کتێبی پیرۆز لەبارەی بەخشینی دەیەک چی دەڵێت؟



پرسیار: کتێبی پیرۆز لەبارەی بەخشینی دەیەک چی دەڵێت؟

وه‌ڵام:
زۆر لە مەسیحییەکان کێشەیان لەگەڵ بابەتی دەیەک هەیە. لە هەندێ لە کەنیسەکاندا لەڕادەبەدەر پێداگری لەسەر ئەم بابەتە دەکەن. لە هەمان کاتدا ژمارەیەکی زۆر لە مەسیحییەکان ڕەتیدەکەنەوە کە ملکەچی هاندانەکانی کتێبی پیرۆز بن کە باس لە پێشکەشکردنی قوربانی بۆ یەزدان دەکەن. دەیەک (بەخشین) بۆ ئەوەیە کە ببێتە مایەی خۆشی و بەرەکەت، بەڵام بەداخەوە هەندێک جار لە کەنیسەکانی ئەمڕۆماندا بەو شێوەیە نییە.

دەیەک چەمکێکی تایبەت بە پەیمانی کۆنە. دەیەک فەرمانێکی شەریعەت بوو کە ئیسرایلییەکان دەبوا لە ١٠٪ی بەرهەمی دانەوێڵە و مەڕ و ماڵاتەکەیان پێشکەشی چادری چاوپێکەوتن (پەرستگا) بکردبا (لێڤییەکان ٢٧: ٣٠، سەرژمێری ١٨: ٢٦، دواوتار ١٤: ٢٤، دووەم پوختەی مێژوو ٣١: ٥). لەڕاستیدا شەریعەتی پەیمانی کۆن داوای بەخشینی چەند دەیەکێکی دەکرد، یەکێکیان بۆ لێڤییەکان؛ یەکێکیش بۆ کاروباری پەرستگا و جەژن و بۆنەکان، یەکێکی دیکەش بۆ هەژار و دەستکورتانی وڵات کە سەرجەمی دەگەیشتە ٢٣.٣٪. هەندێک کەس دەیەکی پەیمانی کۆن وەکو شێوازی وەرگرتنی باج چاولێدەکەن کە لەو ڕێگەیەوە پێویستییەکانی کاهینان و لێڤییەکان بە سیستەمێکی قوربانی دابیندەکرا.

لە هیچ شوێنێکی کتێبی پیرۆزدا نەهاتووە کە فەرمان یان پێشنیاری پێدانی سیستەمی یاسایی دەیەکی بە مەسیحییەکانی کردبێت. لە کتێبی پیرۆزدا بە هیچ جۆرێک باس لەوە نەکراوە کە باوەڕدار دەبێت ڕێژەیەکی دیاریکراو لەو پارەیەی کە دەستی دەکەوێت بخاتە لایەکەوە، بەڵکو دەڵێت کە "بەپێی توانای مادی هەرکەسێک" کۆمەک و هاوکاری دەبێت بدرێت (سەیری یەکەم کۆرنسۆس ١٦: ٢ بکە). هەندێک لە کەنیسەکان فەرمانی دەیەکی پەیمانی نوێیان هێناوە و وەکو "کەمترین ئاستی پێشنیارکراو" بەسەر بەخشینی باوەڕدارانیدا جێبەجێی دەکەن.

پەیمانی نوێ باسی گرنگی و سوودەکانی بەخشین دەکات. دەبێت بەپێی توانا ببەخشین. ئەمە هەندێ کات لە دەیەک زیاتر دەگرێتەوە، هەندێ جاریش دەکرێت کەمتر بێت. هەمووی پەیوەندی بە توانای باوەڕدارەکە و پێویستی کەنیسەوە هەیە. هەموو باوەڕدارێک دەبێت بە گەرموگوڕییەوە نوێژ بکات و داوای دانایی لە یەزدان بکات لەبارەی بەشداری کردن لە بەخشینی دەیەک و ئەو ڕێژەیەی کە دەبێت بیبەخشێتە کەنیسە (یاقوب ١: ٥).

لەسەرووی هەموو ئەمانەوە، هەموو دەیەک و بەخشینێک دەبێت بە نیەتێکی پاکەوە بێت و بەشێک بێت لە پەرستنی یەزدان و خزمەتکردنی جەستەی مەسیح کە کەنیسەیە. "با هه‌ریه‌كه‌ ئه‌وه‌نده‌ی له‌سه‌ر دڵیه‌تی بیدات، نه‌ك به‌ دڵته‌نگی و ناچاری، چونكه‌ ئه‌وه‌ی به‌ دڵخۆشییه‌وه‌ ببه‌خشێت خودا خۆشی ده‌وێت" (دووەم کۆرنسۆس ٩: ٧).



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



کتێبی پیرۆز لەبارەی بەخشینی دەیەک چی دەڵێت؟