ئایا قومارکردن گوناهە؟ کتێبی پیرۆز چۆن باسی قومارکردن دەکات؟



پرسیار: ئایا قومارکردن گوناهە؟ کتێبی پیرۆز چۆن باسی قومارکردن دەکات؟

وه‌ڵام:
کتێبی پیرۆز بەشێوەیەکی دیاریکراو قومارکردن و شەرتبەندی و یانسیب مەحکوم ناکات، بەڵام ئاگادارمان دەکاتەوە کە خۆمان لە خۆشەویستی پارە بەدووربگرین (یەکەم تیمۆساوس ٦: ١٠، عیبرانییەکان ١٣: ٥). کتێبی پیرۆز هەروەها هانمان دەدات کە خۆمان لە هەوڵدان بۆ لەناکاو دەوڵەمەندبوون بەدووربگرین (پەندەکان سلێمان ١٣: ١١، ٢٣: ٥، ژیرمەندی ٥: ١٠). قومارکردن بێگومان پێداگری دەکات لەسەر خۆشەویستی پارە و بەدڵنیاییەوە خەڵکی هاندەدات بەوەی کە خێرا و ئاسان پارەی دەستدەکەوێت.

کێشەی قومارکردن چییە؟ باسی قومار تا ڕادەیەک دژوارە چونکە ئەگەر ناوبەناو و بەشێوەیەکی سادەش ئەنجام بدرێت، هەر بەفیڕۆدانی پارەیە؛ بەڵام بەشێوەیەکی دیاریکراو و یەکلاکەرەوە کارێکی "خراپ" نییە. خەڵک بە چەندین شێوەی جیاواز پارە بەفیڕۆدەدەن. بەفیڕۆدانی پارە لە قومارکردندا هیچ جیاوازییەکی نییە لەو پارەیەی کە لە بینینی فیلمێکدا (لە زۆر حاڵەتدا) بەفیڕۆدەڕوات، یان خواردنی خۆراکێکی گرانی ناپێویست یان کڕینی شتێکی بێسوود. بەڵام لەهەمان کاتدا ئەو ڕاستییەی کە پارە لە شتی دیکەشدا بەفیڕۆدەدرێت نابێتە بیانووی ئەوەی کە قومارکردن شتێکی ئاساییە و کێشەی نییە. پارە نابێت بەفیڕۆبدرێت. پارەی زیادە دەبێت بۆ پێویستییەکانی داهاتوو هەڵبگریت یان بیخەیتە خزمەتی کاری یەزدان نەوەک لە قومارکردندا بەفیڕۆیبدەیت.

هەرچەندە کتێبی پیرۆز بەشێوەیەکی ڕوون و تایبەت باسی قومارکردن ناکات بەڵام ئاماژەی بە بابەتی "تیروپشک" کردووە. بۆ نموونە، لە پەڕتووکی لێڤییەکان تیروپشکیان کردووە لەنێوان گیسکی قوربانی و کەفارەتدا. یەشوع تیروپشکی کرد بە مەبەستی دابەشکردنی خاکی بەڵێنپێدراو بەسەر هۆزە جیاوازەکاندا. نەحەمیا بە تیروپشک بڕیاریدا کە کێ دەبێت لە چوارچێوەی دیواری ئۆرشەلیم ژیان بەسەرببات. قوتابییەکانی مەسیح تیروپشکیان کرد کاتێک جێگرەوەی یەهوزایان هەڵبژارد. لە (پەندەکانی سلێمان ١٦: ٣٣)دا هاتووە: "تیروپشك هه‌ڵده‌درێته‌ كۆش، به‌ڵام هه‌موو بڕیارێكی له‌لایه‌ن یه‌زدانه‌وه‌یه‌."

بۆچوونی کتێبی پیرۆز لەسەر قومارخانە (گازینۆ) و یانسیب (لۆتۆ) چییە؟ گازینۆکان هەموو جۆرە بابەتێکی قومارکردن بەکاردێنن تاوەکو وا لە قوماربازەکان بکەن کە زۆرترین پارە بخەنە قومارەوە. زۆربەی جار مەشروبی هەرزان یان بێبەرانبەر پێشکەشدەکەن کە دەبێتە هۆی سەرخۆشبوون و بەوهۆیەوە توانای ئەوەت نابێت کە بڕیاری ژیرانە بدەیت. قومارخانەکان بەشێوەیەک دروستکراون کە تا بکرێت پارە لە خەڵک وەربگیرێت و لەبەرانبەردا هیچ نەبەخشێت جگە لە خۆشییەکی پووچ و کاتی. یانسیبەکان وا دەریدەخەن کە ڕێگەیەکن بۆ پشتگیریکردنی کەرتی پەروەردە و بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان. بەڵام ئامارەکان دەریانخستووە کە ئەوانەی بەشداری لە یانسیبدا دەکەن ئەوانەن کە بەزەحمەت پارەی ئەوەشیان دەستدەکەوێت کە بلیتی یانسیبەکە بکڕن. وەستان لەبەرانبەر وەسوەسەی "زوو دەوڵەمەندبوون" زۆر زەحمەتە بۆ ئەوانەی کە بێچارە و داماو و هەژارن. هەلی بردنەوەش زۆر کەمە، کە بووەتە هۆی لەناوبردنی ژیانی چەندین کەس.

ئایا پارەی یانسیب دەبێتە هۆی دڵخۆشکردنی یەزدان؟ هەندێک کەس بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو پارەیەی لە ئەنجامی قومار و یانسیبەوە بەدەستیدێنن دەیبەخشنە کەنیسە و لە شتی باش و بەسوودا بەکاریدێنن. ڕاستە ئەمە لایەنێکی هاندەری باشە بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە خەڵکێکی زۆر کەم پارەی قومارکردنەکەیان بۆ لایەنی ڕۆحی و خودایی بەکاردێنن. لێکۆڵینەوەکان دەریدەخەن کە زۆربەی ئەوانەی کە پارەی تەواوی یانسیب و لۆتۆ دەبەنەوە دوای چەند ساڵێک بارودۆخی مادییان لەکاتی پێش بردنەوەکە خراپتر دەبێت. خەڵکێکی زۆر کەم هەن کە پارەی لۆتۆ لە شتی باشدا خەرجبکەن. هەروەها یەزدان پێویستی بە پارەی ئێمە نییە تاکو لەسەر زەوی کاری ئەو بەرەوپێشببەین. (پەندەکانی سلێمان ١٣: ١١) دەڵێت: "ماڵێك به‌ ناپاكی په‌یداكرابێت له‌ كورتی ده‌دات، به‌ڵام ئه‌وه‌ی به‌ كاری ده‌ست كۆده‌بێته‌وه‌ له‌ زیادبوون ده‌بێت." یەزدان توانادار و باڵادەستە، پێویستییەکانی کەنیسە لە سەرچاوەی دروستەوە دابیندەکات. ئایا یەزدان لەڕێگەی بەخشینی پارەی مادەی بێهۆشکەر و پارەی دزیەتی بانک شکۆدار دەبێت؟ بێگومان نەخێر. هەروەها یەزدان ئەو پارەیەی ناوێت و پێویستی بەو پارەیە نییە کە بە مەبەستی دەوڵەمبەنبوون و لەڕێگەی دزیکردن لە هەژارانەوە بەدەستدێت.

(یەکەم تیمۆساوس ٦: ١٠) پێمان دەڵێت: "چونكه‌ خۆشه‌ویستی پاره‌ سه‌رچاوه‌ی هه‌موو جۆرە خراپه‌یەکە. هه‌ندێك كه‌س به‌دوایدا گه‌ڕان ون بوون له‌ باوه‌ڕیان و خۆیان تووشی ئازارێكی زۆر كرد." هەروەها (عیبرانییەکان ١٣: ٥) دەڵێت: "خۆشویستنی پارە لە ژیانتان بەدووربگرن، ڕازی بن بەوەی هەتانە، چونکە خودا گووتویەتی: هەرگیز پشتگوێت ناخەم، هەرگیز وازت لێ ناهێنم." هەروەها لە (مەتا ٦: ٢٤)دا هاتووە: "كه‌س ناتوانێت كۆیلایه‌تی دوو گه‌وره‌ بكات، چونكه‌ ڕقی له‌ یه‌كێكیان ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌وه‌ی دیكه‌ی خۆشده‌وێت، یان ده‌ست به‌ یه‌كێكیانه‌وه‌ ده‌گرێت و ئه‌وه‌ی دیكه‌ پشتگوێ ده‌خات. ئێوه‌ش ناتوانن كۆیله‌ی خودا و پاره‌ بن."



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



ئایا قومارکردن گوناهە؟ کتێبی پیرۆز چۆن باسی قومارکردن دەکات؟