دووبارە لەدایکبوون لە مەسیحییەتدا چ واتایەک دەگەیەنێت؟



پرسیار: دووبارە لەدایکبوون لە مەسیحییەتدا چ واتایەک دەگەیەنێت؟

وه‌ڵام:
(یۆحەنا ٣: ١-٢١) وەڵامێکی دروستی ئەم پرسیارەمان دەداتەوە. عیسای مەسیحی باڵادەست قسە لەگەڵ نیقۆدیمۆس دەکات کە فەریسییەکی دیار و ئەندامێکی سەنهەدرین بوو (یەکێک بووە لە رابەرانی جوولەکە). نیقۆدیمۆس شەوێک هاتە خزمەت مەسیح بۆ ئەوەی هەندێک پرسیاری لێ بکات.

مەسیح بە نیقۆدیمۆسی فەرموو: "ڕاستیت پێ ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌دایك نه‌بێته‌وه‌، ناتوانێت شانشینی خودا ببینێت. نیقۆدیمۆس پێی گوت: مرۆڤ كه‌ پیر بێت چۆن ده‌توانێت له‌دایك بێت؟ خۆ دیسان ناتوانێت بچێته‌وه‌ سكی دایكی و له‌دایك بێته‌وه‌؟ عیسا وه‌ڵامی دایه‌وه‌: ڕاستیت پێ ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ ئاو و له‌ ڕۆحی پیرۆز له‌دایك نه‌بێت، ناتوانێت بچێته‌ ناو شانشینی خودا. ئه‌وه‌ی له‌ جه‌سته‌ له‌دایك بووه‌ جه‌سته‌یه‌، ئه‌وه‌ش له‌ ڕۆحه‌كه‌ له‌دایك بووه‌ ڕۆحە. سه‌رسام مه‌به‌ كه‌ پێم گوتی: ده‌بێ له‌دایك ببنه‌وه" (یۆحەنا ٣: ٣- ٧).

دەستەواژەی "دووبارە لەدایک بوون" بە دەقیقی واتە "لە سەرەوە لەدایک بوون". نیقۆدیمۆس بەڕاستی پێویستی بە یارمەتی بوو. پێویستی بە گۆڕانکاری دەروونی (گۆڕانکاری رۆحی) بوو. لەدایک بوونەوەی نوێ، لەدایکبوونەوە کردارێکە کە خودا لەو رێگەیەوە ژیانی نوێ بەو کەسە دەبەخشێت کە باوەڕی پێدەهێنێت (دووەم کۆرنسۆس ٥: ١٧، تیتۆس ٣: ٥، یەکەم پەترۆس ١: ٣، یەکەم یۆحەنا ٢: ٢٩، ٣: ٩، ٤: ٧، ٥: ١- ٤، ١٨). یۆحەنا بەڕوونی پێمان دەڵێت کە "لەدایکبوونەوە" ئەو پەیامەشی لەگەڵە کە لە رێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح "دەبیتە رۆڵەی خودا" (یۆحەنا ١: ١٢، ١٣).

ئەو پرسیارە ژیربێژییەی کە لەم کاتەدا سەرهەڵدەدات ئەمەیە: "بۆچی دەبێت دووبارە لەدایک بیتەوە؟" پۆڵۆسی نێردراو لە (ئەفەسۆس ٢: ١) دەڵێت: "ئەو ئێوەی زیندووکردەوە کە بە هۆی خراپە و گوناهاکنتانەوە مردبوون". هەروەها بۆ باوەڕدارانی رۆما دەنووسێت: "هەموو گوناهیان کرد و لە شکۆی خودا کەوتن" (رۆما ٣: ٢٣). گوناهباران لە رۆحدا "مردوون"؛ کاتێک لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح ژیانی رۆحی وەردەگرن، کتێبی پیرۆز بە دووبارە لەدایک بوون ناوی دەبات. تەنیا ئەو کەسانەی کە دووبارە لەدایک بوون و گوناهەکانیان بەخشراوە پەیوەندییان لەگەڵ خودا هەیە.

بەڵام ئەمە چۆن دەکرێت؟ (ئەفەسۆس ٢: ٨- ٩) دەڵێت: "چونكه‌ به‌ نیعمه‌ت ڕزگارتان بوو به‌هۆی باوه‌ڕ، ئه‌مه‌ش له‌ خۆتانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو دیاری خودایه‌، به‌ كردار نییه‌، تاكو كه‌س شانازی نه‌كات." کاتێک کەسێک رزگاردەکرێت، ئەوا دووبارە لەدایک دەبێتەوە؛ بە تایبەتی نوێبوونەوەی رۆحی. ئەو کاتە کەسەکە لەبەر ژیانە نوێیەکەی دەبێتە رۆڵەی خودا. متمانەکردن بە عیسای مەسیح، کە بە گیان سپاردنی لە سەر خاچ سزای گوناهەکانی ئێمەی بە ئەستۆ گرت، واتە لە رۆحدا لەدایکبوونەوە. "كه‌واته‌ ئه‌گه‌ر یه‌كێك له‌ مه‌سیحدا بێت، به‌دیهێنراوێكی نوێیه‌، شته‌ كۆنه‌كان به‌سه‌رچوون، ئه‌وه‌تا بوونه‌ نوێ" (دووەم کۆرنسۆس ٥: ١٧).

ئەگەر تا ئێستا عیسای مەسیحت وەکو رزگارکاری تاکەکەسی و شەخسی قبووڵ نەکردووە، ئەوا ئەمڕۆ رۆحی پیرۆز لەگەڵ دڵت قسە دەکات. تۆ پێویستت بەوەیە کە دووبارە لەدایک بیتەوە. ئایا ئەمڕۆ نوێژی تۆبەکردن دەخوێنیتەوە و دەبیتە بوونەوەرێکی نوێ لە مەسیحدا؟ "به‌ڵام هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێشوازییان لێی كرد، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ ناوی هێنا، مافی پێدان ببنه‌ منداڵی خودا، ئه‌وانه‌ی نه‌ به‌ سروشت له‌دایك بوون، نه‌ به‌ خواستی مرۆڤ، نه‌ به‌ ویستی پیاویش، به‌ڵكو له‌ خوداوه‌ له‌دایك بوون" (یۆحەنا ١: ١٢- ١٣).

ئەگەر دەتەوێت عیسای مەسیح وەکو رزگارکاری شەخسیت قبووڵ بکەیت و دووبارە لەدایکبیتەوە، دەتوانی ئەم نوێژە بکەیت. له‌ بیرت بێت کە وتنی ئه‌م نوێژە یان هه‌ر نوێژێکی دیکە نابێتە هۆی رزگاریت. ته‌نیا باوەڕ به‌ مەسیح دەتوانێت لە گوناه رزگارت بکات. ئه‌م نوێژە تەنیا رێگایه‌که‌ لە ده‌ربڕینی باوەڕتان به‌ خودا و سوپاس کردنیەتی کە بەخشینی بۆ ئامادە کردوویت‌. "ئەی پەروەردگار، من دەزانم کە گوناهم بەرامبەر کردوویت هەربۆیە شایانی ئەوەم کە سزام بدەیت. بەڵام عیسای مەسیح سزاکەی منی گرتە ئەستۆی خۆی تاکو من بەهۆی باوەڕم لە ئەودا ببەخشرێم. متمانەم پێتە کە رزگارم دەکەیت. زۆر زۆر سوپاس ئەی پەروەردگار بۆ نیعمەت و بەخشینە بێ هاوتاکەت، کە ژیانی جاویدانییە! ئامین!"

ئایا به‌ هۆی خوێندنەوەی ئەم بابەتەوە بڕیارت دا کە لە قوڵایی دڵەوە باوەڕ بە مەسیح بێنیت‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌‌، تکایه، کرتە له‌ سه‌ر ئەم نوسینەی خوارەوە "ئه‌مڕۆ مەسیحم لە ناخی دڵەوە قبووڵ کرد" بکە.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



دووبارە لەدایکبوون لە مەسیحییەتدا چ واتایەک دەگەیەنێت؟