گرنگی عەماد (لەئاوهەڵکێشان)ی مەسیحییەکان چییە؟



پرسیار: گرنگی عەماد (لەئاوهەڵکێشان)ی مەسیحییەکان چییە؟

وه‌ڵام:
عەمادی مەسیحییەکان یەکێکە لەو دوو فەرمانەی کە عیسای مەسیح بۆ کەنیسەی دانا. عیسای مەسیح پێش ئەوەی بەرزبکرێتەوە بۆ ئاسمان، فەرمووی: "بڕۆن، هه‌موو نه‌ته‌وه‌كان بكه‌نه‌ قوتابی، به‌ ناوی باوك و كوڕ و ڕۆحی پیرۆز عەمادیان بکەن، فێریان بكه‌ن كه‌ پابه‌ند بن به‌ هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی كه‌ ڕامسپاردوون. دڵنیابن من هه‌موو ڕۆژێك له‌گه‌ڵتانم، هه‌تا كۆتایی ڕۆژگار" (مەتا ٢٨: ١٩- ٢٠). بەپێی ئەم ڕێنماییانەی عیسای مەسیح، کەنیسە بەرپرسیاریەتی ئەوەی لەسەر شانە کە باسی پەیامی مەسیح بکات و قوتابی دروست بکات و عەمادیان بکات. ئەم شتانە دەبێت لە هەموو شوێنێک ئەنجامبدرێت، "هەموو نەتەوەکان ..... هەتا کۆتایی ڕۆژگار." ئەگەر لەبەر هیچ شتێكی دیکەش نەبێت تەنیا لەبەرئەوەی مەسیح فەرمانی کردووە، عەماد (لەئاوهەڵکێشان) گرنگە.

عەمادکردن تەنانەت پێش پەیدابوونی کەنیسەش ئەنجامدەدرا. جولەکەکان ئەندامە نوێیەکانیان عەماد دەکرد بۆ دەرخستنی "پاکبوونەوە"ی سروشتی کەسە گۆڕاوەکە. یەحیای عەمادکار، عەمادی بۆ ئامادەکردنی ڕێگەی یەزدان بەکارهێنا، دەیوت کە دەبێت هەموو کەسێک، نەک تەنیا ناجولەکەکان، عەمادبکرێت چونکە هەموو کەسێک دەبێت تۆبە بکات. بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا، عەمادی یەحیا کە نیشانەی تۆبەکردنە جیاوازە لە عەمادی مەسیحییەکان؛ وەک چۆن لە (کرداری نێردراوان ١٨: ٢٤- ٢٦ و ١٩: ١- ٧) باسی لێوەکراوە. عەمادی مەسیحییەکان واتا و گرنگییەکی قوڵتری هەیە.

عەمادکردن دەبێت بە ناوی باوک و کوڕ و ڕۆحی پیرۆزەوە ئەنجامبدرێت، بەم شێوەیە دەبێتە عەمادی مەسیحی. لەڕێگەی ئەم فەرمانەوەیە کە باوەڕداری نوێ دەبێتە بەشێک لە کۆمەڵی باوەڕدارانی کەنیسە. کاتێک ڕزگارمان دەبێت (کاتێک باوەڕدەهێنین بە مەسیح)، بە ڕۆحی پیرۆز "عەماد دەکرێین" و دەبینە بەشێک لە جەستەی مەسیح کە کەنیسەیە. لە (یەکەم کۆرنسۆس ١٢: ١٣)دا هاتووە: "چونكه‌ هه‌موومان به‌ یه‌ك ڕۆح بۆ یه‌ك جه‌سته‌ عەمادکراین، جوله‌كه‌ یان ناجوله‌كه‌، كۆیله‌ یان ئازاد، هه‌موومان یه‌ك ڕۆحمان پێدرا بیخۆینه‌وه‌." عەمادی ئاو، "نمایشی دووبارەی" عەمادی ڕۆحە.

عەمادکردن ڕێگەیەکە کە باوەڕدار بەشێوەیەکی ئاشکرا دان بەوەدا دەنێت کە باوەڕی بە مەسیح هێناوە و قوتابیبوونی خۆی دەردەخات. عەمادکردن واتە وتنی: "من دان بەوەدا دەنێم کە باوەڕم بە مەسیح هەیە، عیسای مەسیح ڕۆحمی لە گوناه پاککردەوە، بۆیە ئێستا بەهۆی پاکبوونەوەم، ژیانێکی نوێم هەیە."

عەمادکردن نیشانەی مردن و ناشتن و زیندووبوونەوەی عیسای مەسیحە. هەروەها نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە سەبارەت بە گوناه دەمرین و لەڕێگەی مەسیحەوە ژیانێکی نوێمان دەبێت. کاتێک گوناهبار دان بە پەروەردگاربوونی مەسیحدا دەنێت، سەبارەت بە گوناه دەمرێت (ڕۆما ٦: ١١) و زیندوودەبێتەوە و ژیانێکی نوێی دەبێت (کۆلۆسی ٢: ١٢). نقومبوون لە ئاودا نیشانەی مردنە سەبارەت بە گوناه، هەستانەوە لەناو ئاوەکە نیشانەی ئەو ژیانە نوێ و پیرۆزەیە کە لە دوای ڕزگارییەوە دەستمان دەکەوێت. (ڕۆما ٦: ٤) بەم شێوەیە باسی ئەمە دەکات: "بۆیه‌ به‌ عەمادکردن له‌گه‌ڵ ئه‌و بۆ مردن نێژراین، تاكو چۆن مه‌سیح له‌نێو مردووان به‌ شكۆی باوكه‌وه‌ هه‌ڵستایه‌وه‌، ئێمه‌ش له‌ نوێیه‌تی ژیاندا بژین."

ئەگەر بە سادەیی بیڵێین، عەمادکردن شایەتییەکی دەرەکییە بۆ گۆڕانکاری ناوەکی لە ژیانی باوەڕداردا. عەمادکردن کرداری گوێڕایەڵبوونە بۆ پەروەردگار لەدوای ڕزگاربوون. سەرەڕای ئەوەی کە عەماد زۆر لە ڕزگارییەوە نزیکە بەڵام دەبێت ئەوە بزانین کە ڕزگاربوون پەیوەست نییە بە عەماکردنەوە. لە زۆر شوێنی کتێبی پیرۆزدا هاتووە کە ڕیزبەندی ڕووداوەکە بەم شێوەیەیە: ١) کەسەکە باوەڕ بە عیسای پەروەردگار دێنێت، دواتر ٢)عەماد دەکرێت. ئەمە لە (کرداری نێردراوان ٢: ٤١)دا هاتووە: "ئه‌وانه‌ی كه‌ قسه‌كه‌ی (پەترۆس)یان وه‌رگرت عەمادکران، له‌و ڕۆژه‌دا نزیكه‌ی سێ هه‌زار كه‌س هاتنه‌ ڕیزی باوه‌ڕدارانه‌وه‌." (هەروەها بڕوانە ١٦: ١٤- ١٥)

باوەڕداری نوێی مەسیحی دەبێت حەزبکات کە بە زووترین کات عەمادبکرێت. لە (کرداری نێردراوان ٨: ٣٥- ٣٦)دا هاتووە: "ئینجا فیلیپۆس له‌م نووسراوه‌ پیرۆزه‌وه‌ ده‌ستی كرد به‌ ڕوونكردنه‌وه‌ی ده‌قه‌كه‌ و مزگێنیی عیسای دایێ. كاتێك به‌ ڕێگاوه‌ بوون، گه‌یشتنه‌ سه‌ر ئاوێك، خه‌ساوه‌كه‌ گوتی: ئه‌وه‌ ئاوه‌، چی ڕێم لێ ده‌گرێت عەمادبکرێم؟" دەستبەجێ گالیسکەکەی ڕاگرت و فیلیپۆس کابراکەی عەمادکرد.

عەمادکردن نیشانەی یەکسانی باوەڕدارە لە مردن و ناشتنی و زیندووبوونەوەی عیسای مەسیح. لە هەرشوێنێک پەیامی ئینجیلی تێدا بڵاوبکرێتەوە و خەڵکی باوەڕبهێنن، دەبێت ئەو کەسانە عەمادبکرێن.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



گرنگی عەماد (لەئاوهەڵکێشان)ی مەسیحییەکان چییە؟