ئایا خوا بوونی هەیە؟ ئەو بەڵگانە کامانەن کە بوونی خودا دەسەلمێنن؟



پرسیار: ئایا خوا بوونی هەیە؟ ئەو بەڵگانە کامانەن کە بوونی خودا دەسەلمێنن؟

وه‌ڵام:
‌بوونی خودا، نە دەسه‌لمێندرێت و نە بە درۆدەخرێتەوە. له‌ کتێبی پیرۆز نووسراوە کە دەبێت بە باوەڕ هەقیقەتی بوونی خودا قبووڵ بکەین، "بە بێ باوه‌ڕ مه‌حاڵه‌ خودا ڕازی بكرێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی له‌و نزیك بێته‌وه‌، ده‌بێ باوه‌ڕی به‌ بوونی ئه‌و هه‌بێت و پاداشتی ئه‌وانه‌ش ده‌داته‌وه‌ كه‌ داوای ده‌كه‌ن." (عیبرانییەکان ١١: ٦) ئەو خودایەی کە هەمووان ئارەزووی دیتنیان هەیە، زۆر بە ئاسانی دەیتوانی خۆی دەربخات و بوونی بۆ هەموو دونیا بسەلمێنێت؛ بەڵام بۆچی وای نەکرد؟! چونکە ئەگەر وای بکردبا، ئەوا ئەو کاتە هیچ پێویستمان بە (ئیمان) نەدەبوو. "چونكه‌ منت بینی باوه‌ڕت كرد؟ خۆزگه‌ ده‌خوازرێ به‌وانه‌ی نه‌یانبینی و باوه‌ڕیان هێنا." (یۆحەنا ٢٠: ٢٩)

بەڵام ئەمە بەو واتایە نایەت کە ئیتر هیچ بەڵگەیەک نییە کە بوونی خودا بسەلمێنێت. لە کتێبی پیرۆزدا نووسراوە: "ئاسمان باسی شکۆی خودا دەکات، گەردوون کارەکانی دەستی رادەگەیەنێت. رۆژ لە دوای رۆژ وتەی بەرز دەبارێنن، شەو لە دوای شەو زانین رادەگەیەنن، هیچ قسە و زمانێکیان نییە، دەنگیان نابیسترێت؛ بەڵام پەیامیان دەگاتە هەموو زەوی؛ وتەکەیان بەوپەڕی جیهان." (زه‌بوورەکان ١٩: ١- ٤) رامان لە ئەستێرەکان، تێگەیشتن لە گەورەیی دونیا، رامان لە کارە جوانەکانی سروشت و سەیرکردنی خۆر کاتێک ئاوا دەبێت؛ ئەمانە هەمووی ئاماژەن بۆ بوونی خودا. ئەگەر ئەمانە بەس نین، ئەوا بوونی خودا لە دڵماندا هەست پێدەکەین. (ژیرمەندی ٣: ١١) پێمان ده‌ڵێت: "...و خودا وای كرد مرۆڤ هه‌ستی ژیانی هه‌تاهه‌تایی لە دڵیدا هه‌بێت." له‌ قووڵایی دەروونماندا هەستێک هەیە کە پێمان دەڵێت شتێک هەیە کە لە سەرووی ئەم ژیانەوەیە، هەروەها کەسێک هەیە کە سەرووی ئەم جیهانەوەیە. تەنانەت ئەگەر بە شعوور ئەم راستییە قبووڵ نەکەین، بەڵام لە قووڵایی ناخمانەوە ناتوانین نکۆڵی لە بوونی خودا بکەین. کتێبی پیرۆز ئاگادارمان دەکاتەوە کە سەرەڕای ئەمەش هەندێک هێشتا نکۆڵی لە بوونی خودا دەکەن، "گێل لە دڵی خۆیدا دەڵێت خودا نییە. ئەوانە گەندەڵن و کردەوەکانیان پیسە، کەس نییە چاکە بکات." (زەبوورەکان ١٤: ١) لەبەرئەوەی کە زۆربه‌ی خه‌ڵک به‌ درێژایی مێژوو، له‌ هه‌موو که‌لتووره‌کان، شارستانییه‌ته‌کان و کیشوەرەکاندا، باوه‌ڕیان به‌ بوونی خودای خۆیان هەبووە، کەواتە دەبێ شتێک (یان کەسێک) هەبێت کە بووەتە سەبەبی ئەم باوەڕە.

سەبارەت بە بوونی خودا جگه‌ له‌ بەڵگەکانی کتێبی پیرۆز، کۆمەڵە بەڵگەیەکی ژیربێژی دیکەش لەبەردەستدان. سەرەتا، باس لە بەڵگەی (ئانتۆلۆژی) هەستی ناسی دەکەین. باوترین شکڵی بەڵگەی هەستی ناسی،‌ لە چه‌مکی خودا بۆ سه‌لماندنی ‌بوونی خودا که‌ڵک وه‌رده‌گرێت. ئه‌م بەڵگەیە، بەم پێناسەیەی خودا دەست پێدەکات "خودا بوونێکە که‌ ناتوانیت بیت لە شتێکی لەو مه‌زنتر له‌و‌ بکەیتەوە." لەم روانگەیەوە بەردەوام دەبێت و دەڵێت کە "بوون گەورەترە لە نه‌بوون‌. کەواتە گه‌وره‌ترین شت که‌ دەتوانیت بیری لێبکەیتەوە دەبێت بوونی هەبێت." ئه‌گه‌ر خودا بوونی نەبێت‌، ئەوا ناتوانێت گەورەترین بوون بێت کە بیوانین بیری لێبکەینەوە. لەبەرئەوەی ئەم دەرەنجامە جیاوازە لە پێناسەی خودا، کەواتە ناکرێت خودا بوونی نەبێت.

دووەم بەڵگەی ژیربێژی بریتییە لە بەڵگەی (تێلیۆلۆژی) مەبەستزانی، ئەم بەڵگەیە دەڵێت کە لەبەرئەوەی جیهان دیزاین و شێوەیەکی زۆر سەرسوڕهێنەری هەیە، کەواتە دەبێت دیزاینەر و دروستکارەکەی خودا بێت. بۆ نموونە، ئه‌گه‌ر گۆی زەوی تەنیا چەند کیلۆمەترێک نزیکتر یان دوورتر له‌ خۆر بوایه‌، ئەوا ژیان لەسەر زەوی مەحاڵ دەبوو. یاخود ئه‌گه‌ر ئەو پێکهاتانه‌ی کە لە ئاتمەسفێری زەویدا هەن، ‌رێژەکەی ته‌نیا یەک لەسەد لەوەی ئێستا کەم یان زیاد بوایە، ئەوا هەموو زیندوەرانی سه‌ر گۆی زه‌وی له‌نێوده‌چوون. ئه‌گه‌ری دروستبوونی بەڕێکەوت لە گەردیلەیەکی پڕۆتێندا بریتییە لە یەک حاڵەت لە (٢٤٣ ١٠) ١٠ بە توانی ٢٤٣. (واته‌ ژمارە یەک کە ٢٤٣ سفری هەبێت). ئەوەمان نابێت لەبیربچێت کە یەک خانە لە میلیۆنان گەردیلەی پڕۆتین پێکهاتووه‌.

سێیەم بەڵگەی ژیربێژی بریتییە لە بەڵگەی (کازمۆلۆژی) گەردوون ناسی. بەپێی ئەم بەڵگەیە هەموو دەرەنجامێک هۆکارێکی هەیە. کەواتە گەرودوون بە هەموو پێکهاتەکانیەوە، دەرەئەنجامی هۆکارێکی دیاریکراوە. ده‌بێت شتێکی بێهۆکار هەبێت کە بووبێتە هۆکاری پێکهێنانی هەموو شتەکانی دیکە، ئەم شتە بێهۆکارە هەمان خودایە.

چواره‌م بەڵگەی ژیربێژی بریتییە لە بەڵگەی ئەخلاقی. فەرهەنگە جۆراوجۆرەکان، بە درێژایی مێژوو، هەر یەکەو خاوەنی جۆرێکی تایبەت لە یاسا بوون. هەموو کەسێک توانای جیاکردنەوەی چاکە و خراپەی هەیە. قەتڵ، درۆ، دزی و بەد رەوشتی تاڕادەیەکی زۆر له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا رەتدەکرێنەوە. ئەم هەستی جیاکردنەوەی چاکە و خراپە، ئەگەر لە لایەن خودای پیرۆزەوە نەهاتووە لە کوێوە هاتووە؟

وێڕای هه‌موو ئەوانەی کە باسکران، کتێبی پیرۆز پێمان ده‌ڵێت که‌ خه‌ڵک، زانینی روون و حاشاهەڵنەگری خودایی رەتدەکەنەوە و له‌ جیاتی ئه‌وه‌ باوه‌ڕ بە درۆ ده‌که‌ن. (رۆما ١: ٢٥) دەڵێت: "ئه‌وانه‌ی ڕاستی خودایان به‌ درۆ گۆڕییه‌وه‌ و به‌دیهێنراویان په‌رست و خزمه‌تیان كرد له‌ جیاتی به‌دیهێنه‌ر، ئه‌وه‌ی هه‌تاهه‌تایه‌ ستایش بۆ ئه‌وه‌. ئامین." هەروەها کتێبی پیرۆز رایدەگەیەنێت کە خەڵکی هیچ بیانوویەکیان پێ نییە کە باوەڕ بە بوونی خودا نەکەن. "چونكه‌ شته‌ نه‌بینراوه‌كان، توانا هه‌تاهه‌تایی و خودایه‌تییه‌كه‌ی، له‌ به‌دیهێنانی جیهانه‌وه‌ به‌هۆی دروستكراوان دركی پێ كراوه‌ و به‌ ڕوونی بینراوه‌، بۆیه‌ بێ بیانوون." (رۆما ١: ٢٠)

خه‌ڵک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە خودا بوونی نییە بە بیانووی ئەوەی کە گوایە "بوونی خودا زانستی نییە" یان "هیچ بەڵگەیەک نییە کە بوونی بسەلمێنێت." بەڵام هۆکاری سەرەکی ئەوەی کە بوونی خودا رەتدەکەنەوە ئەوەیە کە ئەگەر باوەڕیان بە بوونی خودا هەبێت، ئەوا دەبێت ئەو راستییەش قبووڵ بکەن کە پێویستیان بە رزگاری و بەخشینی گوناهەکانیان هەیە (رۆما ٢٣: ٣، ٦: ٢٣) و دەبێت وەڵامدەر بن لەبەرامبەر هەموو ئەو کارانەی کە ئەنجامیان داوە. بەڵام گریمان، با بڵێین کە خوا بوونی نییە، ئەو کات مرۆڤ خۆی سەربەست و ئازاد دەبینێت لە ئەنجامدانی هەر کارێک کە بیەوێت بە بێ ئەوەی نیگەرانی حوکم و سزا بێت. بەڕای من هۆکاری زۆربوونی لایەنگرانی بیردۆزی پەرەسەندن بۆ ئەو هۆکارە دەگەڕێتەوە. خودا بوونی هەیە و سەرەنجام هه‌مووان ده‌زانن که‌ ئه‌و بوونی هەیە. ئه‌وه‌ی که‌ هه‌ندێ که‌س به‌ توندی هەوڵدەدەن بوونی خودا رەتبکەنەوە، لەڕاستیدا ئەوە بوونی ئەو دەسەلمێنێت.

رێگەم بدەن کە کۆتا بەڵگەش باس بکەم، ئێمەی مەسیحی چۆن دەزانین که‌ خودا بوونی هه‌یه‌؟ دەزانین کە خودا بوونی هەیە چونکە هه‌موو رۆژێک له‌گه‌ڵی قسه‌ ده‌کەین. ناڵێم بە گوێی جەستەییمان دەتوانین دەنگی ببیستین بەڵام هەست بە ئامادەبوونی دەکەین، هەست بە رێنوێنییەکانی دەکەین، دەزانین کە خۆشی دەوێین و موشتاقی نیعمەتەکەی ئەوین. زۆر شت لە ژیانماندا روویداوە کە جگە لە خودا هیچ شرۆڤەیەکی دیکەی نییە. خودا ئه‌وه‌نده‌ موعجیزە ئاسا ئێمه‌ی رزگار کردووه‌ و ژیانمانی گۆڕیوه‌ که‌ ناتوانین ستایشی نەکەین و دان بە بوونیدا نەنێن. هیچ کام له‌و بەڵگانەی سەرەوە ناتوانێت که‌سێ قانیع بکات باوەڕ بە خودا بێنێت ئەگەر هاتوو پێشوەخت بڕیاری باوەڕهێنانی نەدابێت.

له‌ کۆتاییدا، ده‌بێت بە باوەڕ و ئیمانەوە ‌بوونی خوا قبووڵ بکرێت. (عیبرانییەکان ١١: ٦). باوەڕکردن بە خودا راکردن نییە به‌ره‌و تاریکی؛ بەڵکو هه‌نگاوێکی ئه‌منە بەرەو ژوورێکی تەواو رووناک‌ که‌ زۆربه‌ی خه‌ڵکی لەوێدان.



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی



ئایا خوا بوونی هەیە؟ ئەو بەڵگانە کامانەن کە بوونی خودا دەسەلمێنن؟