عیسا لەماوەی سێ ڕۆژی نێوان مردن و زیندووبوونەوەی لەکوێ بوو؟



پرسیار: عیسا لەماوەی سێ ڕۆژی نێوان مردن و زیندووبوونەوەی لەکوێ بوو؟

وه‌ڵام:
"مه‌سیح ته‌نها جارێك له‌به‌ر گوناه مرد، بێتاوان له‌ پێناوی تاوانباران، تاكو له‌ خودامان نزیك بكاته‌وه. بە جەستە مرد بەڵام بە ڕۆح زیندوو بوو، به‌مه‌ش چوو مزگێنی دا به‌ ڕۆحه‌ زیندانییه‌كان." مەبەست لە ڕۆح، ڕۆحی خودی مەسیحە. بەراوردەکە لەنێوان جەستە و ڕۆحیدایە نەوەک جەستەی مەسیح و ڕۆحی پیرۆز. جەستەی مەسیح مرد بەڵام ڕۆحی بەزیندوویی مایەوە.

(یەکەم پەترۆس ٣: ١٨- ٢٢) باسی پەیوەندی پێویست لەنێوان ئازاری مەسیح (ئایەتی ١٨) و شکۆداربوونی دەکات (ئایەتی ٢٢). تەنیا پەترۆس زانیاری تایبەتمان لەسەر ئەوە دەداتێ کە لەنێوان ئەم دوو ڕووداوەدا چی ڕوویداوە. (ئایەتی ١٩) دەڵێت کە عیسا چووە و مزگێنی داوەتە ڕۆحە زیندانییەکان. ئەو وشە یۆنانییەی کە بەکارهاتووە ئەوە نییە کە بەگشتی لە پەیمانی نوێدا بەکاردێت بۆ مزگێنیدان، بەڵکو زۆر بەسادەیی بە واتای " پێشوەخت ڕاگەیاندنی هەواڵێک" دێت. مەسیح ئازاری چەشت و لەسەر خاچ گیانی سپارد، جەستەی مرد. بەڵام رۆحی زیندوو بوو، ڕۆحی خۆی سپارد بە خودای باوک (لۆقا ٢٣: ٤٦). بەپێی پەترۆس، عیسای مەسیح لەماوەی نێوان مردن و زیندووبوونەوەی پەیامێکی تایبەتی بە "ڕۆحە زیندانییەکان" ڕاگەیاندووە.

لە پەیمانی نوێدا، وشەی "ڕۆح" لە وەسفی فریشتە یان ڕۆحی پیس یان مرۆڤدا بەکارهاتووە. لە (یەکەم پەترۆس ٣: ٢٠)دا، لە وەرگێڕانی (کەی جەی ڤی)دا پەترۆس وەکو "گیان" وەسفی مرۆڤ دەکات. لە هیچ شوێنێکی کتێبی پیرۆزدا نەهاتووە کە بڵێت مەسیح سەردانی دۆزەخی کردبێت. لە (کرداری نێردراوان ٢: ٣١)دا هاتووە کە عیسا چوو بۆ جیهانی مردووان (هادیس)، بەڵام خۆ هادیس دۆزەخ نییە. هادیس دەستەواژەیەکە کە بەشێوەیەکی بەربڵاو بۆ قەڵەمڕەوی مردووان بەکاردێت، ئەو شوێنەی کە مردووەکان بۆ ماوەیەکی کاتی تێیدا دەمێننەوە و چاوەڕێی زیندووبوونەوە دەکەن. لە (ئاشکراکردن ٢٠: ١١- ١٥)دا بەڕوونی جیاوازی نێوان جیهانی مردووان و دەریاچەی ئاگر دەبینین. دەریاچەی ئاگر تاهەتایە بەردەوام دەبێت و هەمیشەییە، حوکمی کۆتایی ونبووانە. جیهانی مردووان (هادیس) شوێنێکی کاتییە بۆ ونبووان و کەسە پیرۆزەکانی پەیمانی کۆن.

عیسای مەسیحی پەروەردگارمان ڕۆحی بە خودای باوک سپارد، بە جەستە گیانی سپارد و ڕۆیشت بۆ بەهەشت (لۆقا ٢٣: ٤٣). لەماوەی نێوان مردن و زیندووبوونەوەی سەردانی شوێنێکی کردووە و پەیامێکی بە ڕۆحەکان راگەیاندووە؛ لەوانەیە فریشتە کەوتووەکان بووبێتن (یەهوزا ١: ٦)، کە بە شیمانەیەکی زۆر دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمی پێش لافاوەکەی نوح (یەکەم پەترۆس ٣: ٢٠). پەترۆس پێمان ناڵێت کە مەسیح چی شتێکی بە ڕۆحەکان گوتووە، بەڵام ناکرێت پەیامی ڕزگاری بووبێت چونکە فریشتەکان ناتوانن ڕزگاریان بێت (عیبرانییەکان ٢: ١٦). دەکرێت پەیامی سەرکەوتنی بەسەر شەیتان و هەموو هێزە خراپەکەی پێڕاگەیاندبێتن (یەکەم پەترۆس ٣: ٢٢، کۆلۆسی ٢: ١٥). هەروەها بەپێی (ئەفەسۆس ٤: ٨- ١٠) پێدەچێت کە مەسیح چووبێت بۆ بەهەشت (لۆقا ٢٦: ٢٠، ٢٣: ٤٣) و هەموو ئەوانەی بردبێت بۆ بەهەشت کە پێش مەرگی باوەڕیان پێی هێناوە. وردەکاری ئەوەی کە ڕوویداوە لە دەقدا باسی لێوەنەکراوە، بەڵام زۆربەی لێکۆڵەران و شارەزایان لەو بڕوایەدان کە (ڕاپێچکراوانی ڕاپێچکرد) دەکرێت بەو شێوەیە ڕوونبکرێتەوە.

لەژێر ڕۆشنایی ئەوەی کە وترا و باسکرا، کتێبی پیرۆز بەتایبەتی و بەڕوونی ناڵێت کە مەسیح لەماوەی سێ ڕۆژی نێوان گیانسپاردن و زیندووبوونەوەکەی چی کردووە. لەوانەیە لەو سێ ڕۆژەدا دڵنەوایی پیرۆزکراوانی کردبێت و بردبێتنی بۆ بەهەشت، هەروەها پەیامی سەرکەوتنی گەیاندبیتە فریشتە کەوتووەکان کە لە زیندان بوون. ئەوەی کە بەدڵنیاییەوە دەیزانین ئەوەیە کە یەزدان دەرفەتی دووبارە ڕزگاربوون بە کەس نادات؛ دوای مردن حوکم دەدرێین و لێپرسینەوەمان لەگەڵ دەکرێت (عیبرانییەکان ٩: ٢٧) و دەرفەتی دووەممان پێنادرێت.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



عیسا لەماوەی سێ ڕۆژی نێوان مردن و زیندووبوونەوەی لەکوێ بوو؟