دیاری قسەکردن بە زمانەکان چییە؟



پرسیار: دیاری قسەکردن بە زمانەکان چییە؟

وه‌ڵام:
یەکەم کرداری قسەکردن بە زمانەکان لە ڕۆژی پەنجایەمیندا ڕوویدا (کرداری نێردراوان ٢: ١- ٤). قوتابییەکانی مەسیح ڕۆیشتنە دەرەوە و پەیامی مەسیحییان بە خەڵکی ڕاگەیاند، بە زمانی ئەو خەڵکەی کە لەوێ ئامادەبوون دەدوان: ".... به‌ زمانی خۆمان باسی كرداره‌ مه‌زنه‌كانی خودا ده‌كه‌ن" (کرداری نێردراوان ٢: ١١). قسەکردن بە زمانەکان واتە قسەکردن بە زمانێک کە نایزانیت بەمەبەستی ڕاگەیاندنی پەیامی یەزدان و مزگێنیدان بەو کەسەی کە ئەو زمانە دەزانێت. لە (یەکەم کۆرنسۆس ١٢- ١٤)دا پۆڵس باسی دیارییە پەرجووییەکان دەکات: "ئێستا ئه‌ی خوشك و برایانم، ئه‌گه‌ر هاتمه‌ لاتان و به‌ زمانه‌كان دوام، چ سوودم بۆتان ده‌بێت، مه‌گه‌ر به‌ ئاشكراكراوێك یان به‌ زانیارییه‌ك یان به‌ ڕاگه‌یاندنی په‌یامێكی خودا یان به‌ فێركردنێك بۆتان بدوێم؟" (یەکەم کۆرنسۆس ١٤: ٦). بەپێی پۆڵسی نێردراو و ئەو وەسفەی لە (کرداری نێردراوان) بۆ زمانەکان کراوە، قسەکردن بە زمانەکان بۆ ئەو کەسە بەنرخ و بەسوودە کە بەو زمانە دەدوێت، ئەگەرنا بۆ کەسەکانی دیکە بێنرخ و بێسوودە مەگەر ئەوەی کە لێکبدرێتەوە و ڕاڤەبکرێت.

ئەو کەسەی بەهرەی لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی زمانەکانی هەیە (یەکەم کۆرنسۆس ١٢: ٣٠) لەو کەسە تێدەگات کە بە زمانەکان دەدوێت هەرچەندە ئەو زمانەش نازانێت کە قسەی پێدەکرێت. هەربۆیە پاشان لێکدەرەوەی زمانەکان پەیامی ئەو کەسە بۆ خەڵکی دیکە لێکدەداتەوە کە بە زمانەکان قسەی کردووە تاکو هەموو کەسێک تێبگات. "له‌به‌ر ئه‌م هۆیه‌ ئه‌وه‌ی به‌ زمان ده‌دوێت، با نوێژ بكات تاكو لێكیبداته‌وه‌" (یەکەم کۆرنسۆس ١٤: ١٣). دەرەنجامی پۆڵس لەسەر بەهرەی ئەو زمانانەی کە لێکناردێنەوە و ڕاڤەناکرێن زۆر بەهێزە: "به‌ڵام له‌ كڵێسادا، پێنج وشه‌م له‌ مێشكدایه‌ بیڵێم، تاكو خه‌ڵكیش فێر بكه‌م باشتره‌ له‌ ده‌ هه‌زار وشه‌ به‌ زمانێك" (یەکەم کۆرنسۆس ١٤: ١٩).

ئایا یەزدان لەم سەردەمەشدا دیاری قسەکردن بە زمانەکان دەبەخشێت؟ (یەکەم کۆرنسۆس ١٣: ٨) باسی کۆتاییهاتنی زمانەکانی کردووە، هەرچەندە لە (ئایەتی ١٠)دا کۆتاییهاتنەکەی پەیوەستکردووە بە هاتنی "تەواوەکە". هەندێک کەس ئاماژە بە جیاوازی دەمی فرمانی وشە یۆنانییەکەی ئەم ئایەتە دەکەن؛ "لە کاتی کۆتایی هاتن" یان "کۆتایی هاتوو" لە خۆیدا نیشانەی هاتنی تەواوەکەیە. ئەمەی کە باسمان کرد ڕێگەی تێدەچێت بەڵام بەتەواوی لە دەقەکەوە ڕوون نییە. هەروەها هەندێکی دیکە ئاماژە بە دەقی وەکو (ئیشایا ٢٨: ١١) و (یۆئێل ٢: ٢٨- ٢٩) دەکەن وەکو بەڵگەیەک بۆ ئەوەی کە قسەکردن بە زمانەکان نیشانەی حوکم و دادوەری بەردەوامی یەزدانە. لە (یەکەم کۆرنسۆس ١٤: ٢٢)دا قسەکردن بە زمانەکان وەکو "نیشانە بۆ بێباوەڕان" باسکراوە. لە ڕوانگەی ئەم ئایەتەوە، دیاری قسەکردن بە زمانەکان ئاگادارکردنەوە بووە بۆ جولەکەکان کە یەزدان ئیسرائیل حوکمدەدات بەهۆی ئەوەی کە عیسایان وەکو مەسیح قبوڵنەکردووە. هەربۆیە، کاتێک یەزدان لەڕاستیدا ئیسرائیلی حوکمدا، (وێرانکردنی ئیسرائیل لەساڵی حەفتای زایینی لەسەر دەستی ڕۆمانییەکان) دیاری قسەکردن بە زمانەکان چیدیکە مەبەستی خۆی نەدەپێکا. لەکاتێکدا دەکرێت ئەم بۆچوونە ڕاستبێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا بەدیهاتنی ئامانجی یەکەم ناکرێت هۆکاری کۆتایی هاتنی بێت. کتێبی پیرۆز بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە پێمان ناڵێت کە دیاری قسەکردن بە زمانەکان کۆتایی هاتووە.

لەگەڵ ئەوانەشدا، ئەگەر قسەکردن بە زمانەکان ئەمڕۆ لە کەنیسەدا چالاک بێت، ئەوا دەبێت هاوتای پێوەرەکانی کتێبی پیرۆز بێت. واتە: دەبێت بە زمانێکی ڕاستی و ڕوون ئەنجام بدرێت (یەکەم کۆرنسۆس ١٤؛ ١٠)، دەبێت ئامانجەکەی گەیاندنی پەیامی یەزدان بێت بۆ کەسێک کە بە زمانێکی جیاواز دەدوێت (کرداری نێردراوان ٢: ٦- ١٢)؛ دەبێت لەگەڵ ئەو فەرمانەی یەزداندا بگونجێت کە لە ڕێگەی پۆڵسی نێردراوەوە ڕایگەیاند: "ئه‌گه‌ر كه‌سانێك به‌ زمانێك بدوێن، با دوو یان ئه‌وپه‌ڕی سێ كه‌س بێت و له‌دوای یه‌ك بدوێن، یه‌كێكیش لێكی بداته‌وه‌. به‌ڵام ئه‌گه‌ر لێكده‌ره‌وه‌ نه‌بوو، با له‌ كڵێسا بێده‌نگ بێت، بۆ خۆی و بۆ خودا بدوێت" (یەکەم کۆرنسۆس ١٤: ٢٧- ٢٨). هەروەها دەبێت لەگەڵ (یەکەم ١٤: ٣٣)دا بگونجێت: "چونكه‌ خودا خودای شێواندن نییه‌، به‌ڵكو خودای ئاشتییه‌. وه‌ك له‌ هه‌موو كڵێساكانی پیرۆزكراواندا."

بێگومان یەزدان دەتوانێت دیاری قسەکردن بە زمانەکانمان پێبدات تاکو بتوانین لەگەڵ کەسی بەرانبەر کە زمانی جیاوازە بدوێین. بەڵام هەر ئەو ڕۆحە کارە سەرەکییەکە دەکات کە بەپێی ویستی خۆی و بەتایبەتی بۆ هەر کەسێكی دابەشدەکات (یەکەم کۆرنسۆس ١٢: ١١). بیهێننە بەرچاوی خۆتان کە چەندە بەرهەمدارتر دەبوو ئەگەر موژدەگەر و مزگێنیدەرەکان پێویستییان بەوە نەبوایە کە بڕۆن بۆ سەنتەری زمان و قوتابخانەی تایبەت بە فێربوونی زمانی ئەو نەتەوەیەی کە مزگێنییان بۆ دەدەن، ڕاستەوخۆ بیانتوانیبا بە زمانی ئەو نەتەوە قسەیان بکردبا. بەڵام وادیارە یەزدان شتی وا ناکات. قسەکردن بە زمانەکان لەم سەردەمەدا بەو شێوەیە نابێت کە لە سەردەمی قوتابییەکانی مەسیحدا بووە، سەرەڕای ئەوەی کە ئەگەر هەبوایە زۆر باش و بەسوود دەبوو. زۆبەری ئەو باوەڕدارانەی کە بانگەشەی ئەوە دەکەن کە بەهرەی قسەکردنیان بە زمانەکان هەیە، بەو شێوەیە ئەنجامی نادەن کە کتێبی پیرۆز داوای کردووە (ئەو مەرجانەی کە لە سەرەوە باسمان کردن).

لە ئەنجامدا بۆمان دەردەکەوێت کە دیاری قسەکردن بە زمانەکان کۆتایی هاتووە و وەستاوە یان لانی کەم زۆر زۆر کەمە لەو نەخشە و پلانەی کە یەزدان بۆ کەنیسەی ئەمڕۆی هەیە.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



دیاری قسەکردن بە زمانەکان چییە؟