چۆن دەتوانم پەیوەندییەکی دروستم لەگەڵ خودا هەبێت؟



پرسیار: چۆن دەتوانم پەیوەندییەکی دروستم لەگەڵ خودا هەبێت؟

وه‌ڵام:
بۆ ئەوەی پەیوەندییەکی دروستمان لەگەڵ خودا هەبێت، سەرەتا دەبێت لەوە تێبگەین کە چی بووەتە هۆی پچڕانی ئەم پەیوەندییە؟ ئەوەی کە ئەم پەیوەندییەی پچڕاندووە بریتییە لە گوناه. (زەبوورەکان ١٤: ٣) دەڵێت: "کەس نییە چاکە بکات، تەنانەت یەکێکیش نییە." ئێمە لە فەرمانەکانی خودا یاخی بووین و "وەک مەر، وێڵ بووین" (ئیشایا ٥٣: ٦).

هەواڵی ناخۆش ئەوەیە کە سزای گوناه مەرگە. "ئەو کەسەی گوناه بکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت" (حەزقیال ١٨: ٤). بەڵام لە هەمان کاتدا هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە خودایەکی پڕ لە خۆشەویستی هاتووە بەدواماندا تاوەکو رزگارمان بکات. عیسای مەسیح هۆکاری هاتنی بۆ ئەم جیهانە بەم شێوەیە باس دەکات: "... هاتووە بە دوای لەناوچوواندا بگەڕێت و رزگاریان بکات" (لوقا ١٩: ١٠)، هەروەها لە سەر خاچ بەم دوو وشەیە رایگەیاند کە ئەرکەکەی بەسەکەوتوویی ئەنجام دا؛ تەواو بوو!" (یۆحەنا ١٩: ٣٠).

بۆ ئەوەی بتوانین پەیووندییەکی دروست لەگەڵ لەگەڵ خودا بنیادبنێین ئەوا یەکەم جار دەبێت گوناهباربوونمان قبووڵ بکەین. پاشان بەوپەڕی بێفیزییەوە لەبەردەم خودا دان بە گوناهەکانماندا بنێین (ئیشایا ٥٧: ١٥)، هەروەها دەبێت جێگیر و پێداگربین لەسەر وازهێنان لە گوناه. "له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌ دڵ باوه‌ڕهێنان ئه‌نجامه‌كه‌ی بێتاوانبوونه‌، به‌ ده‌م دانپیانان ئه‌نجامه‌كه‌ی ڕزگارییه‌" (رۆما ١٠: ١٠).

ئەم تۆبەکردن و دانپێدانانە دەبێت بە ئیمان و باوەڕەوە بێت؛ بە تایبەتی دەبێت ئیمانت بەوە هەبێت کە مەسیح لە پێناو تۆ بووە قوربانی و پەرجووئاسا لە مردن هەستایەوە، ئەوکات ئەو ماف و ئەرکە بە مەسیح دەدەیت کە ببێتە رزگارکاری شەخسیت. "چونکە ئەگەر بە دەمت دانت پێدانا کە مەسیح پەروەردگارە و بە دڵ باوەڕت کرد کە خودا لەناو مردووان هەڵیساندەوە، رزگار دەبیت" (رۆما ١٠: ٩). زۆر دەقی دیکە لە کتێبی پیرۆز باس لە پێویستی هەبوونی ئیمان دەکەن، لەوانە (یۆحەنا ٢٠: ٢٧، گەلاتیە ٢: ١٦، ٣: ١١، ٢٦، ئەفەسۆس ٢: ٨).

هەبوونی پەیوەندییەکی دروست لەگەڵ خودا بریتییە لە کاردانەوەت لەبەرامبەر ئەوەی کە خودا لە جێگەی تۆ کردوویەتی. ئەو رزگارکاری نارد، قوربانییەکی دابین کرد تاوەکو بەهۆیەوە گوناهەکانی تۆ بسڕێتەوە (یۆحەنا ١: ٢٩)، هەروەها پەیمانێکت پێدەدات: "هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە رزگاری دەبێت" (کرداری نێردراوان ٢: ٢١).

چیرۆکی کوڕی ونبوو (لوقا ١٥: ١١- ٣٢) نموونەیەکی جوانمان نیشان دەدات لە تۆبەکردن و بەخشینی گوناه. کوڕە گەنجەکە سامانی باوکی لە رێگەی خراپەکاریدا بەفیڕۆدا (ئایەتی ١٣). کاتێک دەرکی بە گوناهەکانی کرد، بڕیاریدا بگەڕێتەوە ماڵەوە (ئایەتی ١٨). لای خۆی وای بیرکردەوە کە چیدیکە شایانی ئەوە نییە بە کوڕی باوکی دابنرێت (ئایەتی ١٩)، بەڵام لەهەڵەدا بوو. باوکەکە کوڕە یاخی بووەکەی وەکو هەمیشە خۆش دەویست (ئایەتی ٢٠). هەموو گوناهەکانی بەخشی و باوکی ئاهەنگی بۆ هاتنەوەی گێڕا (ئایەتی ٢٤).

خودا ئەوەندە باشە کە هەمیشە پەیمانەکانی خۆی دەباتە سەر، یەکێک لەو پەیمانانە بەخشینی گوناهەکانمانە. "یه‌زدان له‌ دڵشكاوان نزیكه‌ و ئه‌وانه‌ ڕزگار ده‌كات كه‌ ڕۆحیان وردوخاش بووه‌" (زەبوورەکان ٣٤: ١٨).

ئەگەر دەتەوێت پەیوەندییەکی دروستت لەگەڵ خودا هەبیت، ئەوا دەتوانی ئەم نوێژە بکەیت. له‌ بیرت بێت کە وتنی ئه‌م نوێژە یان هه‌ر نوێژێکی دیکە نابێتە هۆی رزگاریت. ته‌نیا باوەڕ به‌ مەسیح دەتوانێت لە گوناه رزگارت بکات. ئه‌م نوێژە تەنیا رێگایه‌که‌ لە ده‌ربڕینی باوەڕتان به‌ خودا و سوپاس کردنیەتی کە بەخشینی بۆ ئامادە کردوویت‌. "ئەی پەروەردگار، من دەزانم کە گوناهم بەرامبەر کردوویت هەربۆیە شایانی ئەوەم کە سزام بدەیت. بەڵام عیسای مەسیح سزاکەی منی گرتە ئەستۆی خۆی تاکو من بەهۆی باوەڕم لە ئەودا ببەخشرێم. متمانەم پێتە کە رزگارم دەکەیت. زۆر زۆر سوپاس ئەی پەروەردگار بۆ نیعمەت و بەخشینە بێ هاوتاکەت، کە ژیانی جاویدانییە! ئامین!"

ئایا به‌ هۆی خوێندنەوەی ئەم بابەتەوە بڕیارت دا کە لە قوڵایی دڵەوە باوەڕ بە مەسیح بێنیت‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌‌، تکایه، کرتە له‌ سه‌ر ئەم نوسینەی خوارەوە "ئه‌مڕۆ مەسیحم لە ناخی دڵەوە قبووڵ کرد" بکە.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



چۆن دەتوانم پەیوەندییەکی دروستم لەگەڵ خودا هەبێت؟