مەسیحیەت چییە؟ مەسیحییەکان باوەڕیان بە چی هەیە؟



پرسیار: مەسیحیەت چییە؟ مەسیحییەکان باوەڕیان بە چی هەیە؟

وه‌ڵام:
(یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ١- ٤) دەڵێت: "ئه‌ی خوشك و برایانم، ئینجیلتان بیر ده‌خه‌مه‌وه‌ كه‌ موژده‌كه‌م پێ به‌خشین، ئه‌وه‌ی وه‌رتانگرت و هه‌تا ئێستا له‌سه‌ری چه‌سپاون. به‌هۆی ئه‌م ئینجیله‌ ئێوه‌ ڕزگارتان ده‌بێت، ئه‌گه‌ر ده‌ستتان گرت به‌و په‌یامه‌ كه‌ پێم ڕاگه‌یاندن. ئه‌گینا به‌خۆڕایی باوه‌ڕتان هێناوه‌. چونكه‌ ئه‌وه‌م پێدان كه‌ یه‌كه‌مین و گرنگترینه‌ و منیش وه‌رمگرتبوو: كه‌ مه‌سیح له‌ پێناوی گوناهه‌كانمان مرد به‌گوێره‌ی نووسراوه‌كان، ئه‌و نێژرا و له‌ ڕۆژی سێیه‌م هه‌ڵستایه‌وه‌ به‌گوێره‌ی نووسراوه‌كان."

باوەڕ و ئیمانی مەسیحییەکان لەو چەند ئایەتەی سەرەوە روونە. جیاوازی مەسیحییەت لەگەڵ هەموو دینەکانی دیکە ئەوەیە کە مەسیحییەت زیاتر لەوەی کە مەراسم و رێوڕەسمە دینییەکان بێت بریتییە لە پەیوەندییەکی شەخسی. کەسێکی مەسیحی لە جێگەی ئەوەی بیر لەوە بکاتەوە کە چی حەرامە و چی حەڵاڵە، هەوڵ دەدات کە زیاتر و زیاتر پەیوەندی نزیک لەگەڵ خودای باوک دروستبکات. دروستبوونی ئەم پەیوەندییە بە هۆی کارەکانی مەسیح و کاری رۆحی پیرۆزە لە ژیانی باوەڕداراندا.

مەسیحییەکان باوەڕیان وایە کە کتێبی پیرۆز سروشی خودایە و فێرکردنەکانی دوورە لە هەر هەڵەیەکەوە و دەسەڵاتی یەکەمی هەیە (دووەم تیمۆساوس ٣: ١٦، دووەم پەترۆس ١: ٢٠- ٢١). مەسیحییەکان باوەڕیان بە یەک خودایە کە سێ کەسایەتی (شەخسیەتی) هەیە؛ باوک، کوڕ (عیسای مەسیح) و رۆحی پیرۆز.

باوەڕدارانی مەسیح باوەڕ دەکەن کە مرۆڤ بە تایبەتی بۆ ئەوە دروستکراوە کە پەیوەندی لەگەڵ خودا هەبێت، بەڵام گوناه مرۆڤی لە خودا جودا کردەوە (رۆما ٣: ٢٣، ٥: ١٢). مەسحیییەت فێرمان دەکات کە عیسای مەسیح وەکو خودایەکی تەواو و لەهەمان کاتدا مرۆڤێکی بێخەوش هاتە سەر زەوی و لە پێناو گوناهەکانی ئێمەدا گیانی سپارد (فیلیپی ٢: ٦- ١١). هەروەها فێرمان دەکات کە دوای ئەوەی عیسا لە سەر خاچ گیانی سپارد، نێژرا، لە مردن هەستایەوە و ئێستا لە دەستە ڕاستی خودای باوک دانیشتووە وتاهەتایە داکۆکی لە باوەڕداران دەکات (عیبرانییەکان ٧: ٢٥). مەسحییەت ئیدعای ئەوە دەکات کە مردنی عیسا لەسەر خاچ کافییە بۆ ئەوەی بە تەواوی باجی هەموو گوناهەکانی مرۆڤ بدات؛ بەم هۆیەوە پەیوەندی پچڕاوی مرۆڤ و خودا چاک دەکاتەوە (عیبرانییەکان ٩: ١١- ١٤، ١٠: ١٠. رۆما ٥: ٨، ٦: ٢٣).

ئەگەر کەسێک دەیەوێت رزگاری بێت، ئەوا دەبێت بە ئیمانی بەو کارە تەواوە هەبێت کە مەسیح لەسەر خاچ لە پێناو ئەودا کردی. ئەگەر کەسێک باوەڕی بەوە هەبێت کە مەسیح لە جێگەی ئەو گیانی سپارد و باجی گوناهەکانی ئەوی داوە و لە مردنی هەستایەوە، ئەوا ئەو کەسە رزگاری بووە. تۆ بە هیچ جۆرێک ناتوانیت خۆت رزگار بکەیت. هیچ کەسێک "ئەوەندە باش" نییە کە بتوانێت خودا رازی بکات چونکە ئێمە هەموومان گوناهبارین (ئیشایا ٥٣: ٦، ٦٤: ٦- ٧). دووەم، هیچ شتێک نەماوە کە بتوانیت ئەنجامی بدەیت، چونکە مەسیح هەموو کارەکەی کردووە! کاتێک لە خاچ درا، مەسیح فەرمووی: "تەواو بوو" (یۆحەنا ١٩: ٣٠).

هەوەک چۆن کەس ناتوانێت لە رێگەی کارەکانی خۆیەوە رزگاری بەدەست بهێنێت، هیچ کارێکیش ناتوانێت ئەو رزگارییە بێبەری بکات لەو کەسەی کە لە رێگەی ئیمانەوە بەدەستی هێناوە چونکە ئەو کارە لە لایەن مەسیحەوە تەواو کراوە و ئەنجام دراوە! کەواتە لە کرداری رزگار بووندا، عیسای مەسیح بکەرە و کەسیی رزگار بوو بێجگە لە بەرکار هیچ ئەرکێکی دیکەی نییە. واتە ئەو کەسەی کە وەریدەگرێت هیچ دەورێکی نییە. لە (یۆحەنا ١٠: ٢٧- ٢٩) دا نووسراوە "مه‌ڕه‌كانم گوێ له‌ ده‌نگم ده‌گرن، منیش ده‌یانناسم و به‌دوام ده‌كه‌ون، ژیانی هه‌تاهه‌تاییان ده‌ده‌مێ و هه‌رگیز له‌ناو ناچن، كه‌سیش له‌ ده‌ستم نایانڕفێنێت. باوكم كه‌ به‌ منی داون له‌ هه‌مووان گه‌وره‌تره‌، كه‌سیش ناتوانێت له‌ ده‌ستی باوك بیانڕفێنێت."

ئێستا لەوانەیە هەندێک بەهەڵە بیر بکەنەوە و بڵێن: لەمە باشتر نابێت؛ هەرکە رزگارکرام، واتە بۆ هەمیشە رزگارکراوم، ئێستا هەر جۆرێک بمەوێت دەتوانم بژیم بە بێ ئەوەی رزگارییەکەم لەدەست بدەم!" بەڵام دەبێت ئەوەمان بیر نەچێت کە رزگاری واتە دابڕان لە سروشتی کۆن و گوناهبارانەمان. کەسی رزگاربوو لەڕاستیدا تامەزرۆی ئەوەیە کە هەمیشە پەیوەندییەکی نزیک و دۆستانەی لەگەڵ خودا هەبێت. ئەگەر رۆژگارێک کۆیلەی گوناه بووین، ئەوا ئێستا کۆیلەی عیسای مەسیحین (رۆما ٦: ١٥- ٢٢). تا ئەو کاتەی مرۆڤەکان لە جەستە گوناهبارەکەیاندا لەسەر ئەم زەوییە بژین، ئەوا بەردەوام کێشەیان دەبێت لەگەڵ وەسوەسەی گوناهکردندا. بەڵام باوەڕدارانی مەسیح لە ڕێگەی خوێندن و جێبەجێکردنی فێرکردنەکانی کتێبی پیرۆزەوە دەتوانن لە ژیانیاندا بەسەر ئەم وەسوەسەیەدا زاڵ بن و لەلایەن رۆحی پیرۆزەوە بەڕێوەببردرێن. ژیان لە ژێر دەسەڵاتی رۆحی پیرۆزدا واتە خۆسپاردن و پەیڕەوی کردن لە فەرمانەکانی رۆحی پیرۆز لە ژیانی رۆژانەدا.

لە کاتێکدا کە زۆرێک لە دین و مەزهەبەکان داوا لە شوێنکەوتووانیان دەکەن کە هەندێک کاری دیاریکراو بکەن و هەندێکی دیکەش نەکەن، باوەڕی مەسیحییەت واتە دامەزراندنی پەیوەندییەکی شەخسی و زیندوو لەگەڵ خودا. مەسیحییەت باوەڕکردنە بەوەی مەسیح لە سەر خاچ لە پێناو پێدانی باجی گوناهەکانی ئێمە گیانی سپارد و دووبارە لە مردن هەستایەوە و زیندوو بوەوە. لەبەرئەوەی باجی گوناهەکانت دراوە، بۆیە ئێستا دەتوانیت لەگەڵ خودا پەیوەندی شەخسی و تاکەکەسیت هەبێت. دەتوانی بەسەر سروشتی گوناهبارتدا زاڵ بیت و ملکەچی خودا بیت و پەیوەندیت لەگەڵی هەبێت. ئەمە واتای راستەقینەی مەسیحییەتە لە ژێر رۆشنایی کتێبی پیرۆزدا.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



مەسیحیەت چییە؟ مەسیحییەکان باوەڕیان بە چی هەیە؟