقانه‌یه‌ك له‌ باوكه‌كه‌وه‌، پڕ له‌ نیعمه‌ت و ڕاستی" (یۆحەنا ١: ١- ١٤).

لە ژیانی سەرسوڕهێنەری عیسای مەسیحدا، هەموو یاسا و رێساکانی پەیمانی کۆنی بە تەواوی پەیڕەو کرد و هەموو ئەو پێشبینییانەی کە لەبارەی هاتنی مەسیحەکەوە بوو هێنایەدی (مەتا ٥: ١٧). عیسا بەزەیی نیشانی ژمارەیەک بێشومار خەڵکی دا و چەندین پەرجووی ئاشکرای ئەنجامدا بۆ ئەوەی راستیبوونی پەیامەکەی و خودابوونی بسەلمێنێت (یۆحەنا ٢١: ٢٤- ٢٥). لە سێیەم رۆژی لە خاچدانیدا، لە نێو مردووان هەستایەوە، ئەم راستییە لە لایەن سەدان کەسەوە پشتڕاست کرایەوە (یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ٦). تۆمارە مێژووییەکان پڕن لەو بەڵگانەی کە راستی بوونی مەسیح دەسەلمێنن. وەک چۆن پۆڵۆسی نێردراو دەڵێت: چونکە لە سوچێک نەکراوە" (کرداری نێردراوان ٢٦: ٢٦).

ئێمە دەزانین کە بێباوەڕ و گوومان لە دڵەکان هەمیشە لەسەر خودا بۆچوونی خۆیان دەبێت و دەقەکان بەپێی ویست و ئارەزووی خۆیان دەخوێننەوە و هەڵیدەسەنگێنن. هەروەها ئەوەش دەزانین کە هەمیشە ئەو کەسانە دەبن کە هەرچەندە ژمارەیەک زۆر بەڵگەی حاشاهەڵنەگر لەبەردەستدابن بەڵام هەر رازی نابن و دان بە راستیدا نانێن (زەبوورەکان ١٤: ١). لە کۆتاییدا هەموو شتێک پەیوەستە بە ئیمان و باوەڕەوە (عیبرانییەکان ١١: ٦).



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



ئایا خودا حەقیقەتی هەیە؟ چۆن دەتوانم لە حەقیقی بوونی خودا دڵنیابم؟