کتێبی پیرۆز لەبارەی دایناسۆرەوە چی دەڵێت؟ ئایا لە کتێبی پیرۆزدا باس لە دایناسۆر کراوە؟



پرسیار: کتێبی پیرۆز لەبارەی دایناسۆرەوە چی دەڵێت؟ ئایا لە کتێبی پیرۆزدا باس لە دایناسۆر کراوە؟

وه‌ڵام:
بابەتی دایناسۆر لەناو کتێبی پیرۆزدا، چەندین ساڵە بەشێکە لە لێکۆڵینەوە ئاڵۆزەکانی کۆمەڵگەی مەسیحی، کە زۆرتر لێکدانەوەی دروستی پەیدابوون و کەشفە فیزیاییەکانی دەوروبەرمان لەخۆ دەگرێت. ئەوانەی کە باوەڕیان وایە تەمەنی زەوی زۆر زۆرە (تەمەنی پێش مێژوو)، لەسەر ئەو ڕایەن کە کتێبی پیرۆز باسی دایناسۆرەکانی نەکردووە چونکە بەپێی بنەمای باوەڕی ئەوان دایناسۆرەکان ملیۆنان ساڵ پێش هاتنی مرۆڤ بۆ سەر زەوی لەناوچوون. بەپێی ئەم گریمانەیە، کەواتە ئەو مرۆڤانەی کە کتێبی پیرۆزیان نووسیوە نەیانتوانیوە دایناسۆر ببینن.

ئەوانەی کە باوەڕیان وایە کە تەمەنی زەوی کەمە (تەمەنی دوای مێژوو)، لەسەر ئەو ڕایەن کە کتێبی پیرۆز باسی دایناسۆری کردووە، هەرچەندە خودی وشەی "دایناسۆر"ی بەکارنەهێناوە بەڵکو وشەی عیبری "تانین"ی بەکارهێناوە کە دەکرێت چەند واتایەکی جیاوازی هەبێت. هەندێک جار بە واتای "دەعبای دەریا" و هەندێک جاریش بە واتای "مار" دێت. هەندێک لە وەرگێڕانەکانیش وەکو "ئەژدیها" بەکاریدێنن. "تانین" پێدەچێت خشۆکێکی زۆر زەبەلاح بووبێت. ئەم دەعبایە سی جار لە پەیمانی کۆندا ئاماژەی پێکراوە؛ لەسەر زەوی و لەناو ئاویشدا هەبوون.

سەرەڕای ئاماژەکردن بەم دەعبا زەبەلاحە خشۆکە، کتێبی پیرۆز باسی دوو بوونەوەری دیکە دەکات کە هەندێک لە لێکۆڵەران پێیان وایە نووسەر پێدەچێت لێرەدا وەسفی دایناسۆر بکات. دەوترێت کە "بەهێمۆت" گەورەترین بەدیهێنراوی یەزدان بووە، کە کلکی بە داری ئورز بەراوردکراوە (ئەیوب ٤٠: ١٥). هەندێک لە زانایان هەوڵیان داوە کە بەهێمۆت وەکو فیل یان ئەسپی ئاوی بناسێنن بەڵام هەندێکی دیکە دەڵێن کە فیل و ئەسپی ئاوی کلکیان بچووکە و زۆر لەوە دوورە کە بە داری ئورز بشوبهێنرێت. لەلایەکی دیکەوە دایناسۆرەکانی وەکو (براکیۆسۆر و دیپلۆدۆکۆس)، خاوەنی کلکێکی زۆر گەورە بوون کە بە ئاسانی دەکرێت بە داری ئورز بشوبهێنرێت.

دەتوانین بڵێین کە زۆربەی شارستانیەتە کۆنەکان، وێنەی جۆرێک خشۆکی زەبەلاحیان کێشاوە. کاری دەستی و شێوە و شکڵی قوڕینە کە لە ئەمریکای باکور کەشفکراوە کە زۆر لە شێوەی دایناسۆرەکان دەچن. هەروەها لە ئەمریکای باشوردا لەسەر شاخەکان وێنەی هەڵکەنراوی مرۆڤ هەیە لەکاتی سواربوونی لەسەر ئاژەڵێکی وەکو دایناسۆر یان مارمێلکەیەکی زەبەلاح؛ لە هەمووی سەرنجڕاکێشتر ئەوەیە کە ئەو دەعبایە زۆر لە (دایناسۆری سێ شاخ و پێترۆداکیتیل و ترانازۆرۆس) دەچێت. موزایکی ڕۆمی و دەفری مایانی و شوراکانی شاری بابل کە شێوە و شکڵی ئەم بوونەوەرانەیان لەسەر نەخشێنراوە، شایەتی بۆ گواستنەوەی بێسنووری لایەنی فەرهەنگی و جوگرافی دەدەن. نووسینە جوانەکانی مارکۆ پۆلۆ (گەشتەکانی مارکۆ پۆلۆ، ملیۆن) پڕن لەو داستانانەی کە تێیاندا ئاژەڵی زەبەلاح چاودێری گەنجینەیان کردووە.

سەرەڕای هەبوونی بەڵگەی مێژوویی پێویست لەبارەی پێکەوەژیانی دایناسۆر و مرۆڤەکان، بەڵگەی فیزیایی دیکەش لەبەردەستدان، وەکو دۆزینەوەی جێگە پێی بەبەردبووی مرۆڤ و دایناسۆرەکان لە باکوری ئەمریکا و ڕۆژاوای ئاسیای ناوەڕاست.

دەپرسین، ئایا دایناسۆر لە کتێبی پیرۆزدا باسی لێوەکراوە؟ بابەتەکە زۆر ڕوون و بینراو نییە، بەڵکو پەیوەندی بە چۆنیەتی لێکدانەوەی بەڵگە بەردەستەکانەوە هەیە، هەروەها پەیوەندی هەیە بەوەی کە چۆن لە دنیای دەوروبەرت دەڕوانی. هەرچەندە کتێبی پیرۆز باسی ناکات، بەڵام بە شیمانەیەکی زیاد، دایناسۆرەکان لەناوچوون لە ئەنجامی لافاوەکەی نوح و گۆڕانکارییە بەرچاوە ژینگەییەکان و ڕاوکردنی بێبەزەییانەی مرۆڤ.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



کتێبی پیرۆز لەبارەی دایناسۆرەوە چی دەڵێت؟ ئایا لە کتێبی پیرۆزدا باس لە دایناسۆر کراوە؟