settings icon
share icon
پرسیار

کتێبی پیرۆز لەسەر خواردنەوەی کحول (شەراب) چی دەڵێت؟

وه‌ڵام


کتێبی پیرۆز پڕە لەو ئایەتانەی کە باسی خواردنەوەی کحول دەکەن (لێڤییەکان ١٠: ٩، سەرژمێری ٦: ٣، دواوتار ٢٩: ٦، ڕابەران ١٣: ٤، ٧، ١٤، پەندەکانی سلێمان ٢٠: ١، ٣١: ٤، ئیشایا ٥: ١١، ٢٢، ٢٤: ٩، ٢٨: ٧، ٢٩: ٩، ٥٦: ١٢). سەرەڕای هەموو ئەمانەش، کتێبی پیرۆز خواردنەوەی بیرە و شەراب و خواردنەوە کحولییەکانی دیکەی بەتەواوی لە مەسیحییەکان قەدەغە نەکردووە. لەڕاستیدا هەندێک ئایەت بە شێوەیەکی ئەرێنی باسی کحول دەکات. (ژیرمەندی ٩: ٧) دەڵێت: "بڕۆ به‌ شادی نانی خۆت بخۆ و به‌ دڵێكی خۆش شه‌رابی خۆت بنۆشه‌...." هەروەها (زەبوورەکان ١٠٤: ١٤- ١٥) دەڵێت کە یەزدان مەی دەبەخشێت "چونکە دڵی مرۆڤ خۆش دەکات." لە (ئامۆس ٩: ١٤)دا هاتووە کە خواردنەوەی شەراب لە ڕەزەمێوی خۆت نیشانەیەکە لە بەرەکەتی یەزدان. (ئیشایا ٥٥: ١) هانمان دەدات و دەڵێت: "وەرن شەراب و شیر بکڕن ..."

یەزدان فەرمان بە مەسیحییەکان دەکات کە خۆیان لە سەرخۆشبوون بەدوور بگرن (ئەفەسۆس ٥: ١٨). کتێبی پیرۆز سەرخۆشبوون و کاریگەرییەکانی مەحکووم دەکات (پەندەکانی سلێمان ٢٣: ٢٩- ٣٥). هەروەها مەسیحییەکان فەرمانیان پێکراوە کە ڕێگەنەدەن هیچ شتێک بەسەر جەستەیاندا "زاڵ" بێت (یەکەم کۆرنسۆس ٦: ١٢، دووەم پەترۆس ٢: ١٩). بێگومان زیادەڕەوی لە خوارنەوەی مەشروبدا دەبێتە هۆی گیرۆدەبوون و خووپێوەگرتنی. هەروەها کتێبی پیرۆز فەرمان بە مەسیحییەکان دەکات کە خۆیان لەو شتانە بەدووربگرن کە دەبنە هۆی ئازاردان و دڵێشانی خوشک و برا باوەڕدارەکانیان یان ئەو شتانەی کە دەبنە هۆی ئەوەی دژی ویژدانیان گوناه بکەن (یەکەم کۆرنسۆس ٨: ٩- ١٣). لەژێر ڕۆشنایی ئەم بنەما و ڕێنماییانەدا، باوەڕدارێکی مەسیحی ناتوانێت بڵێت کە من مەشروب زۆر دەخۆمەوە تاکو یەزدان شکۆدار بکەم (یەکەم کۆرنسۆس ١٠: ٣١).

مەسیح ئاوی گۆڕی بۆ شەراب. تەنانەت پێدەچێت مەسیح ناوبەناو شەرابی خواردبێتەوە (یۆحەنا ٢: ١- ١١، مەتا ٢٦: ٢٩). لە سەردەمی پەیمانی نوێدا، ئاو زۆر خاوێن نەبوو. بەبێ بابەتە خاوێنکەرەوەکانی سەردەمی نوێ، ئاو زۆربەی کات پڕبووە لە بەکتریا و ڤایرۆس و مادە پیسەکانی دیکە. تەنانەت تا ئێستاش وڵاتانی جیهانی سێیەم کێشەی پیسیی ئاوی خواردنەوەیان هەیە. هەربۆیە خەڵکی شەراب یان شەربەتی ترێیان دەخواردەوە چونکە زۆر خاوێنتر بووە لە ئاوی خواردنەوە. لە (یەکەم تیمۆساوس ٥: ٢٣)دا پۆڵس ئامۆژگاری تیمۆساوس دەکات کە واز لە خواردنەوەی ئاو بهێنێت (پێدەچێت ئاوی پیس تووشی ئازاری گەدەی کردبێت) و شەراب بخواتەوە. لەو سەردەمەدا شەراب کحولی تێدابووە، بەڵام نەک بەو ڕێژە زۆرەی کە ئەمڕۆ هەیە. هەڵەیە ئەگەر بڵێین کە شەربەتی ترێ بووە، بەڵام هەڵەشە ئەگەر بڵێین کە وەکو ئەو شەرابە بووە کە ئەمڕۆ هەیە. دووپاتی دەکەینەوە کە کتێبی پیرۆز خواردنەوەی بیرە، شەراب، یان خواردنەوە کحولییەکانی دیکەی لە مەسیحییەکان قەدەغە نەکردووە. کحول بە تەنیا خۆی تووشی گوناهت ناکات. مەسیحییەکان دەبێت خۆیان بەدووربگرن لە سەرخۆشبوون و گیرۆدەبوون بە کحوولەوە (ئەفەسۆس ٥: ١٨، یەکەم کۆرنسۆس ٦: ١٢).

ئەگەر ڕێژەی کحول کەم بێت ئەوا نە زیانبەخشە و نە خووی پێوە دەگریت. تەنانەت هەندێک جار دکتۆرەکان ئامۆژگاری نەخۆش دەکەن کە بڕێکی کەم لە شەرابی سور بخۆنەوە چونکە سودی هەیە، بەتایبەتی بۆ دڵ. خواردنەوەی ڕێژەیەکی کەم لە کحول پەیوەستە بە ئازادی تاکی مەسیحییەوە، بەڵام سەرخۆشبوون و خووپێوەگرتنی گوناهە.

بە پشتبەستن بە تێڕوانینی کتێبی پیرۆز لەسەر خواردنەوەی مەشروب و کاریگەرییەکانی و ئەو وەسوەسەی کە لە ئەنجامی زۆری خواردنەوەی کحولەوە تووشمان دەبێت و هەروەها شیمانەی ئەوەش هەیە کە لەو ڕێگەیەوە سووکایەتی بە دەوروبەرت بکەیت یان تووشی گوناهیان بکەیت، باشتر وایە کە مەسیحییەکان خۆیان لە خواردنەوەی مەشرووب و خواردنەوە کحولییەکان بەدووربگرن.

English



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی

کتێبی پیرۆز لەسەر خواردنەوەی کحول (شەراب) چی دەڵێت؟
Facebook icon Twitter icon Pinterest icon Email icon
© Copyright Got Questions Ministries