ئایا بەخشراویت؟ چۆن لێبووردەیی خودا بەدەستبێنم؟



پرسیار: ئایا بەخشراویت؟ چۆن لێبووردەیی خودا بەدەستبێنم؟

وه‌ڵام:
لە سیپارەی (کردار ١٣: ٣٨) نووسراوە: "برایان، با له‌لاتان زانراو بێت، به‌هۆی عیساوه‌ به‌خشینی گوناه به‌ ئێوه‌ ڕاگه‌یه‌نرا."

بەخشین چییه‌ و بۆچی پێویستم پێیه‌تی؟
وشه‌ی "بەخشین" واتە له‌ نێوبردنی پێشینه‌ی خراپ، لێبووردن و به‌خشینی قه‌رز‌. کاتێک خراپەیەک بەرامبەر که‌سێک ده‌که‌ین، بۆ چاک کردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییەکەمان له‌گه‌ڵی، دەرۆین و داوای لێبووردنی لێده‌که‌ین. بەخشین هەرگیز پێشکەش ناکرێت لەبەرئەوەی کە کەسێک شایانی بەخشینە، هیچ که‌سێک شایانی بەخشین نییه‌. بەخشین نیشانەی عه‌شق و بەزەیی و نیعمەتە. بەخشین، بڕیاری وەلانانی هەموو جۆرە رقێکە لە دڵتدا بۆ کەسی بەرامبەر؛ هەرچەندە ئەو کەسەش کارێکی خراپی بەرامبەرت ئەنجام دابێت.

کتێبی پیرۆز پێمان دە‌ڵێت که‌ ئێمه‌ هه‌موومان پێویستمان به‌ بەخشینی خودایە‌. ئێمه‌ هه‌موومان گوناهبارین. (ژیرمەندی ٧: ٢٠‌) ده‌ڵێت: " بێگومان هیچ مرۆڤێكی ڕاستودروست له‌سه‌ر زه‌ویدا نییه‌، كه‌ چاكه‌ ده‌كات و هه‌رگیز گوناه ناكات." هه‌روه‌ها (یەکەم یۆحەنا ١: ٨) ده‌ڵێت: " ئه‌گه‌ر بڵێین گوناهمان نییه‌، ئه‌وا خۆمان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنین و ڕاستی له‌ ئێمه‌دا نییه‌." گوناه بە هەموو رووخسار و جۆر و شێوەیەکی نیشانه‌ی وەستانە دژی خودا (زه‌بوورەکان ٥١: ٤). دەرەنجام، هەموومان بە پەرۆشەوە پێویستمان بە لێبووردنی خودایه‌. ئه‌گه‌ر گوناهه‌کانمان نه‌به‌خشرێن، ئەوا تا ئەزەلییەت بەهۆی دەرەنجامیانەوە لە رەنج و ئازاردا دەژین (مه‌تا ٢٥: ٤٦، یۆحەنا ٣: ٣٦).‌

چۆن دەتوانم بەخشین وەربگرم؟
بەخۆشییەوە، خودا دلۆڤان و خاوه‌ن به‌زه‌ییه و بە پەرۆشە بۆ بەخشینی گوناهەکانمان‌! (دووەم پەترۆس ٣: ٩) پێمان ده‌ڵێت: "یه‌زدان له‌گه‌ڵمان پشوو درێژه‌، نایه‌وێت كه‌س له‌ناوبچێت، به‌ڵكو دەیەوێت هه‌موو بۆ تۆبه‌كردن بێن." خودا حەزدەکات بمانبەخشێت،‌ هه‌ر بۆیە بەخشینی بۆ دەستەبەر کردین."

‌تاکە سزای دادوەرانە بۆ گوناهه‌کانی ئێمه بریتییە لە‌ مه‌رگ‌. (رۆما ٦: ٢٣) دە‌ڵێت: "کرێی گوناه مردنە ....."، بە بۆنەی گوناهەکانمانەوە بە مردنی ئەزەلی سزادراوین. خودا بە پلانێکی بێخەوش، بەرگی مرۆڤی پۆشی و لە جەستەی عیسای مەسیحدا هاتە نێوانمان (یۆحەنا ١: ١، ١٤). عیسا له‌ سه‌ر خاچ گیانی سپارد و سزای گوناهەکانی ئێمەی بە ئەستۆ گرت، ئەو سزایەش مه‌رگ بوو. (دووەم کۆرنسۆس ٥: ٢١)‌ دەڵێت: " ئه‌وه‌ی گوناهی نه‌ده‌ناسی خودا له‌ پێناوی ئێمه‌ كردییه‌ گوناه، تاكو له‌ ئه‌ودا ببینه‌ ڕاستودروستی خودا." عیسا له‌ سه‌ر خاچ گیانی سپارد و سزای گوناهەکانی ئێمەی بە ئەستۆ گرت، هەرچەندە ئێمە شایانی ئەو سزایە بووین! له‌ جێگە و پێگەی خودادا، مه‌رگی عیسا بەخشینی بۆ هه‌موو جیهان دەستەبەر کرد. لە (یەکەم یۆحەنا ٢: ٢) دا نووسراوە: " ئه‌و که‌فاره‌تی گوناهه‌كانمانه‌، نه‌ك ته‌نها هی ئێمه‌، به‌ڵكو گوناهه‌كانی هه‌موو جیهان." مەسیح لە مردن هەستایەوە،‌ سه‌رکه‌وتنی له‌ به‌رانبه‌ر گوناە و مه‌رگدا راگه‌یاند (یەکەم کۆرنسۆس ١٥: ١- ٢٨). ستایشی خودا دەکەین کە بەهۆی مردن و زیندوو بوونەوەی عیسای مه‌سیحه‌وه‌ (رۆما ٦: ٢٣) زۆر راستە و حەقیقەتی هەیە: .... دیاری خودا ژیانی هه‌تاهه‌تاییه‌ له‌ عیسای مه‌سیحی خوداوەندمان."

ئایا ده‌تەوێت گوناهه‌کانت ببه‌خشرێت؟ ئایا حەز دەکەیت لەو تاوانە سەرکوتکەرە کە دەرچوونت لێی نییە رزگارت بێت؟ گوناهەکانت دەبەخشرێت ئه‌گه‌ر بە باوەڕەوە عیسای مه‌سیح وه‌کو رزگاریدەری خۆت قبووڵ بکەیت. (ئەفەسۆس ١: ٧) ده‌ڵێت: " له‌ ئه‌ودا به‌ خوێنی ئه‌و كڕاینه‌وه‌، به‌خشینی گوناهه‌كان، به‌گوێره‌ی ده‌وڵه‌مه‌ندی نیعمه‌ته‌كه‌ی." عیسا قەرزەکەی ئێمه‌ی دا تاکو ببه‌خشرێین. ته‌نیا کارێ که‌ ده‌بێ بیکه‌ی ئه‌وه‌یه‌ که‌ داوا له‌ خودا بکەیت تاکو بەهۆی‌ عیساوه بتبه‌خشێت، هەروەها باوه‌ڕت بەوە هه‌بێت که‌ عیسا لەبێناوی بەخشینی گوناهەکانی تۆ گیانی سپارد، ئه‌و کاته‌ خودا دەتبوورێت! (یۆحەنا ٣: ١٦- ١٧) ئەم پەیامە سەرسوڕهێنەرەی نووسیوە‌: " چونكه‌ خودا به‌م جۆره‌ جیهانی خۆشویست، ته‌نانه‌ت كوڕه‌ تاقانه‌كه‌ی به‌ختكرد، تاكو هه‌ر كه‌سێك باوه‌ڕی پێ بهێنێت له‌ناونه‌چێت، به‌ڵكو ژیانی هه‌تاهه‌تایی هه‌بێت. چونكه‌ خودا كوڕه‌كه‌ی نه‌نارده‌ جیهان تاكو جیهان حوكم بدات، به‌ڵكو ناردی تاكو جیهان به‌وه‌وه‌ ڕزگاری ببێت."

ئایا بەدەستهێنانی بەخشین ئەوەندە ئاسانە؟
بەڵی، به‌م ئاسانییه‌یه‌! تۆ خۆت ناتوانیت لێبووردەیی خودا بەدەستبێنیت. تۆ خۆت ناتوانیت باجی تاوانەکانت بدیت بە خودا. بەڵکو ‌ته‌نیا بە باوەڕ ده‌توانیت وه‌ریبگریت بەهۆی نیعمەت و بەزەیی خوداوه‌. ئه‌گه‌ر ده‌تە‌وێت عیسای مه‌سیح وه‌کو رزگاریدەری خۆت قبووڵ بکەیت و خودا لە گوناهەکانت خۆش بێت، ئەوا دەتوانیت بەم شێوەیە نوێژ بکەیت. له‌ بیرت بێت کە وتنی ئه‌م نوێژە یان هه‌ر نوێژێکی دیکە نابێتە هۆی رزگاریت. ته‌نیا باوەڕ به‌ مەسیح دەتوانێت لە گوناه رزگارت بکات. ئه‌م نوێژە تەنیا رێگایه‌که‌ لە ده‌ربڕینی باوەڕتان به‌ خودا و سوپاس کردنیەتی کە بەخشینی بۆ ئامادە کردوویت‌. "ئەی پەروەردگار، من دەزانم کە گوناهم بەرامبەر کردوویت هەربۆیە شایانی ئەوەم کە سزام بدەیت. بەڵام عیسای مەسیح سزاکەی منی گرتە ئەستۆی خۆی تاکو من بەهۆی باوەڕم لە ئەودا ببەخشرێم. متمانەم پێتە کە رزگارم دەکەیت. زۆر زۆر سوپاس ئەی خوداوەند بۆ نیعمەت و بەخشینە بێ هاوتاکەت، کە ژیانی جاویدانییە! ئامین!"

ئایا به‌ هۆی خوێندنەوەی ئەم بابەتەوە بڕیارت دا کە لە قوڵایی دڵەوە باوەڕ بە مەسیح بێنیت‌؟ ئه‌گه‌ر وایه‌‌، تکایه، کرتە له‌ سه‌ر ئەم نوسینەی خوارەوە "ئه‌مڕۆ مەسیحم لە ناخی دڵەوە قبووڵ کرد" بکە.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



ئایا بەخشراویت؟ چۆن لێبووردەیی خودا بەدەستبێنم؟