کتێبی پیرۆز چۆن باسی تەڵاق و دووبارە خێزان پێکهێنان دەکات؟



پرسیار: کتێبی پیرۆز چۆن باسی تەڵاق و دووبارە خێزان پێکهێنان دەکات؟

وه‌ڵام:
پێش هەموو شتێک، سەرەڕای هەر بۆچوونێکی تایبەتیت لەسەر بابەتی تەڵاق هەتە، زۆر گرنگە کە (مەلاخی ٢: ١٦)ت بیرنەچێتەوە: "یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل دەفەرموێت: ڕقم لە تەڵاقە." بەپێی کتێبی پیرۆز، زەواج و خێزان پێکهێنان پەیمانێکی هەتاهەتاییە و تا ئەو کاتەی لە ژیاندای دەبێت وەفاداربیت بەرانبەر ئەو پەیمانە. لە (مەتا ١٩: ٦)دا هاتووە: "كه‌واته‌ چیتر دوو نین به‌ڵكو یه‌ك جه‌سته‌ن. له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌وه‌ی خودا به‌ یه‌كتری گه‌یاندووه‌، با مرۆڤ جیای نه‌كاته‌وه‌." یەزدان بەتەواوی ئەوە دەزانێت کە لەبەرئەوەی زەواج لەنێوان دوو مرۆڤی لاواز و گوناهباردا دەکرێت، کەواتە هەمیشە ئەگەری تەڵاقیش دەبێت. یەزدان لە پەیمانی کۆندا چەند ڕێسا و یاسایەکی داناوە تاکو مافی کەسی تەڵاقدراو نەفەوێت، بەتایبەتی مافی ژنان (دواوتار ٢٤: ١- ٤). مەسیح لە (مەتا ١٩: ٨)دا باسی ئەوە دەکات کە ئەم یاسایانە بە مرۆڤ دراون نەک لەبەرئەوەی کە وسیت و خواستی یەزدانە بەڵکو لەبەر دڵڕەقی مرۆڤەکانە.

باسی ڕێگەدان و ڕێگەنەدانی تەڵاق و دووبارە زەواجکردن لە کتێبی پیرۆزدا، لە بنەڕەتدا لەدەوری وتەکانی مەسیح لە (مەتا ٥: ٣٢، ١٩: ٩)دا دەسوڕێتەوە. مەرجی "خیانەتی هاوسەرگیری" تاکە شتێکە لە کتێبی پیرۆزدا کە یەزدان ڕێگە بە تەڵاق و دووبارە زەواج دەدات. هەندێک لە لێکۆڵەرانی کتێبی پیرۆز لەو باوەڕەدان کە مەرجی "خیانەتی هاوسەرگیری" دەگەڕێتەوە بۆ کاتی دەزگیرانی (واتە پێش ئەوەی زەواج بکەن). لە دابونەریتی جولەکەدا، کچ و کوڕ وەکو ژن و مێرد چاویان لێدەکرێت تەنانەت کاتێک کە دەزگیرانن. لەژێر ڕۆشنایی ئەم ڕوانگەیەوە، خیانەتی هاوسەرگیری لەکاتی دەزگیرانداریدا تاکە مەرجێکە بۆ جیابوونەوە و تەڵاقدان.

سەرەڕای ئەمەش ئەو وشە یۆنانییەی کە بە "خیانەتی هاوسەرگیری (زینا)" وەرگێڕانی بۆ کراوە، بە واتای هەموو جۆرە گوناهێکی جنسی دێت، وەکو لەشفرۆشی و داوێنپیسی و هتد. بە شیمانەیەکی زۆر، مەسیح دەڵێت تەڵاق و جیابوونەوە ڕێگەپێدراوە ئەگەر هاتوو یەکێک لە هاوسەرەکان گوناهی جنسییان کرد. پەیوەندی جنسی بەشێکی سەرەکییە لە پەیمانی زەواج: "چیتر دوو نین بەڵکو یەک جەستەن" (پەیدابوون ٢: ٢٤، مەتا ١٩: ٥، ئەفەسۆس ٥: ٣١). هەربۆیە شکاندنی ئەو پەیمانە لەڕێگەی خیانەتی هاوسەرگیرییەوە (زینا) هۆکارێکی ڕێگەپێدراوە بۆ تەڵاق. ئەگەر وابێت، بیرۆکەی دووبارە زەواجکردن دەکرێت لە قسەکانی مەسیحدا بەدی بکەین. (مەتا ١٩: ٩) نیشانیدەدات کە تەڵاق و دووبارە زەواجکردن دەکرێت لە حاڵەتی زۆر تایبەتدا ڕووبدات. زۆر گرنگە کە سەرنجی ئەوە بدەین کە تەنیا لایەنی بێگوناه بۆی هەیە خێزان پێکبێنێتەوە. هەرچەندە لەو ئایەتەی سەرەوەدا ئاماژەی پێنەکراوە، بەڵام ڕێگەدان بە زەواجی دووبارە لەدوای جیابوونەوە، بەزەییەکی یەزدانە بۆ ئەو کەسەی کە گوناهی لەدژ کراوە، نەوەک ئەو کەسەی کە خیانەتەکەی کردووە. لەوانەیە حاڵەتی وا هەبێت کە "لایەنی تاوانبار"یش ئیزنی دووبارە زەواجکردنی پێبدرێت، بەڵام لەم دەقەدا باسی لێوەنەکراوە.

هەندێک کەس (یەکەم کۆرنسۆس ٧: ١٥) وەکو حاڵەتێکی تایبەتی دیکەی دەبینن کە ڕێگە بە دووبارە زەواجکردن دەدات ئەگەر هاتوو کەسێکی بێباوەڕ لە باوەڕداێک جیابوەوە. هەرچەندە ئایەتەکە باسی دووبارە زەواجی نەکردووە بەڵکو تەنیا دەڵێت کە باوەڕدار نەبەستراوەتەوە بە پەیمانی زەواجەوە ئەگەر هاتووە هاوسەرە بیباوەڕەکە ویستی بەجێیبهێڵێت. هەندێ کەسی دیکە پێیان وایە کە توندوتیژی (بەرانبەر هاوسەر یان منداڵ) هۆکارێکی گونجاوە بۆ جیابوونەوە سەرەڕای ئەوەی کە لە کتێبی پیرۆزیشدا ئاماژەی پێنەکراوە؛ هەڵبەت دەکرێت ئەمە هۆکارێکی زۆر گونجاو بێت بۆ جیابوونەوە بەڵام ژیرانە نییە کە لە بیری خۆماندا وایدابنێین کە کتێبی پیرۆز لەگەڵ ئەمەدا هاوڕایە.

هەندێک جار بەهۆی ونبوونمان لەناو مەرج و حاڵەتە تایبەتەکانی دووبارە زەواجکردندا، لەبیرمان دەچێتەوە کە "خیانەتی هاوسەرگیری" بە هەر شێوەیەک بێت؛ ڕێگە دەدات بە تەڵاق نەوەک یەکێک بێت لە داواکارییەکانی تەڵاق. تەنانەت کاتێک خیانەتی هاوسەرگیریش ڕوودەدات، لەڕێگەی نیعمەتی یەزدانەوە، هاوسەرەکان دەکرێت لە یەکدی خۆشبن و زەواجەکەیان بنیاتبنێنەوە. یەزدان لە زۆر شتی لەوە گەورەتری ئێمە خۆشبووە. بێگومان دەتوانین شوێن نموونەی بەخشینی یەزدان بکەوین، بەخشینی کەسی خیانەتکاریش یەکێکە لە نموونەی ئەو بەخشینانە (ئەفەسۆس ٤: ٣٢). بەڵام لە زۆر حاڵەتدا کە هاوسەرەکە تۆبەناکات و بەردەوامە لەسەر خیانەتەکەی خۆی، دەبێت (مەتا ١٩: ٩) جێبەجێبکرێت. هەندێک هەن کە دوای جیابوونەوە دەستبەجێ زەواجدەکەنەوە لەکاتێکدا یەزدان دەیەوێت کە ئەو کەسانە بە زگورت (ڕەبەن)ی بمێننەوە. هەندێ جار یەزدان بانگی مرۆڤەکان دەکات کە زەواج نەکەن و بە ڕەبەنی بمێننەوە تاکو فکر و هزریان دابەشنەبێت (یەکەم کۆرنسۆس ٧: ٣٢- ٣٥). زەواجکردنەوە لەدوای تەڵاق و جیابوونەوە دەکرێت یەکێک بێت لە بژاردەکان بەڵام مەرج نییە تاکە بژاردە بێت.

مایەی خەم و پەژارەیە کە ڕێژەی جیابوونەوە و تەڵاق لەناو باوەڕدارە مەسیحییەکاندا نزیکە لە هەمان ئاستی بێباوەڕەکان. کتێبی پیرۆز تەواو ڕوونی کردوەتەوە کە ڕقی لە تەڵاق و جیابوونەوەیە (مەلاخی ٢: ١٦)، هەروەها ئاشتبوونەوە و بەخشین دەبێت ببێتە نیشانەی ژیانی باوەڕدار (لۆقا ١١: ٤، ئەفەسۆس ٤: ٣٢). لەگەڵ ئەمەشدا یەزدان ئاماژە بەوە دەکات کە تەڵاق و جیابوونەوە لەنێوان ڕۆڵەکانیدا ڕوودەدات. باوەڕداری جیابووەوە یان زەواجکەرەوە نابێت بە هیچ شێوەیەک پێی وابێت کە خودا ئەوی لە کەسانی دیکە کەمتر خۆشدەوێت تەنانەت ئەگەر تەڵاق و زەواجکردنەوەکە لە چوارچێوەی (مەتا ١٩: ٩)دا جێی نەبێتەوە. یەزدان زۆرجار باوەڕدارێکی گوناهباری ناملکەچ بۆ مەبەستی زۆر باش بەکاردێنێت.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



کتێبی پیرۆز چۆن باسی تەڵاق و دووبارە خێزان پێکهێنان دەکات؟