دوای مردن چی ڕوودەدات؟



پرسیار: دوای مردن چی ڕوودەدات؟

وه‌ڵام:
ئەم پرسیارە بۆ مەسیحییەکان مایەی سەرلێشێوانە. هەندێک پێیان وایە کە دوای مردن هەموو کەسێک "دەنوێت" تا حوکمدانی کۆتایی (ڕۆژی دوایی)، ئەوکات مرۆڤەکان دەڕۆن بۆ بەهەشت یان دۆزەخ. هەندێکی دیکە لەو باوەڕەدان کە لەدوای مردن دەستبەجێ حوکم دەدرێن و دەنێردرێن بۆ ئەو شوێنەی کە تاهەتایە لەوێ دەبن (بەهەشت یان دۆزەخ). بەڵام خەڵکی دیکەش هەن کە باوەڕیان وایە کاتێک مرۆڤەکان دەمرن، ڕۆحیان دەڕۆن بۆ بەهەشت یان دۆزەخی "کاتی" و لەوێ چاوەڕێدەکەن تا کۆتا هەستانەوەی مرۆڤ و حوکمدانی کۆتایی، پاشان دەنێردرێن بۆ ئەو شوێنەی کە تاهەتایە تێیدا دەمێننەوە. باشە، لەگەڵ هەبوونی ئەم هەمووە بۆچوونە جیاوازە، کتێبی پیرۆز لەم بارەیەوە چی دەڵێت؟

کتێبی پیرۆز لە (یۆحەنا ٣: ١٦، ١٨: ٣٦) پێمان دەڵێت کە ڕۆحی باوەڕدارەکان دوای مردن دەبردرێن بۆ بەهەشت چونکە گوناهەکانیان بەخشراوە کاتێک مەسیحیان وەکو ڕزگارکاریان قبووڵ کردووە. ڕۆحی باوەڕدارەکان لە جەستەیان جیا دەبنەوە و دەڕۆن بۆ لای خودا (دووەم کۆرنسۆس ٥: ٦- ٨، فیلیپی ١: ٢٣). بەڵام (یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ٥٠- ٥٤، یەکەم سالۆنیکی ٤: ١٣- ١٧) وەسفی باوەڕدارەکان دەکات کە زیندوو دەبنەوە و جەستەی شکۆداریان دەدرێتێ. ئەگەر بێتو باوەڕداران دوای مردن دەستبەجێ بڕۆن بۆ لای مەسیح کەواتە ئامانج چییە لەم هەستانەوە و زیندووبوونەوەیە. کاتێک ڕۆحی باوەڕدارەکان دەستبەجێ دەڕۆن بۆ لای مەسیح، جەستەیان لەناو گۆڕدا بە "نووستوویی" دەمێننەوە. لە کاتی هەستانەوە و زیندووبوونەوەی باوەڕداراندا جەستەیان زیندوو دەبنەوە و شکۆدار دەکرێن و لەگەڵ رۆحیاندا یەکدەگرنەوە. جەستەی شکۆداریان لەگەڵ ڕۆحیاندا بۆ هەتاهەتایە لە ئاسمانی نوێ و زەوی نوێدا دەبن (ئاشکراکردن ٢١- ٢٢).

دووەم، ئەوانەی کە مەسیحیان وەکو ڕزگاری شەخسی قبووڵ نەکردووە (نامەسیحییەکان)، مردن واتە سزای هەتاهەتایی. بەڵام هەروەکو باوەڕدارەکان، بێباوەڕەکانیش وادیارە دەستبەجێ دەنێردرێن بۆ شوێنێکی کاتی تاکو چاوەڕێی زیندبوونەوەی کۆتایی و حوکمدان و چارەنووسی کۆتایی بکەن. (لۆقا ١٦: ٢٢- ٢٣) باسی پیاوێکی دەوڵەمەند دەکات کە دوای مردن دەستبەجێ سزا دەدرێت. (ئاشکراکردن ٢٠: ١١- ١٥) باسی هەموو مردووە بێباوەڕەکان دەکات کە زیندووکراونەتەوە، لەبەر تەختی مەزنی سپیدا حوکم دراون و خراونەتە نێو دەریاچەی ئاگرەوە. بێباوەڕەکان دەستبەجێ دوای مردن نانێردرێن بۆ دۆزەخ (دەریاچەی ئاگر)، بەڵکو بۆ ماوەیەکی کاتی لە ژێر حوکمدان و تاوانبارکردندا دەبن. بەڵام نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت کە هەرچەندە بێباوەڕەکان دەستبەجێ ناخرێنە ناو دەریاچەی ئاگرەوە بەڵام ناخرێنە شوێنێکی خۆشیشەوە. (لۆقا ١٦: ٢٤) دەڵێت: " پیاوە دەوڵەمەندەکە هاواری کرد، وا له‌ناو ئه‌م گڕه‌دا ئازار ده‌چێژم."

دوای مردن، مرۆڤەکان لەناو بەهەشت یان دۆزەخی "کاتی"دا دەبن. دوای ئەم مانەوە کاتییە، لە کۆتا هەستانە و زیندووبوونەوەدا، چارەنووسی هەتاهەتایی کەسەکان ناگۆڕدرێن بەڵکو "شوێن"ی تەواوی چارەنووسە هەتاهەتاییەکە دەگۆڕدرێت. باوەڕدارەکان لەکۆتاییدا ڕێگەیان پێدەدرێت بڕۆنە ناو ئاسمان و زەوییە نوێکەوە (ئاشکراکردن ٢١: ١). بێباوەڕەکان لەکۆتاییدا دەنێردرێن بۆ ناو دەریاچەی ئاگر (ئاشکراکردن ٢٠؛ ١١- ١٥). ئەمە شوێنی کۆتایی و هەتاهەتایی هەموو مرۆڤەکانە، بەتەواوی پشت بەوە دەبەستێت کە ئایا مەسیحت وەکو ڕزگارکاری خۆت قبووڵ کردووە یان نە (مەتا ٢٥: ٤٦، یۆحەنا ٣: ٣٦).



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



دوای مردن چی ڕوودەدات؟