ئایا خودایەتی عیسای مەسیح لە ئینجیلدا سەلمێنراوە؟



پرسیار: ئایا خودایەتی عیسای مەسیح لە ئینجیلدا سەلمێنراوە؟

وه‌ڵام:
جگە لەو ئیدعا روونانەی کە عیسا لەسەر خۆی هەیبوو، قوتابیەکانیشی پێداگرییان لەسەر بابەتی خودابوونی کردووەتەوە. رایانگەیاند کە مەسیح توانای بەخشینی گوناهی هەیە، دەزانین کە تەنیا خودا دەتوانێت لە گوناه خۆش بێت؛ چونکە لەڕاستیدا ئێمە لەدژی خودا گوناهمان کردووە (کرداری نێردراوان ٥: ٣١، کۆلۆسی ٣: ١٣، زەبوورەکان ١٣٠: ٤، یەرمیا ٣١: ٣٤). هەروەها نزیک لە بابەتی بەخشینی گوناه، مەسیح وەکو کەسێک ناسراوە کە دەتوانێت "حوکم بەسەر مردوو و زیندوودا بکات" (دووەم تیمۆساوس ٤: ١). تۆماس بە دەنگی بەرز بە مەسیحی وت: "ئەی خاوەن شکۆ و خودای من" (یۆحەنا ٢٠: ٢٨). پۆڵس بە مەسیحی وت: "خودای گەورە و رزگارکارمان" (تیتۆس ٢: ١٣). هەروەها رایگەیاند کە پێش ئەوەی عیسا لە جەستەدا بێتە سەر زەوی، لە "شێوەی خودا" بوونی هەبووە (فیلیپی ٢: ٥- ٨). خودای باوک لەبارەی عیساوە دەفەرموێت: "ئه‌ی خودایه‌، ته‌ختی تۆ بۆ هه‌تاهه‌تاییه" (عیبرانییەکان ١: ٨). یۆحەنا دەڵێت: "له‌ سه‌ره‌تادا وشه‌كه‌ هەبوو، وشه‌كه‌ له‌لای خودا بوو، وشه‌كه‌ خۆی خودا بوو" (یۆحەنا ١: ١). زۆر نموونەی دیکەشمان لە کتێبی پیرۆز هەیە کە پشتگیری لە خودابوونی عیسا دەکەن (سەیری ئەم ئایەتانە بکە؛ ئاشکراکردن ١: ١٧، ٢: ٨، ٢٢: ١٣، یەکەم کۆرنسۆس ١٠: ٤، یەکەم پەترۆس ٢: ٦- ٨، ٥: ٤، زەبوورەکان ١٨: ٢، ٩٥: ١، عیبرانییەکان ١٣: ٢٠). لەڕاستیدا تەنیا یەکێک لەم ئایەتانە بەسە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە خودایەتی مەسیح لە لایەن شوێنکەوتوانییەوە پشتڕاست کراوەتەوە.

هەروەها هەندێ ناو دراوەتە پاڵ مەسیح کە لە پەیمانی کۆندا تەنیا خودا "یەهوە" ئەم ناوانەی هەبووە. نازناوی "رزگارکار"ی پەیمانی کۆن (زەبوورەکان ١٣٠: ٧، هۆشەع ١٣: ١٤)، لە پەیمانی نوێدا بۆ عیسا بەکارهاتووە (تیتۆس ٢: ١٣، ئاشکراکردن ٥: ٩). لە (مەتا بەشی ١) عیسا بە ئیمانوێڵ (خودا لەگەڵ ئێمەیە) ناودەبردرێت. لە (زەکەریا ١٢: ١٠) یەهوە دەفەرموێت: "جا ته‌ماشای من ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ی كه‌ ڕمیان لێداوه‌." بەڵام لە پەیمانی نوێدا ئەمە بەسەر لەخاچدانی مەسیحدا جێبەجێ دەبێت (یۆحەنا ١٩: ٣٧، ئاشکراکردن ١: ٧). ئەگەر یەهوە ئەوە بێت کە رمیان لێداوە و تەماشای دەکەن، هەروەها ئەگەر عیساش ئەوە بێت کە رمیان لێدا و تەماشای دەکەن، ئەوا گومانی تێدا نییە کە عیسای مەسیح یەهوەیە. پۆڵسی نێردراو لە (فیلیپی ٢: ١٠- ١١)، (ئیشایا ٤٥: ٢٢- ٢٣) بەسەر مەسیحدا جێبەجێ دەکات کە دەڵێت: "تاكو هه‌موو ئه‌ژنۆیه‌ك بۆ ناوی عیسا چۆك دابده‌ن، له‌ ئاسمان و سه‌ر زه‌وی و ژێر زه‌ویش هه‌روه‌ها هه‌موو زمانێك دان بنێت كه‌ عیسای مه‌سیح خاوه‌ن شكۆیه‌، بۆ شكۆی خودای باوک." هەروەها لە نوێژدا ناوی مەسیح لەگەڵ ناوی خودا بەکارهاتووە "نیعمەت و ئاشتی خودا و گەورەمان عیسای مەسیحتان لێبێت" (گەلاتیە ١: ٣، ئەفەسۆس ١: ٢). ئەم ئایەتە دەچووە قاڵبی کفرەوە ئەگەر عیسا خودا نەبوایە. ناوی مەسیح لەگەڵ ناوی خودا بەکارهاتووە کاتێک عیسا فەرمانی لەئاوهەڵکێشانی کرد؛ "بە ناوی باوک (تاک) و کوڕ و رۆحی پیرۆز" (مەتا ٢٨: ١٩، دووم کۆرنسۆس ١٣: ١٤).

کردەوەیەلێک کە تەنیا و تەنیا شایستەی زاتی خودایە، دراوەتە پاڵ عیسای مەسیح. مەسیح نەک تەنیا مردووی زیندوو کردەوە (یۆحەنا ٥: ٢١، ١١: ٣٨- ٤٤) و گوناهی بەخشی (کرداری نێردراوان ٥: ٣١، ١٣: ٣٨)؛ بەڵكو ئەو بەدیهێنەر و راگری گەردوونە (یۆحەنا ١: ٢، کۆلۆسی ١: ١٦- ١٧). ئەم خاڵە زیاتر روون دەبێتەوە کاتێک یەهوە دەفەرموێت کە لە کاتی بەدیهێنانی گەردووندا بەتەنیا بووە (ئیشایا ٤٤: ٢٤). سەرەڕای ئەمانەش، مەسیح خاوەنی سیفەتیەلێک بووە کە تەنیا خودا ئەو سیفەتانەی هەیە، لەوانە ئەزەلیەت و جاویدانی بوون (یۆحەنا ٨: ٥٨)، هەموو کاتێک ئامادەبوون (مەتا ١٨: ٢٠، ٢٨: ٢٠)، دانایی تەواو و بێ ئەندازە (مەتا ١٦: ٢١) هەروەها توانای تەواو و بێ ئەندازە (یۆحەنا ١١: ٣٨- ٤٤).

ئێستا، ئەگەر کەسێک ئیدعای خودایەتی بکات، ئەوا فێڵکردن لە خەڵکی تاوەکو باوەڕی پێبکەن شتێکە و سەلماندنیشی شتێکی دیکە. مەسیح لەڕێگەی ئەنجامدانی چەندین پەرچوو و موعجیزەوە خودابوونی خۆی سەلماند. چەند نموونەیەک لە پەرجووەکانی عیسا بریتین لە: گۆڕینی ئاو بۆ شەراب (یۆحەنا ٢: ٧)، لەسەر ئاو رۆیشتن (مەتا ١٤: ٢٥)، زیادکردنی شتی ماددی (یۆحەنا ٦: ١١)، گەڕانەوەی بینایی بۆ نابینا (یۆحەنا ٩: ٧)، چاککردنەوەی ئیفلیج (مەرقۆس ٢: ٣)، چاککردنەوەی نەخۆشەکان (مەتا ٩: ٣٥، مەرقۆس ١: ٤٠- ٤٢)، تەنانەت زیندووکردنەوەی مردوو (یۆحەنا ١١: ٤٣- ٤٤، لوقا ٧: ١١- ١٥، مەرقۆس ٥: ٣٥). لەسەرووی هەموو ئەمانەوە، عیسای مەسیح خۆی لەنێو مردووان هەستایەوە و زیندووبوەوە. جگە لە مردن و زیندووبونەوەی خواوەندە ئەفسانەییەکانی بت پەرستان، لە هیچ دین و ئایینێکدا تا ئەم رادە جدییە، بابەتی زیندووبونەوە باس نەکراوە. هەروەها هیچ ئیدعایەکیش بەم ئەندازەیە پشتگیری دەرەوەی کتێبیان نییە کە راستی و حەقیقی بوونی ئیدعاکەیان بسەلمێنێت.

لانی کەم دوازدە راستی حاشاهەڵنەگری مێژوویی لەبارەی عیسای مەسیح لەبەردەستدان کە تەنانەت رەخنەگرانی شارەزای نامەسیحییش دانی پێدادەنێن:

1. مەسیح لەڕێگەی لەخاچدانەوە گیانی سپارد.
2. ئەو خرایە نێو گۆڕ.
3. مردنەکەی بووە هۆی ئەوەی کە قوتابییەکانی بێ هیوا و بێ ئومێد بن.
4. گۆڕی مەسیح دوای چەند رۆژێک بە بەتاڵی بینرا (یان ئیدعای ئەوە کراوە کە بە بەتاڵی بینراوە).
5. قوتابییەکان لەو باوەڕەدا بوون کە ئامادەبوونی عیسایان دوای زیندووبونەوەی تەجروبە کردووە.
6. دوای بینینی مەسیح لەلایەن قوتابییەکانییەوە، قوتابییەکان لە جێگەی ئەوەی وەکو پێشتر گومانی لێبکەن بوون بە باوەڕداری نەترس.
7. ئەم پەیامە کرۆکی فێرکردنەکانی کەنیسەی سەرەتایی بوو.
8. ئەم پەیامە لە ئۆرشەلیم راگەیەنرا.
9. لە ئەنجامی راگەیاندنی ئەم پەیامەدا، کەنیسە لەدایک بوو و گەشەی کرد.
10. رۆژی هەستانەوەی مەسیح (یەکشەممە) جێگەی رۆژی سابات (شەممە)ی گرتەوە وەکو رۆژی تەرخانکراو بۆ ستایش و خودا پەرستی.
11. یاقوبی دوودڵ و دڵ پڕ لە گومان، دوای بینینی مەسیح ئیمانی هێنا.
12. پۆڵس کە یەکێک بوو لە دوژمنە سەرسەختەکانی مەسیحییەکان، گۆڕا و باوەڕی هێنا دوای ئەوەی کە مەسیحی بینی.

تەنانەت ئەگەر کەسێک هاوڕا نەبێت لەگەڵ ئەم لیستەی سەرەوەدا، ئەوا چەند بابەتێکی کەم دەتوانێت هەستانەوەی مەسیح لەنێو مردووان بسەلمێنێت و هەواڵی خۆشی ئینجیل پادار و چەسپاو بکات؛ هەواڵێک کە پێکدێت لە مردن و ناشتن و زیندووبونەوە و دەرکەوتنی مەسیح (یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ١- ٥). لەوانەیە یەک دوو تیۆرێک لەئارادا بن بۆ روونکردنەوەی ئەو راستییانەی سەرەوە، بەڵام هەستانەوەی عیسا لەنێو مردووان بە تەنیایی دەتوانێت وەڵامی موحتەبەری هەموو ئیدعاکانی سەرەوە بێت. رەخنەگرەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە قوتابییەکانی مەسیح، دوای زیندووبونەوەی لەنێو مردووان ئیدعای بینینیان کردووە. نە وەهم و خەیاڵ و نە درۆ ناتوانێت قوتابییەکانی مەسیح بەو جۆرە بگۆڕێت کە هەستانەوەی مەسیح گۆڕی. یەکەم، لەبەرانبەر ئەمەدا چییان دەست دەکەوت؟ لەو سەردەمەدا مەسیحییەت خۆشەویست و بەربڵاو نەبوو، کەواتە هیچ قازانجێکی داراییان دەست نەدەکەوت. دووەم، هەرگیز درۆزنەکان ئامادەنین گیانی خۆیان بەخت بکەن لەپێناو درۆکانیان. هیچ هۆکارێک جگە لە هەستانەوەی مەسیح، ناتوانێت وا لە قوتابییەکان بکات کە ئامادە بن لە پێناو باوڕ و ئیمانەکەیان تەجروبەی ئەو جۆرە مردنە ترسناکانە بکەن. راستە زۆر کەس لەپێناو درۆیەک دەمردن کە پێیان وایە راستە، بەڵام هیچ کەسێک لەپێناو درۆیەکدا نامرێت کە باش بزانێت درۆیە.

لەئەنجامدا، عیسای مەسیح ئیدعای ئەوەی کرد کە یەهوەیە و خودایە (نەیفەرموو کە یەکێکە لە خواوەندەکان، بەڵکو فەرمووی کە خودی خودایە). شوێنکەوتووەکانی عیسا (کە بریتی بوون لە چەند جوولەکەیەکی ترسنۆک و بت پەرست) باوەڕ و ئیمانیان پێی هێنا و وەکو خودای خۆیان قبووڵیان کرد. مەسیح خودابوونی لەڕێگەی پەرجوەوە سەلماند، کە یەکێک لەو پەرجوانە کە جیهانی گۆڕی هەستانەوەی لەنێو مردووان بوو. هیچ تیۆرێکی دیکە ناتوانێت ئەم حەقیقەتە روون بکاتەوە. بەڵێ، خودایەتی مەسیح لە ئینجیلدا سەلمێنراوە.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



ئایا خودایەتی عیسای مەسیح لە ئینجیلدا سەلمێنراوە؟