settings icon
share icon
پرسیار

تایبەتمەندییەکانی خودا کامانەن؟ خودا چۆنە؟

وه‌ڵام


هەواڵی خۆش لێرەدا ئەوەیە کە زانیاری زۆرمان لەبارەی خوداوە لەبەردەستدایە. هەربۆیە باشتر وایە کە یەکەم جار بە گشتی تایبەتمەندییەکانی خودا بخوێنین پاشان بۆ روونکردنەوەی زیاتری بابەتەکە دەست بکەین بە خوێندنی کتێبی پیرۆز و تیشک بخەینە سەر ئایەتی تایبەت بەو بوارە. دەبێت ئەوەمان بیر نەچێت کە لەم خوێندنەدا ئاماژەدان بە سەرچاوەکانی کتێبی پیرۆز گرنگ و زەروورییە چونکە پشتگوێ خستنی دەسەڵاتی کتێبی پیرۆز دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەم وشانە لە قسەی مرۆڤ زیاتر نەبن؛ کە وامان لێدەکات لەبارەی تایبەتمەندییەکانی خودا بە ئەنجامی هەڵە بگەین (یاقوب ٤٢: ٧). تێگەیشتن لە سیفەت و تایبەتمەندی خودا، لەڕاستیدا زۆر لە ئاستی تێگەیشتنی ئێمە بەرزترە! دەبێت ئەوەش بڵێین کە تێنەگەیشتن لە تایبەتمەندییەکانی خودا وامان لێدەکات کە بت دروست بکەین و دوای بکەوین و لە کۆتاییدا بیپەرستین، کە ئەمەش رێک پێچەوانەی ویستی خودای راستەقینەیە (دەرچوون ٢٠: ٣- ٥).

ئێمە تەنیا دەتوانین ئەو تایبەتمەندییانەی خودا بزانین کە خۆی رێگەی بە دەرخستن و دەرکەوتنیان داوە. یەکێک لە سیفەتەکانی خودا بریتییە لە "رووناکی". ئەمەش واتە خودا خۆی و زانیاری تایبەت بە خۆی دەردەخات (ئیشایا ٦٠: ١٩، یاقوب ١: ١٧). نابێت دەرخستنی زانیاری خودا بە کەم بزانین نەوەکو بێبەری بکرێین لە چوونە ناو شوێنی حەسانەوەکەی (عیبرانییەکان ٤: ١). بەدیهێنان (گەردوون) و کتێبی پیرۆز و وشەی بە جەستە بوو (عیسای مەسیح) یارمەتیمان دەدەن لە ناسینی خودا.

وەرن با لەوەوە دەستپێبکەین کە خودا دروستکەری ئێمەیە و ئێمەش بەشێکین لە بەدیهێنانەکەی (پەیدابوون ١: ١، زەبوورەکان ٢٤: ١). خودا دەفەرموێت کە مرۆڤی لەسەر شێوەی خۆی دروست کردووە. هەروەها دەسەڵاتی بە مرۆڤ داوە کە لە سەرووی هەموو دروستکراوێکی دیکەوە بێت و فەرمانڕەواییان بکات (پەیدابوون ١: ٢٦- ٢٨). هەرچەندە پەیدابوون بە هۆی "کەوتنی مرۆڤەوە" زیانی پێگەیشت بەڵام هێشتا ئاسەواری کارەکانی خودا تێیدا بەدیدەکرێت (پەیدابوون ٣: ١٧- ١٨، رۆما ١: ١٩- ٢٠). دەتوانین هەست بە گەورەیی و شکۆداری خودا بکەین ئەگەر بێتوو سەرنج بدەینە فراوانی و ئاڵۆزی و جوانی و رێکوپێکی بەدیهێنان.

خوێندنی هەندێک لە ناوەکانی خودا دەکرێت هاوکاریمان بکات لەم گەڕانەمان بەدوای ناسینی خودا. ئەمانەی خوارەوە هەندێک لە ناوەکانی خودان.
ئێلۆهیم: بەتوانا، خودا (پەیدابوون ١: ١)
ئەدۆنای: گەورە، خاوەن شکۆ؛ دەرخەری پەیوەندی خزمەتکار و گەورەکەیەتی (دەرچوون ٤: ١٠، ١٣)
ئێل ئێلیۆن: هەرەبەرز، بەهێزترین (پەیدابوون ١٤: ٢٠)
ئێل رۆی: بەهێز کە دەبینێت (پەیدابوون ١٦: ١٣)
ئێل شادای: خودای هەربەتوانا (پەیدابوون ١٧: ١)
ئێل ئۆلام: خودای جاویدانی (ئیشایا ٤٠: ٢٨)
یەهوە: خودا "من هەم"، واتە ئەو خودایەی کە جاویدانی و ئەزەلییە (دەرچوون ٣: ١٣، ١٤).

بەردەوام دەبین لە خوێندنی زیاتری تایبەتمەندییەکانی خودا؛ خودا ئەزەلییە، واتە سەرەتای نییە و تاهەتایە بوونی دەبێت. خودا نەمرە و ناکۆتایە (دواوتار ٣٣: ٢٧؛ زەبوورەکان ٩٠: ٢، یەکەم تیمۆساوس ١: ١٧). ئەو خودایەکی نەگۆڕە، واتە بەهیچ شێوەیەک ناگۆڕدرێت، هەربۆیە دەتوانین تەواو متمانەی پێبکەین (مەلاخی ٣: ٦، دواوتار ٢٣: ١٩، زەبوورەکان ١٠٢: ٢٦، ٢٧). خودا بێهاوتایە و بەراورد ناکرێت، واتە کەس وەکو ئەو نییە لە بوون و هەڵسوکەوتدا؛ ئەو تەواوە و کەس ناتوانێت وەکو ئەو بێت (دووەم سامویێل ٧: ٢٢، زەبوورەکان ٨٦: ٨، ئیشایا ٤٠: ٢٥، مەتا ٥: ٤٨). ئەو خودایەکی ئاڵۆزە، واتە کەس ناتوانێت بەو جۆرەی کە هەیە (بە تەواوی) بیناسێت (ئیشایا ٤٠: ٢٨، زەبوورەکان ١٤٥: ٣، رۆما ١١: ٣٣، ٣٤).

خودا دادپەروەرە، واتە لایەنگری هیچ کەس و لایەنێک ناکات (دواوتار ٣٢: ٤، زەبوورەکان ١٨: ٣٠). خودا تواناداری تەواوە، واتە دەسەڵاتی تەواوی هەیە؛ هەرچی حەزبکات دەتوانێت ئەنجامی بدات، بەڵام کارەکانی هەمیشە هاوئاهەنگی سیفەتەکانی دیکەیەتی (ئاشکراکردن ١٩: ٦، یەرمیا ٣٢: ١٧، ٢٧). خودا ئامادەی تەواوە، واتە لە هەموو شوێنێکە، بەو واتایە نە کە ئەو هەموو شتێکە! (زەبوورەکان ١٣٩: ٧- ١٣، یەرمیا ٢٣: ٢٣). خودا دانای تەواوە، واتە رابردوو و ئێستا و داهاتوو دەزانێت، تەنانەت دەزانێت هەموو کاتێک بیر لە چی دەکەینەوە؛ لەبەرئەوەی کە هەموو شتێک دەزانێت هەربۆیە دادپەروەرییەکەی هەرگیز لایەنگری تێدا نییە (زەبوورەکان ١٣٩: ١- ٥، پەندەکان ٥: ٢١).

خودا یەکە، واتە تەنیایە و هیچ خودایەکی دیکە بوونی نییە. هەروەها تەنیا ئەو دەتوانێت پێویستی و ئارەزووەکانی دڵمان دابین بکات. تەنیا ئەو شایانی پەرستن و ستایشە (دواوتار ٦: ٤). خودا راستودروستە، واتە خودا هەرگیز کاری خراپ ناکات، لەبەر راستودروستی و دادپەروەریەکەی گوناهەکانی ئێمە دەبەخشرێن، مەسیح دەبوا تەجروبەی حوکمی خودای بکردبا کاتێک گوناهەکانی ئێمەی بە ئەستۆ گرت (دەرچوون ٩: ٢٧، مەتا ٢٧: ٤٥- ٤٦، رۆما ٣: ٢١- ٢٦).

خودا دەسەڵاتداری تەواوە، واتە لە هەموو کەس و شتێک گەورەترە؛ هیچ شتێکی بەدیهێنراو، زانراو یان نەزانراو ناتوانێت ئامانج و مەبەستی خودا رەتبکاتەوە (زەبوورەکان ٩٣: ١، ٩٥: ٣، یەرمیا ٢٣: ٢٠). خودا رۆحە، واتە نەبینراو و شاراوەیە (یۆحەنا ١: ١٨، ٤: ٢٤). خودا سالوسە (ثالوث)، واتە سێ کەسایەتی هەیە لە یەک زاتدا، کە لە جەوهەر و دەسەڵات و شکۆدا یەکسانن. سەرنجی ئەوە بدە کە ئایەتەکانی (مەتا ٢٨: ١٩، مەرقۆس ١: ٩- ١١) ناوی خودا بە شێوەی تاک بەکارهاتووە؛ بەڵام ئەم ناوە بە مانای باوک و کوڕ و رۆحی پیرۆز دێت. خودا راستییە، واتە هیچ ناتەبایی و ناکوکییەکی تێدا نییە؛ هەرگیز ناگۆڕدرێت و قسەی ناڕاست ناکات. ئەو راستی و حەقیقەتی جاویدانییە (زەبوورەکان ١١٧: ٢، یەکەم سامویێل ١٥: ٢٩).

خودا پیرۆزە، واتە ئەو لە هەموو پیسی و گەندەڵییەک بەدوورە. ئەو دژی هەموو ناپاکییەکە، خودا هەموو خراپەیەک دەبینێت و بە بینینی توڕە دەبێت. لە کتێبی پیرۆزدا ئاگر لەگەڵ پیرۆزیدا بەکارهاتووە. خودا وەکو ئاگرێکی لووشدەر وەسف کراوە (ئیشایا ٦: ٣، حەبەقوق ١: ١٣، دەرچوون ٣: ٢، ٤، ٥؛ عیبرانییەکان ١٢: ٢٩).

خودا نیعمەت بەخشە، واتە بەخشندە و میهرەبان و خاوەنی بەزەیی و خۆشەویستییە. هەموو ئەمانە یەکانگیرە لەگەڵ باشییەکەیدا. ئەگەر بەخشندەییەکەی نەبوایە ئەوا تایبەتمەنییەکانی دیکەی دەبووە هۆی بێبەری بوونمان لە خودا. بەڵام سوپاس بۆ خودا بەو شێوەیە نییە! خودا حەزدەکات کە پەیوەندییەکی شەخسی و راستەوخۆی لەگەڵ ئێمە هەبێت (دەرچوون ٣٤: ٦، زەبوورەکان ٣١: ١٩، یەکەم پەترۆس ١: ٣، یۆحەنا ٣: ١٦، یۆحەنا ١٧: ٣).

لە کۆتاییدا، لە وەڵامی پرسیارێکی گەورەی لەم چەشنە، لێرەدا تەنها بە کورتی تیشکمان خستە سەر تایبەتمەندییەکانی خودا. بەڵام هانتان دەدەم کە بەردەوام بن لە گەڕان بە دوای خودادا (یەرمیا ٢٩: ١٣).

English



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی

تایبەتمەندییەکانی خودا کامانەن؟ خودا چۆنە؟
Facebook icon Twitter icon Pinterest icon Email icon
© Copyright Got Questions Ministries