settings icon
share icon
پرسیار

چۆن بزانم بە دڵنیاییەوە دوای مردن دەڕۆم بۆ بەهەشت؟

وه‌ڵام


ئایا دڵنیای لەوەی کە ژیانی ئەزەلی و جاویدانیت هەیە و کاتێک کە دەمریت دەچیتە بەهەشت؟ خودا دەیەوێت تۆ دڵنیا بیت لەوە! کتێبی پیرۆز دەڵێت: "ئه‌مانه‌م بۆ ئێوه‌ نووسی كه‌ باوه‌ڕتان به‌ ناوی كوڕی خودا هه‌یه‌، تاكو بزانن ژیانی هه‌تاهه‌تاییتان هه‌یه‌" (یۆحەنا ٥: ١٣).

وای دابنێ ئێستا لەبەردەم پەروەرگار راوەستاویت و لێت دەپرسێت "بۆچی دەبێت بهێڵم بڕۆیتە بەهەشت؟" وەڵامی تۆ چی دەبێت؟ پێناچێت بزانی لە وەڵامدا چی بڵێیت. ئەو شتەی کە دەبێت بیزانین ئەوەیە کە خودا خۆشی دەوێین و رێگەیەکی بۆ دابین کردووین کە دڵنیاین ژیانی هەمیشەییمان لە کوێ بەسەردەبەین. کتێبی پیرۆز بەم شێوەیە باسی دەکات: "چونكه‌ خودا به‌م جۆره‌ جیهانی خۆشویست، ته‌نانه‌ت كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی به‌ختكرد، تاكو هه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕی پێ بهێنێت له‌ناو نه‌چێت، به‌ڵكو ژیانی هه‌تاهه‌تایی هه‌بێت" (یۆحەنا ٣: ١٦).

سەرەتا دەبێت ئەو کێشەیە بزانین کە بەربەستە لە چوونمان بۆ بەهەشت. بەربەستەکە سروشتی گوناهباری ئێمەیە کە رێگە نادات پەیوەندیمان لەگەڵ یەزدان هەبێت. ئێمە بە سروشت و بە ئیختیاری خۆمان گوناهبارین. "لەبەرئەوەی هەموو گوناهیان کرد، لە شکۆی خودا کەوتن" (رۆما ٣: ٢٣). ئێمە ناتوانین خۆمان، خۆمان رزگار بکەین. "چونكه‌ به‌ نیعمه‌ت ڕزگارتان بوو به‌هۆی باوه‌ڕ، ئه‌مه‌ش له‌ خۆتانه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو دیاری خودایه‌، به‌ كردار نییه‌، تاكو كه‌س شانازی نه‌كات" (ئەفەسۆس ٢: ٨، ٩). "چونكه‌ كرێی گوناه مردنه‌، به‌ڵام دیاری خودا ژیانی هه‌تاهه‌تاییه‌ له‌ عیسای مه‌سیحی گەورەمان" (رۆما ٦: ٢٣).

خودا پیرۆز و دادپەروەرە، بۆیە دەبێت سزای گوناهباران بدات، لەگەڵ ئەوەشدا خودا ئێمەی خۆش دەوێت و بەخشینی بۆ دەستەبەر کردووین، "منم رێگا و راستی و ژیان، کەس نایەت بۆ لای باوکەکە بەهۆی منەوە نەبێت" (یۆحەنا ١٤: ٦). "مەسیح لەسەر خاچ لەبەر ئێمە خۆی کردە قوربانی، چونكه‌ مه‌سیح ته‌نیا جارێك له‌به‌ر گوناه مرد، بێتاوان له‌ پێناوی تاوانباران، تاكو له‌ خودامان نزیك بكاته‌وه‌" (یەکەم پەترۆس ٣: ١٨). "مەسیح لە مردن هەڵستێنرایەوە، ئەوەی لە پێناوی گوناهمان بە گرتن درا و لە پێناوی بێتاوان کردنمان هەڵستێنرایەوە" (رۆما ٤: ٢٥).

با بگەڕێینەوە سەر پرسیارە سەرەکییەکە، "چۆن بزانم بەدڵنیاییەوە دوای مردن دەڕۆم بۆ بەهەشت؟" ئەمە وەڵامەکەیە، باوەڕ بە عیسای مەسیحی باڵادەست بهێنە، رزگارت دەبێت (کرداری نێردراوان ١٦: ٣١). "هه‌موو ئه‌وانه‌ی پێشوازییان لێی كرد، ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌ ناوی هێنا، مافی پێدان ببنه‌ منداڵی خودا" (یۆحەنا ١: ١٢). تۆ دەتوانی ژیانی جاویدانی و ئەزەلی وەکو دیارییەک وەربگریت. "دیاری خودا ژیانی هه‌تاهه‌تاییه‌ له‌ عیسای مه‌سیحی گەورەمان" (رۆما ٦: ٢٣). هەر ئێستا دەتوانی دەست بکەیت بە ژیانێکی پڕ و واتادار. مەسیح دەفەرموێت: "من هاتووم تاكو ئه‌وان ژیانیان هه‌بێت، ژیانێكی پڕ" (یۆحەنا ١٠: ١٠). دەتوانی تاهەتایە لەگەڵ مەسیح لە بەهەشت بژیت، چونکە خۆی پەیمانی داوە و دەفەرموێت: "كه‌ ڕۆیشتم و شوێنم بۆ ئاماده‌كردن، دێمه‌وه‌ و ده‌تانبه‌مه‌ لای خۆم، تاكو ئێوه‌ش له‌و شوێنه‌ بن كه‌ من لێی ده‌بم" (یۆحەنا ١٤: ٣).

ئەگەر دەتەوێت مەسیح وەکو رزگارکار قبووڵ بکەیت و خودا لە گوناهەکانت خۆش بێت، دەتوانی بەم شێوەیەی خوارەوە نوێژ بکەیت. دەبێت بڵێین کە وتنی ئەم نوێژە یان هەر نوێژێکی دیکە رزگارت ناکات بەڵکو ئەوە متمانە بوونە بە مەسیح کە دەبێتە هۆی بەخشینی گوناهەکانت. ئەم نوێژە رێگەیەکە بۆ دەربڕینی باوەڕەکەت بە پەروەردگار و سوپاسکردنیەتی کە بەخشینی بۆ ئامادە کردوویت: "ئەی پەروەردگار، من دەزانم کە گوناهم بەرامبەر کردوویت هەربۆیە شایانی ئەوەم کە سزام بدەیت. بەڵام عیسای مەسیح سزاکەی منی گرتە ئەستۆی خۆی تاکو من بەهۆی باوەڕم لە ئەودا ببەخشرێم. متمانەم پێتە کە رزگارم دەکەیت. زۆر زۆر سوپاس ئەی پەروەردگار بۆ نیعمەت و بەخشینە بێ هاوتاکەت! ئامین!"

ئایا به‌ هۆی خوێندنەوەی ئەم بابەتەوە بڕیارت دا کە لە قوڵایی دڵەوە باوەڕ بە مەسیح بێنیت‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌‌، تکایه، کرتە له‌ سه‌ر ئەم نوسینەی خوارەوە "ئه‌مڕۆ مەسیحم لە ناخی دڵەوە قبووڵ کرد" بکە.
English



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی

چۆن بزانم بە دڵنیاییەوە دوای مردن دەڕۆم بۆ بەهەشت؟
Facebook icon Twitter icon Pinterest icon Email icon
© Copyright Got Questions Ministries