settings icon
share icon
پرسیار

بۆچوونی کتێبی پیرۆز چییە لەسەر پەیوەندی جنسی (سێکس) پێش هاوسەرگیری؟

وه‌ڵام


هیچ وشەیەکی عیبری یان یۆنانی لە کتێبی پیرۆزدا نییە کە بەتایبەتی مەبەستی لە دەستەواژەی "پەیوەندی جنسی پێش هاوسەرگیری" بێت. کتێبی پیرۆز بەتەواوی و بەڕوونی دژی داوێنپیسی و لەشفرۆشییە و مەحکومی دەکات، بەڵام ئایا پەیوەندی جنسی پێش زەواج دەچێتە چوارچێوەی داوێنپیسییەوە؟ بەپێی (یەکەم کۆرنسۆس ٧: ٢) وەڵامەکە بەڵێیە: "به‌ڵام له‌به‌ر داوێنپیسی، با هه‌ر پیاوێك ژنی خۆی هه‌بێت و هه‌ر ژنێك مێردی خۆی هه‌بێت." لەم ئایەتەدا پۆڵس دەڵێت کە زەواج "دەرمان"ی داوێنپیسییە. بەشێوەیەکی سادەتر ئەگەر بیڵێین، پۆڵس دەڵێت: لەبەرئەوەی خەڵکی ناتوانن دەستبەسەر خۆیاندا بگرن و زۆر کەس لە دەرەوەی چوارچێوەی خێزان داوێنپیسی دەکەن، بۆیە دەبێت هاوسەرگیری بکەن؛ ئەوکات دەتوانن حەز و ئارەزووەکانیان لەڕێگەیەکی ئەخلاقییەوە تێربکەن.

(یەکەم کۆرنسۆس ٧: ٢) بابەتی پەیوەندی جنسی لە پێش هاوسەرگیری مەحکوم دەکات چونکە دەچێتە چوارچێوەی داوێنپیسییەوە، کەواتە هەموو ئەو ئایەتانەی دیکەش کە داوێنپیسی مەحکوم دەکەن و بە گوناه باسی دەکەن، هەروەها پەیوەندی جنسیش پێش زەواج مەحکوم دەکەن و بە گوناهی دەزانن. پەیوەندی جنسی پێش زەواج لە پێناسەی کتێبی پیرۆزدا لە قاڵبی داوێنپیسیدا جێی دەبێتەوە. چەندین ئایەتی کتێبی پیرۆز ڕایدەگەیەنن کە پەیوەندی جنسی پێش زەواج گوناهە (کرداری نێردراوان ١٥: ٢٠، یەکەم کۆرنسۆس ٥: ١، ٦: ١٣، ١٨، ١٠: ٨، دووەم کۆرنسۆس ١٢: ٢١، گەلاتیا ٥: ١٩، ئەفەسۆس ٥: ٣، کۆلۆسی ٣: ٥، یەکەم تسالۆنیکی ٤: ٣، یەهوزا ٧). کتێبی پیرۆز هانمان دەدات کە پێش هاوسەرگیری لە پەیوەندی جنسی دووربکەوینەوە. پەیوەندی جنسی نێوان ژن و مێرد تاکە پەیوەندییەکە کە کتێبی پیرۆز ڕێگەی پێدەدات (عیبرانییەکان ١٣: ٤).

بەداخەوە کە لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا، پەیوەندی جنسی پێش زەواج بە هۆکارگەلێکی زۆر بووەتە شتێکی تەواو ئاسایی. زۆربەی کات تەنیا سەیری لایەنە "سەرگەرمی"یەکەی دەکەین و غافڵین لە بینینی لایەنی "وەچەخستنەوە"کەی. پەیوەندی جنسی لە چوارچێوەی خێراندا چێژبەخشە، یەزدان بە شێوەیەک ژن و مێردی ئافەراندووە کە بتوانن چێژ لەو پەیوەندییە وەربگرن. (گۆرانی گۆرانییەکانی سلێمان) و چەندین دەقی دیکەی کتێبی پیرۆزی وەکو (زەبوورەکان ٥: ١٩) بەڕوونی باسی چێژی پەیوەندی جنسی دەکەن. بەڵام هاوسەرەکان (ژن و مێرد) دەبێت لەوە تێبگەن کە ویستی یەزدان لە پەیوەندی جنسی نێوانیان وەچەخستنەوەش لەخۆ دەگرێت. هەربۆیە پەیوەندی جنسی لە دەرەوەی پەیوەندی ژن و مێردایەتی دوو جارە هەڵەیە؛ یەکەم هەڵە ئەوەیە کە چێژێک وەردەگرن کە بۆ ئەوان نەکراوە، دووەمیش ئەوەیە کە لەوانەیە بەو هۆیەوە لە دەرەوەی پێکهاتەی ئەو خێزانەی کە یەزدان بۆ هەموو منداڵێکی دەوێت، منداڵێک بێننە دنیاوە.

یەزدان پەیوەندی جنسی پێش زەواجی لە ئێمە قەدەغە نەکردووە لەبەرئەوەی کە ئێمە لە چێژ و خۆشی بەدووربین بەڵکو قەدەغەی کردووە تاکو ڕێگری بکرێت لە سکپڕبوونی نەخواستە، لەدایکبوونی ئەو منداڵانەی کە دایک و باوکیان نایانەوێن، هتد. بیهێنە بەرچاوی خۆت ئەگەر پلان و ویستی یەزدان لەم بارەوە جێبەجێبکرێت دنیای ئێمە چەندە باشتر دەبوو: بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی جنسی و دایکانی زەواجنەکردوو، سکپڕبوونی نەخواستە، لەباربردنی منداڵ، هتد چەندە کەم دەبوونەوە.

دوورکەوتنەوە لە پەیوەندی جنسی پێش زەواج تاکە ویستی یەزدانە. دوورکەوتنەوە دەبێتە هۆی پاراستنی منداڵ، پەیوەندی جنسی نرخی خۆی بۆ دەگەڕێتەوە، لە هەمووی گرنگتر یەزدان شکۆدار دەبێت.

English



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی

بۆچوونی کتێبی پیرۆز چییە لەسەر پەیوەندی جنسی (سێکس) پێش هاوسەرگیری؟
Facebook icon Twitter icon Pinterest icon Email icon
© Copyright Got Questions Ministries