settings icon
share icon
پرسیار

چۆن ویستی خودا لە ژیانمدا بزانم؟ کتێبی پیرۆز لەسەر زانینی ویستی خودا چی دەڵێت؟

وه‌ڵام


زۆر گرنگە کە ویست و ئیرادەی خودا بزانین. مەسیح فەرمووی کە خزم و کەسی حەقیقی ئەو، ئەوانەن کە ویستی خودا دەزانن و ملکەچی دەبن؛ "ئەوەی بە خواستی خودا بکات، خوشک و برا و دایکمە" (مەرقۆس ٣: ٣٥). لە نموونەی دوو کوڕەکەدا، عیسای مەسیح سەرزەنشتی کاهینانی باڵا و پیرانی گەلی کرد کە بۆچی بەپێی خواستی خودا هەڵسوکەوت ناکەن، بە تایبەتی لەوەدا کە "تۆبەیان نەکرد و باوەڕیان نەکرد" (مەتا ٢١: ٣٢). سەرەتاییترین ویستی خودا ئەوەیە کە تۆبە بکەین و متمانە بە عیسای مەسیح بکەین. ئەگەر ئەو یەکەم هەنگاوەمان نەنابێت، واتە هێشتا ویستی خودامان قبووڵ نەکردووە.

کاتێک ئیمانمان بە مەسیح هێنا، ئەوا دەبینە رۆڵەی خودا (یۆحەنا ١: ١٢)، خودا حەز دەکات کە رێنماییمان بکات بۆ رێگەی خوی (زەبوورەکان ١٤٣: ١٠). خودا نایەوێت ویست و ئیرادەی خۆیمان لێبشارێتەوە، بەڵکو دەیەوێت ئاشکرایان بکات و بۆمان دەربخات. لەراستیدا، خودا پێشوەختە لە وشەکانیدا (کتێبی پیرۆز) چەندین رێنمایی پێبەخشیوین. لە نموونەی هەندێ لەو رینماییانە؛ لە (یەکەم تسالۆنیکی ٥: ١٨) دا هاتووە: "بۆ هه‌موو شتێك سوپاسی خودا بكه‌ن، چونك خواستی خودا ئەمەیە بۆ ئێوە له‌ عیسای مه‌سیحدا." دەبێت کاری باش ئەنجام بدەین (یەکەم پەترۆس ٢: ١٥). " چونكه‌ ئه‌مه‌یه‌ خواستی خودا: پیرۆزكردنتان، واز له‌ داوێنپیسی بهێنن" (یەکەم تسالۆنیکی ٤: ٣).

ویست و ئیرادەی خودا دەزانرێت و دەسەلمێنرێت. (رۆما ١٢: ٢) دەڵێت: "شێوه‌ی ئه‌م ڕۆژگاره‌ وه‌رمه‌گرن، به‌ڵكو به‌ نوێكردنه‌وه‌ی بیرتان بگۆڕێن، تاكو بتوانن خواستی خودا تێبگه‌ن كه‌ باش و په‌سه‌ندكراو و ته‌واوه." ئەم ئایەتە ئەنجامێکی گرنگمان دەخاتە بەردەست: کوڕی خودا رەتی کردەوە شێوەی ئەم ژیانە وەربگرێت و لەجێگەی ئەوە رێگەی بە رۆح دا کە بیگۆڕێت. لەبەرئەوەی کە بیر و هزری گۆڕاوە بەپێی ویستی خودا، کەواتە دەتوانێت بە تەواوی ویستی خودا بزانێت.

لە کاتی هەوڵدانمان بۆ زانین و تێگەیشتن لە ویستی خودا، دەبێت ئەوەمان لەبیر نەچێت کە ئەو شتەی بەلامانەوە گرنگە و تێیدەفکرێین، دەبێت لەگەڵ پەیامی کتێبی پیرۆزدا بگونجێت. بۆ نموونە، کتێبی پیرۆز دژی دزیکردنە؛ لەبەرئەوەی خودا بەڕوونی لەسەر ئەم بابەتە قسەی کردووە، هەربۆیە دەزانین کە ویستی خودا ئەوە نییە کە ئێمە ببینە چەتە و بڕۆین بانک ببڕین، تەنانەت پێویست ناکات لەسەر زانینی ئەم جۆرە ویست و ئیرادەیە نوێژیش بکەین. هەروەها دەبێت دڵنیا بین لەوەی کە ئەو شتەی بەلامانەوە گرنگە و تێی دەفکرێین ببێتە هۆی شکۆدارکردنی خودا و لەڕوانگەی رۆحییەوە یارمەتی خۆمان و دەوروبەریشمان بدات.

زانینی ویست و ئیرادەی خودا لە ژیانماندا شتێکی زەحمەتە، هەربۆیە دەبێت هێمن و پشوودرێژ بین. سروشتییە ئەگەر بمانەوێت یەکسەر ویستی خودا هەمووی بزانین، بەڵام زۆربەی جار بەم شێوەیە نییە. خودا هەنگاو بە هەنگاو ویستی خۆیمان بۆ دەردەخات؛ هەر کە ئێمە بەپێی ئیمان هەڵسوکەوتمان کرد؛ ئەو کات رێگەمان دەدات کە بەردەوام بین لەسەر متمانەپێکردنی. بابەتی گرنگ لێرەدا ئەوەیە کە لەکاتی چاوەڕوانیمان بۆ رێنوێنی زیاتری خودا، سەرقاڵی ئەنجامدانی کاری باش دەبین (یاقوب ٤: ١٧).

زۆربەی کات دەمانەوێت کە خودا بە وردی و بەڕوونی ویستی خۆیمان بۆ دەربخات. بۆ نموونە؛ لە کوێ ئیش بکەین، لە کوێ بژین، لەگەڵ کێ زەواج بکەین و چ جۆرە ئۆتۆمبێلێک بکڕین و هتاد. خودا رێگەی ئیختیار و هەڵبژاردنی پێداوین، بەڵام ئەگەر پشت بەو ببەستین ئەوا بە چەندین رێگەی جیاوا ناهێڵێت شتی هەڵە هەڵبژێرین (کرداری نێردراوان ١٦: ٦- ٧).

تا زیاتر ئاشناییت هەبێت لەگەڵ کەسێک ئەوا زیاتر ئاشنای ویست و ئارەزووەکانی دەبیت. لە نموونەدا، منداڵێک دەبینێت تۆپەکەی لە ناوەڕاستی شەقامێکی قەرەباڵغدا هەڵبەز و دابەز دەکات و دوورکەوتوەتەوە بەڵام ناڕوات و بیهێنێتەوە چونکە دەزانێت و لەدڵی خۆیدا دەڵێت: "باوکم حەزناکات بڕۆم و تۆپەکە لەو شەقامە قەرەباڵغە هەڵگرمەوە." ئەو منداڵە پێویست ناکات بۆ هەموو شتێک داوای ئامۆژگاری و روونکردنەوە لە باوکی بکات؛ دەزانێت وەڵامی باوکی چی دەبێت چونکە باوکی باش دەناسێت. هەمان شتە بۆ پەیوەندی ئێمە و خودا. تا زۆرتر لەگەڵی رێبکەین و ملکەچی وشەکانی بین و پشت بە رۆحی پیرۆزی ببەستین، ئەوا بۆمان دەردەکەوێت کە بیر و هزری مەسیحمان پێبەخشراوە (یەکەم کۆرنسۆس ٢: ١٦). ئەو کات دەیناسین و ئەوەش یارمەتیمان دەدات کە ویست و ئیرادەی لە ژیانماندا بزانین. بە ئاسانی رێنمایی یەزدانمان دەست دەکەوێت کە هەمیشە لەبەردەستدایە. "یه‌زدان كه‌سی ڕاستودروست تاقی ده‌كاته‌وه‌، به‌ڵام له‌ دڵه‌وه‌ ڕقی له‌ خراپه‌كار و خۆشه‌ویستانی توندوتیژییه‌" (زەبوورەکان ١١: ٥).

ئەگەر نزیک لە خودا رێ بکەین و لە ناخی دڵەوە ئارەزووی زانینی ویستی بۆ ژیانمان بکەین، خودا ویست و ئارەزووەکانی دەخاتە دڵمانەوە. کلیلی ئەمە بریتییە لە ویستن و داواکردنی ئیرادە و خواستی خودایە نەوەک هی خۆمان. "خۆشی له‌ یه‌زدان ببینه‌، داواكارییه‌كانی دڵت پێده‌به‌خشێت" (زەبوورەکان ٣٧: ٤).

English



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی

چۆن ویستی خودا لە ژیانمدا بزانم؟ کتێبی پیرۆز لەسەر زانینی ویستی خودا چی دەڵێت؟
Facebook icon Twitter icon Pinterest icon Email icon
© Copyright Got Questions Ministries