ئایا کتێبی پیرۆز بەڕاستی وشەی خودایە؟



پرسیار: ئایا کتێبی پیرۆز بەڕاستی وشەی خودایە؟

وه‌ڵام:
وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە نەک تەنیا ڕوانینمان لەبارەی کتێبی پیرۆز و گرنگی کتێبی پیرۆز لە ژیانی رۆژانەماندا دەردەخات، بەڵکو لە دوماییدا کاریگەرییەکی هەمیشەیی لەسەرمان دەبێت. ئەگەر کتێبی پیرۆز بەڕاستی وشەی خودایە، ئەوا دەبێت تامی بکەین، ملکەچی بین، و متمانەی پێبکەین. ئەگەر کتێبی پیرۆز وشەی خودایە، ئەوا پشتگوێ خستنی وشەی خودا واتە پشتگوێ خستنی خودی خودا.

ئەو ڕاستییەی کە خودا کتێبی پیرۆزی بۆمان دابین کردووە بەڵگە و دەرخەری خۆشەویستییەتی بەرامبەر ئێمە. دەستەواژەی "ئاشکراکردن" زۆر بە سادەیی واتە خودا قسەی لەگەڵ مرۆڤ کرد دەربارەی ئەوەی کە چۆنە و ئێمە بە چ رێگەیەک دەتوانین پەیوەندییەکی دروست و راستمان لەگەڵی هەبێت. هەرگیز ئەم راستییەمان نەدەزانی ئەگەر خودی خودا لە کتێبی پیرۆزدا دەربارەی خۆی بۆمانی ئاشکرا نەکردبا. هەرچەندە ئەم ئاشکراکردنە بەشێوەیەکی بەردەوام (تدریجی) و لە ماوەی ١٥٠٠ ساڵدا کامڵ کرا، ئاشکرادنەکەی خودا هەمیشە ئەو زانیارییانەی لەخۆ گرتووە کە مرۆڤ پێویستی پێیەتی بۆ ناسینی خودا تاوەکو پەیوەندییەکی دروستی لەگەڵ هەبێت. ئەگەر کتێبی پیرۆز بەڕاستی وشەی خودایە، ئەوا بەهێزترین و سەرەکیترین سەرچاوەی ئێمەیە لەمەڕ هەموو بابەتێکی پەیوەست بە ئیمان و ژیانی مەسیحی و ئاکار و ئەخلاق.

ئەو پرسیارەی کە ئێستا دەبێت لە خۆمانی بکەین ئەمەیە: چۆن بزانین کتێبی پیرۆز وشەی خودایە و تەنها کتێبێکی باش نییە و هیچی تر؟ چ تایبەتمەندییەک لە کتێبی پیرۆزدا هەیە کە وادەکات لە سەرووی هەموو کتێبەکانی دیکەوە بێت؟ ئایا هیچ بەڵگەیەکمان لەبەردەستدایە کە بیسەلمێنێت کتێبی پیرۆز بەڕاستی وشەی خودایە؟ ئەمانە ئەو جۆرە پرسیارانەن کە دەبێت بە جدی وەڵامیان بدەینەوە و بیانخەینە ژێر وردبینەوە ئەگەر هاتوو ویستمان راستی ئیدعای کتێبی پیرۆز بسەلمێنین کە سروشی خودایە و بۆ هەبوونی باوەڕ و گەشەی ژیانی مەسیحی، هێز و دەسەڵاتی تەواوی هەیە.

ناتوانین بە هیچ شێوەیەک حاشا لەو راستییە بکەین کە کتێبی پیرۆز ئیدعای ئەوە دەکات کە وشەی خودایە. ئەم بابەتە لە پەیامەکەی پۆڵۆس بۆ تیموساوسدا تەواو روونە: ".... له‌ منداڵییه‌وه‌ له‌ نووسراوه‌ پیرۆزه‌كان ده‌زانیت كه‌ ده‌توانن بتكه‌نه‌ دانا بۆ ڕزگاری، به‌هۆی باوه‌ڕ به‌ عیسای مه‌سیح. هه‌موو نووسراوه‌كان له‌ سروشی خودایه‌، سوودبه‌خشه‌ بۆ فێركردن و سه‌رزه‌نشت و ڕاسته‌ڕێكردن و لێڕاهێنان له‌ ڕاستودروستی، تاكو مرۆڤی خودا ته‌واو بێت، ئاماده‌ بێت بۆ هه‌موو كارێكی چاك" (دووەم تیمۆساوس ٣: ١٥- ١٧).

هەم بەڵگەی دەرەکی و هەم بەڵگەی ناوەکیمان هەیە کە دەیسەلمێنن کتێبی پیرۆز بەڕاستی وشەی خودایە. بەڵگە ناوەکییەکان ئەو شتانەن کە لە کتێبی پیرۆزدان و شایەتی ئەوە دەدەن کە سەرچاوەکەی خودایە. یەکێک لە بەڵگە هەرە سەرەتاییەکان لە کتێبی پیزۆزدا کە دەیسەلمێین وشەی خودایە، بریتییە لە هاوئاهەنگی و یەکگرتوویی دەقەکەی. سەرەڕای ئەوەی کە کتێبی پیرۆز لە شەست و شەش کتێب پێکهاتووە، لە سێ کیشوەر و بە سێ زمانی جیاواز بە درێژایی ماوەی ١٥٠٠ ساڵدا لە لایەن ٤٠ نووسەرەوە نووسراون کە لە پێگەی کۆمەڵایەتیدا جیاواز بوون بەڵام کتێبێکی یەکگرتوو و یەکپارچەیە. واتە هەر لە سەرەتاوە تاوەکو کۆتایی هیچ رەتکردنەوە و دژایەتییەکی تێدا نییە، کە ئەمەش وادەکات کتێبی پیرۆز کتێبێکی تایبەت و تاک بێت. ئەمە دەرخەری ئەو راستیەیە کە کتێبی پیرۆز سەرچاوەکەی خودایە و خودا بەشێوەیەک رێنوێنی مرۆڤی کردووە کە بتوانن وشەکانی بنووسنەوە.

یەکێکی دیکە لەو بەڵگانەی کە دەیسلەمێنێت کتێبی پیرۆز بەڕاستی وشەی خودایە بریتییە لەو پێشبینییانەی کە تێیدا تۆمار کراوە. کتێبی پیرۆز سەدان پێشبینی وردی تێدایە لەبارەی داهاتووی نەتەوەکانەوە لەوانە ئیسراییل، هەروەها داهاتووی چەند شارێکی جیاواز و داهاتووی مرۆڤایەتی تادەگاتە باسکردنی هاتنی کەسێکی تایبەت کە دەبێتە مەسیح (مەشیاخ)؛ رزگارکار نەک تەنیا گەلی ئیسراییل رزگاردەکات بەڵکو هەموو ئەوانەش رزگار دەکات کە باوەڕی پێدەهێنن. بەپێچەوانەی پێشبینی کتێبی دینەکانی دیکە و یان ئەو کتێبانەی کە لە لایەن نۆستراداموسەوە (١٥٠٣- ١٥٦٦ز، زانایەکی فەڕەنسی بواری فیزیا بووە. پێی وابووە کە دەتوانێت پێشبینی بکات و بێنە دی) نووسراوە، پێشبینییەکانی کتێبی پیرۆز بە وردی باس کراون و هەمیشە بە تەواوی بەدیهاتوون. تەنها لە پەیمانی کۆندا زیاتر لە سێ سەد پێشبینی لەسەر عیسای مەسیح هەیە. نەک تەنیا باسی ئەوە کراوە کە لە کوێ لەدایک دەبێت و لە چی خێزانێکەوە دێت بەڵکو باسی ئەوەش کراوە کە چۆن گیانی دەسپێرێت و چۆن لە رۆژی سێیەمدا لە مردن هەڵدەستێتەوە. هیچ بەڵگەیەکی لۆژیکی لەبەردەستدا نین کە بتوانێت ئەمە روون بکەنەوە جگە لەوەی کە کتێبی پیرۆز سەرچاوەیەکی خودایی هەیە. هیچ کتێبێکی دیکە بوونی نییە جگە لە کتێبی پیرۆز کە ئەم هەموو پێشبینیە و ئەم جۆرە پێشبینییانە لە خۆ بگرێت.

سێیەم بەڵگەی ناوەکی کە دەیسەلمێنیت کتێبی پیرۆز سەرچاوەیەکی خودایی هەیە بریتییە لە هێزو دەسەڵاتە بێهاوتاکەی. لەوانەیە وا دەرکەوێت کە ئەمەیان بەڵگەیەکی لاوازە بە بەراورد لەگەڵ دوو بەڵگەکەی سەرەوەدا بەڵام لە راستیدا هیچ کتێبێک وەکو کتێبی پیرۆز هێز و دەسەڵاتی نییە. لە رێگەی خوێندنی کتێبی پیرۆزەوە و بەهۆی ئەو هیزە سەروو سروشتەی کە کتێبی پیرۆز هەیەتی، ژمارەیەک بێشومار لە خەڵکی ژیانیان گۆڕدراوە. تووشبووانی مەوادی موخەدر و هاوڕەگەزەکان رزگاریان بووە، سەرپێچیکاران و تاوانبارانی کۆمەڵگە گۆڕدراون. گوناهبارەکان سەرزەنشت کراون، بە خوێندنەوەی کتێبی پیرۆز خۆشەویستی جێگەی رقی گرتوەتەوە. کتێبی پیرۆز دەسەڵات و هێزێکی جووڵەداری (داینامیکی) تایبەتی هەیە کە توانای گۆڕینی مرۆڤەکانی هەیە، ئەمەش تەنها بە هۆی ئەوەی کە کتێبی پیرۆز بەڕاستی وشەی خودایە.

وەک چۆن بەڵگەی ناوەکیمان هەبوو، بەڵگەی دەرەکیشمان هەیە کە دەیسەلمێنێت کتێبی پیرۆز بەڕاستی وشەی خودایە. یەکێک لەو بەڵگانە بریتییە لە مێژوو. کتێبی پیرۆز چەندین رووداوی مێژوویی لەخۆ دەگرێت. هەر بۆیە پێویستە وەکو هەر بەڵگەیەکی دیکەی مێژوویی لە راستی و حەقیقی بوونی بکۆڵینەوە. بەڵگە شوێنەوارییەکان و نووسینە کۆنە میژووییەکانی تایبەت بە کتێبی پیرۆز چەندین جار راستی و دەقیقی کتێبی پیرۆزیان پشتڕاست کردووەتەوە. لە ڕاستیدا بەڵگە شوێنەوارییەکان و دەقە کۆنە مێژووییەکان وادەکەن کە کتێبی پیرۆز باشترین و دەقیقترین کتێبی بەڵگەیی سەردەمی کۆن بێت. شیکردنەوەی ورد و دروستی رووداوە مێژوویەکان لە کتێبی پیرۆزدا دەیسەلمێنن کە کتێبێکی راست و متمانەپێکراوی خودایە. لەبەرئەوەی کە وشەی خودایە کەواتە هەموو فێرکردنەکانی جێگەی متمانەن.

بەڵگەیەکی دیکەی دەرەکی کە دەیسەلمێنێت کتێبی پیرۆز بەڕاستی وشەی خودایە بریتییە لە راستگۆیی نووسەرەکان. وەک چۆن پێشتر ئاماژەمان پێدا، خودا چەندین مرۆڤی لە چینە جیاوازەکان هەڵبژارد تاوەکو وشەکانی ئەومان بۆ تۆمار بکەن. ئەگەر لێکوڵینەوە لە ژیانی ئەو کەسانە بکەین ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە هیچ هۆکارێک لە ئارادا نییە تاکو باوەڕ بەوە بکەین کە ئەو کەسانە لە گواستنەوەی پەیامەکاندا راستگۆ و ئەمانەت پارێز نەبوون. کاتێک لە ژیانی ئەو نووسەرانە ورد دەبینەوە کە چۆن ئامادە بوون گیانیان بەخت بکەن لە پێناو ئەوەی کە باوەڕیان پێیەتی، ئەو کات تەواو بۆمان روون دەبێتەوە کە ئەم کەسە سادە و راستگۆیانە بەڕاستی باوەڕیان بەوە هەبووە کە خودا لەگەڵیان قسەی کردووە. نووسەرانی پەیمانی نوێ و سەدان کەسی دیکەش دڵنیا بوون لە راستی پەیامەکەیان چونکە عیسای مەسیحیان بینیوە و کاتیان لەگەڵ بەسەر بردووە دوای ئەوەی کە لە مردن هەستایەوە (یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ٦). سەردانکردنی مەسیحی زیندوەوەبوو، بەشێوەیەک ژیانی ئەوانی گۆڕی کە لە جێگەی ئەوەی وەکو پێشتر خۆیان بشارنەوە، ئامادەبوون لە پێناو ئەو پەیامەی کە خودا بۆی ئاشکراکردوون گیانی خۆیان بەخت بکەن. ژیانیان و مردنیان دەرخەری ئەو راستییەیە کە کتێبی پیرۆز بەڕاستی وشەی خودایە.

کۆتا بەڵگەی دەرەکی کە دەیسەلمێنێت کتێبی پیرۆز بەڕاستی وشەی خودایە بریتییە لە مانەوەی بە درێژایی ئەم هەموو ماوەیە. لەبەرئەوەی کە کتێبی پیرۆز ئیدعای ئەوەی کردووە کە وشەی خودایە بۆیە بە درێژایی مێژوو لە کتێبەکانی دیکە زیاتر هێرشی کراوەتە سەر و هەوڵی لەناوبردنی دراوە. هەر لە سەرەتای ئیمپراتۆرە رۆمییەکانەوە تاوەکو دەگاتە دیکتاتۆرە کۆمیونستەکان و ئێستاش ئەیتیەستەکان و بێباوەڕەکان، کتێبی پیرۆز بەرگەی هەموو هێرشەکانی گرتووە و تا ئێستاش تاکە کتێبێکە لە هەموو جیهاندا کە زۆرترین ژمارەی لێ چاپ دەکرێت.

بەدرێژایی مێژوو، بێباوەڕەکان کتێبی پیرۆزیان وەکو ئەفسانە تماشا کردووە، بەڵام ئاسەوارە مێژووییەکان بوونی کتێبی پیرۆزیان وەکو بەڵگەیەکی مێژویی هێشتووەتەوە. ئەوانەی کە دژی کتێبی پیرۆزن ئیدعای ئەوە دەکەن کە فێرکردنەکانی کۆن بوون و بەسەرچوون، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە بنەما و فێرکردنە ئەخلاقی و یاساییەکانی کتێبی پیرۆز کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر کۆمەڵگە و فەرهەنگەکانی هەموو جیهان هەبووە و هەیە. هەمیشە و بەردەوام تا ئێستاش زانست و دەروون ناسی و بزوتنەوە سیاسییەکان هێرش دەکەنە سەری، بەڵام کتێبی پیرۆز سەرەڕای هەموو ئەوانەش ئێستا وەکو سەرەتای کاتی نووسینی هەر راستە و وەڵامدەرەوەی پێویستییەکانی مرۆڤی ئەم سەردەمەیە. بە درێژایی ٢٠٠٠ ساڵی رابردوو، کتێبی پیرۆز ژیانی ژمارەیەک بێشووماری خەڵکی گۆڕیوە و کاریگەرییەکی بێ هاوتای ئەرێنی لەسەر چەندین فەرهەنگی جیاواز هەبووە.

بە پێچەوانەی ویست و ئارەزووی ئەوانەی کە دژایەتی دەکەن و هێرشی دەکەنە سەر و هەوڵی لەناوبردنی دەدەن و دەیانەوێت لە گرنگییەکەی کەم بکەنەوە، کتێبی پیرۆز هەر وەکو خۆی بە بەهێزی و بەڕاستی و بەکاریگەری ماوەتەوە. ئەو بە جێگیری مانەوەیەی کتێبی پیرۆز لە بەرمبەر ئەو هەمووە هەوڵی گۆڕین و لەناوبردن و هێرشە؛ دەرخەری ئەو راستیەیە کە خودا خۆی دەیپارێزێت چونکە وشەی خۆیەتی. نابێت سەرمان لەوە بسوڕمێت کە هەڕەشەکانی سەر کتێبی پیرۆز هەرچۆنێک بن، هەمیشە بە سەلامەت و دەستکاری نەکراو ماوەتەوە و دەمێنێتەوە. مەسیح خۆی دەفەرمویت: "ئاسمان و زەوی بەسەردەچن بەڵام وشەکانم هەرگیز بەسەرناچن" (مەرقۆس ١٣: ٣١).



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



ئایا کتێبی پیرۆز بەڕاستی وشەی خودایە؟