کتێبی پیرۆز لەسەر سێیانە (ثالوث) چی دەڵێت؟



پرسیار: کتێبی پیرۆز لەسەر سێیانە (ثالوث) چی دەڵێت؟

وه‌ڵام:
گەورەترین کێشەی بابەتی سێیانە "ثالوث" لە مەسیحییەتدا ئەوەیە کە ناتوانرێت ئەم دەستەواژەیە بە تەواوی و بەتێروتەسەلی ڕوونبکرێتەوە. سێیانە دەستەواژەیەکە کە مەحاڵە کەسێک هەبێت بتوانێت بە تەواوی لێی تێبگات ئیتر با هەر باسی ڕوونکردنەوەی نەکەین کە کەس ناتوانێت بە تەواوی ڕوونی بکاتەوە. بێگومان یەزدان زۆر لە ئێمە مەزنترە، کەواتە نابێت چاوەڕوانی ئەوەش بین کە توانای ئەوەمان هەبێت بەتەواوی لێی تێبگەین. کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت کە باوکی ئاسمانی خودایە، مەسیح خودایە و ڕۆحی پیرۆزیش خودایە؛ هەروەها لەهەمان کاتدا فێرمان دەکات کە تەنیا یەک خودا هەیە. سەرەڕای ئەوەی کە دەتوانین لە هەندێ ڕاستی لەمەڕ پەیوەندی کەسە جیاوازەکانی سێیانە بەیەکەوە تێبگەین، بەڵام لەکۆتاییدا ئەم بابەتە تێگەیشتنی ئاسان نییە و زەحمەتە. بەڵام ئەمە واتای ئەوە نییە کە سێیانە (ثالوث) ڕاست نییە و لەگەڵ فێرکردنەکانی کتێبی پیرۆزدا ناگونجێت.

هەرچەندە دەستەواژەی سێیانە (ثالوث) لە کتێبی پیرۆزدا بەکانەهاتووە بەڵام ئەم دەستەواژەیە هەوڵدانێکە بۆ ڕوونکردنەوەی سێیانە (سێ کەسایەتی)ی هەتاهەتایی و هاوئاستی زاتی پیرۆزی یەزدان. دەبێت لەوە تێبگەین کە ئەمە بە هیچ جۆرێک باسی سێ خودایی ناکات. سێیانە واتە سێ کەسایەتی خودایی لە یەزدانێکی تاکدا. لەگەڵ ئەوەی کە ئەم دەستەواژەیە لە کتێبی پیرۆزدا بەکارنەهاتووە بەڵام بەکارهێنانی شتێکی هەڵە نییە. ئەوەی کە لێرەدا زۆر گرنگە ئەوەیە کە واتا و وێنەی گشتیی دەستەواژەی سێیانە (ثالوث) لە کتێبی پیرۆزدا هەیە. ئەمانەی خوارەوە ئەو ئایەتانەن کە باسی سێیانە دەکەن:

1. تەنیا یەک یەزدان هەیە (دواوتار ٦: ٤، یەکەم کۆرنسۆس ٨: ٤، گەلاتیا ٣: ٢٠، یەکەم تیمۆساوس ٢: ٥).

2. سێیانە لە سێ کەسەیاتی پێکهاتووە (پەیدابوون ١: ١، ٢٦، ٣: ٢٢، ١١: ٧، ئیشایا ٦: ٨، ٤٨: ١٦، ٦١: ١، مەتا ٣: ١٦- ١٧، ٢٨: ١٩، دووەم کۆرنسۆس ١٣: ١٤).

لە (پەیدابوون ١: ١) لەبەرانبەر خودا، وشەی عیبری "ئیلۆهیم" بەکاربراوە کە وشەیەکی کۆیە. لە (پەیدابوون ١: ٢٦، ٣: ٢٢، ١١: ٧، ئیشایا ٦: ٨) ڕاناوی کۆی (ئێمە) بەکارهاتووە. وشەی "ئێلۆهیم" و ڕاناوی "ئێمە" کۆن، بەدڵنیاییەوە لە زمانی عیبریدا لە دوو کەس زیاتر دەگرێتەوە. وشەی "ئێلۆهیم"ی عیبری ڕێگە بە هەبوونی سێیانە دەدات. لە (ئیشایا ٤٨: ١٦، ٦١: ١)دا، خودای کوڕ قسەدەکات لەکاتێکدا ئاماژە بە خودای باوک و ڕۆحی پیرۆز دەکات. (ئیشایا ٦١: ١) بەراوردبکە بە (لۆقا ٤: ١٤- ١٩) تاکو بەتەواوی بۆت ڕوون ببێتەوە کە قسەکەر خودای کوڕە. (مەتا ٣: ١٦- ١٧) وەسفی عەمادکردنی عیسای مەسیح دەکات. لەم دەقەدا دەبینین کە خودای ڕۆحی پیرۆز دێتە سەر خودای کوڕ لەکاتێکدا خودای باوک دڵخۆشی خۆی بە کوڕەکەی (خودای کوڕ) ڕادەگەیەنێت. (مەتا ٢٨: ١٩) و (دووەم کۆرنسۆس ١٣: ١٤) نموونەی زۆر ڕوونی دیکەن لەسەر سێ کەسایەتییەکەی ناو سێیانە (ثالوث).

3. لە چەندین دەقی کتێبی پیرۆزدا، ئەندامەکانی سێیانە بە جیاواز ناسێنراون. لە پەیمانی کۆندا "یەزدان" ئەوەی کە کوڕی هەیە (زەبوورەکان ٢: ٧، ١٢، پەندەکان ٣٠: ٢- ٤) جیاوازە لە "پەروەردگار (خودای کوڕ)" (پەیدابوون ١٩: ٢٤، هۆشەع ١: ٤). هەروەها جیاوازی کراوە لە نێوان ڕۆحی پیرۆز و خودا. لە (سەرژمێری ٢٧: ١٨) باسی ڕۆح دەکات و (زەبوورەکان ٥١: ١٠- ١٢) باسی خودا دەکات. خودای کوڕ جیاواز لە خودای باوک باسکراوە (زەبوورەکان ٤٥: ٦- ٧، عیبرانییەکان ١: ٨- ٩). لە پەیمانی نوێدا عیسای مەسیح داوا لە یەزدان دەکات کە یارمەتیدەر (ڕۆحی پیرۆز) بنێرێت (یۆحەنا ١٤: ١٦- ١٧)، واتە مەسیح خۆی بە یەزدان یان ڕۆحی پیرۆز نەزانیوە. سەرنجی هەموو ئەو شوێنانەی دیکەش بدە کە مەسیح لەگەڵ باوکی ئاسمانی قسەی کردووە. ئایا عیسا لەگەڵ خۆی قسەی کردووە؟ نەخێر، لەگەڵ کەسێکی دیکەی سێیانە (ثالوث) قسەی کردووە، لەگەڵ باوک قسەی کردووە.

4. هەریەک لە کەسایەتییەکانی سێیانە خودان. باوک خودایە (یۆحەنا ٦: ٢٧، رۆما ١: ٧، یەکەم پەترۆس ١: ٢). کوڕ خودایە (یۆحەنا ١: ١، ١٤، رۆما ٩: ٥، کۆلۆسی ٢: ٩، عیبرانییەکان ١: ٨، یەکەم یۆحەنا ٥: ٢٠). ڕۆحی پیرۆز خودایە (کرداری نێردراوان ٥: ٣- ٤، یەکەم کۆرنسۆس ٣: ١٦).

5. لەناو سێیانەدا بەرز و نزمی لە ئاست و پلە و مەقامدا هەیە. کتێبی پیرۆز پێمان دەڵێت کە ڕۆحی پیرۆز لە خوارەوەی باوک و کوڕە، هەروەها کوڕ لە خوارەوەی باوکە. ئەمە پەیوەندییەکی ناوەکی سێیانەیە و خودابوونی هیچکامیان ڕەتناکاتەوە. مێشکی سنوورداری ئێمە ناتوانێت لە خودای بێسنوور و ناکۆتا تێبگات. لەبارەی خودای کوڕەوە دەتوانیت سەیری ئەم ئایەتانە بکەیت (لۆقا ٢٢: ٤٢، یۆحەنا ٥: ٣٦، یۆحەنا ٢٠: ٢١، یەکەم یۆحەنا ٤: ١٤). لەبارەی رۆحی پیرۆزەوە سەیری (یۆحەنا ١٤: ١٦، ١٤: ٢٦، ١٥: ٢٦، ١٦: ٧، ١٦: ١٣- ١٤) بکە.

6. هەریەک لە ئەندامانی سێیانە ئەرکی جیاوازیان هەیە. خودای باوک سەرچاوە یان هۆکاری دروستبوونی گەردوونە (یەکەم کۆرنسۆس ٨: ٦، ئاشکراکردن ٤: ١١). خودای باوک سەرچاوەی بینینی خوداییە (ئاشکراکردن ١: ١). خودای باوک سەرچاوەی ڕزگارییە (یۆحەنا ٣: ١٦- ١٧). هەروەها سەرچاوەی کارە مرۆییەکانی عیسا بوو لەسەر زەوی (یۆحەنا ٥: ١٧، ١٤: ١٠). خودای باوک هەموو ئەو کارانە ئەنجامدەدات.

خودای کوڕ ئەو بریکارەیە کە یەزدان لەڕێگەیەوە ئەم کارانەی بەئەنجام گەیاند: بەدیهێنان و پاراستنی گەردوون (یەکەم کۆرنسۆس ٨: ٦، یۆحەنا ١: ٣، کۆلۆسی ١: ١٦- ١٧)، بینینی خودایی (یۆحەنا ١: ١، ١٦: ١٢- ١٥، مەتا ١١: ٢٧، ئاشکراکردن ١: ١)، ڕزگاری (دووەم کۆرنسۆس ٥: ١٩، مەتا ١: ٢١، یۆحەنا ٤: ٤٢). خودای باوک هەموو ئەو کارانەی لە ڕێگەی کوڕەکەیەوە ئەنجام دا کە وەکو بریکاری ئەو بوو لەسەر زەوی.

لەڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە یەزدان ئەم کارانەی ئەنجامدا: بەدیهێنان و پاراستنی گەردوون (پەیدابوون ١: ٢، یاقوب ٢٦: ١٣، زەبوورەکان ١٠٤: ٣٠) بینینی خودایی (یۆحەنا ١٦: ١٢- ١٥، ئەفەسۆس ٣: ٥، دووەم پەترۆس ١: ٢١) ڕزگاری (یۆحەنا ٣: ٦، تیتۆس ٣: ٥، یەکەم پەترۆس ١: ٢) هەروەها ئەنجامدانی کارەکانی عیسا (ئیشایا ٦١: ١، کرداری نێردراوان ١٠: ٣٨). یەزدان لەڕێگەی هێزی ڕۆحی پیرۆزەوە هەموو ئەو کارانەی ئەنجامدا.

هیچ کام لە نموونە و ڕوونکردنەوە بەربڵاوەکان ناتوانن وەسفێکی ورد و دروستی دەستەواژەی سێیانە (ثالوث) بکەن. نموونەی هێلکە؛ لە پێست و سپێنە و زەردێنە پێکهاتووە و هەریەکێکیان بەشێکن لە هێلکەکە. ئەم نموونەیە سەرکەوتوو نەبوو چونکە باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز بەشێک نین لە یەزدان، بەڵکو هەر یەک لەوان خودان. نموونەی ئاویش هەر سەرکەوتوو نەبوو؛ ئاو لە سێ شێوەدا هەیە، شلی و گازی و ڕەقی. باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆز شێوەیەک نین لە شێوەکانی خودا بەڵکو خودی خودان. لەوانەیە ئەم نموونانە وێنەیەکمان لەسەر سێیانە پێببەخشێت بەڵام بەتەواوی ڕوونی ناکاتەوە و ورد و دروست نین. خودایەکی هەمیشەیی و ناکۆتا ناکرێت بە نموونەیەکی سنووردار وەسفبکرێت.

لەجێگەی ئەوەی کە هزر و بیرمان لەسەر سێیانە بێت باشتر وایە کە چاومان لەسەر گەورەیی و سروشتی بەرزی ناکۆتایی یەزدان بێت. "ئای له‌ قووڵی ده‌وڵه‌مه‌ندی و دانایی و زانیاری خودا! كێ ده‌توانێت حوكمه‌كانی بپشكنێت؟ كێ له‌ ڕێگاكانی تێده‌گات؟ چونكه‌ كێ بیری یه‌زدانی زانی؟ یان كێ بووه‌ ڕاوێژكاری؟" (ڕۆما ١١: ٣٣- ٣٤).



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



کتێبی پیرۆز لەسەر سێیانە (ثالوث) چی دەڵێت؟