settings icon
share icon
پرسیار

ئایا پێویستە مەسیحییەکان ملکەچی شەریعەت و یاساکانی پەیمانی کۆن بن؟

وه‌ڵام


خاڵی سەرەکی لەم بابەتەدا ئەوەیە کە پەیمانی کۆن درا بە گەلی ئیسراییل نەوەک مەسیحییەکان. هەندێک لەو یاسایانە بە گەلی ئیسراییل درا تاوەکو بزانن چۆن دەبێت ملکەچی فەرمانەکانی خودا بن و چۆن رەزامەندی خودا بەدەست بهێنن، لە نموونەدا (دە راسپاردەکەی موسا). هەندێکی دیکە لەو یاسایانە بۆ ئەوە بوو کە بزانن چۆن ستایشی خودا بکەن و قوربانی گوناهە پێشکەش بکەن (شێوازی قوربانی پێشکەشکردن). هەندێ دیکەش بۆ ئەوە بوو کە میلەتی ئیسراییل لە میلەتەکانی دیکە جوێ بکاتەوە (رێساکانی تایبەت بە جلوبەرگ و خواردن). هیچ کام لە یاسا و رێساکانی پەیمانی کۆن تایبەت نییە بە ئێمە. کاتێک مەسیح لەسەر خاچ گیانی سپارد، یاساکانی پەیمانی کۆنی تەواو کرد (رۆما ١٠: ٤، گەلاتیە ٣: ٢٣- ٢٥، ئەفەسۆس ٢: ١٥).

لەجێی یاسا و شەریعەتی پەیمانی کۆن، ئێمەی مەسیحی لەژێر شەریعەتی مەسیحداین (گەلاتیە ٦: ٢)، بەو واتایەی کە: "به‌ هه‌موو دڵ و له‌ ناخه‌وه‌ و له‌ هه‌موو بیرتانه‌وه‌ یه‌زدانی خودای خۆتان خۆشبووێ .... و نزیكه‌كه‌ت وه‌ك خۆت خۆشبووێ" (مەتا ٢٢: ٣٧- ٣٩). ئەگەر ملکەچی ئەو دوو فەرمانەی مەسیح بین، ئەوا هەموو ئەو فرمانانەمان جێبەجێ کردووە کە مەسیح داوامان لێدەکات. "هه‌موو ته‌ورات و پێغه‌مبه‌ران به‌م دوو ڕاسپارده‌یه‌وه‌ به‌ندن" (مەتا ٢٢: ٤٠). بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەمە بەو واتایە نایەت کە پەیمانی کۆن بۆ رۆژگاری ئەمڕۆ ناگونجێت. زۆربەی یاسا و شەریعەتەکانی پەیمانی کۆن دەچنە ژێر یاسای "خودات خۆش بوێت" و "دراوسێکەت خۆش بوێت." شەریعەتی پەیمانی کۆن دەکرێت رێنماییکارێکی باش بێت لەبارەی چۆنیەتی خۆشویستنی خودا، هەروەها پێمان دەڵێت کە خۆشویستنی دراوسێکەت چی بە دوای خۆیەوە دێنێت. بەڵام لەهەمان کاتدا، راست نییە ئەگەر بڵێین شەریعەت و یاسای پەیمانی کۆن بەسەر مەسیحییەکاندا جێبەجێ دەکرێت. پەیمانی کۆن وەکو یەکەیەکی فیزیایی وایە، یان ئەوەتا هەمووی جێبەجێ دەکەیت یان هیچیان (یاقوب ٢: ١٠). ئەگەر مەسیح هەندێکی تەواو کرد (وەکو شێوازی قوربانی پێشکەش کردن) ئەوا هەمووی تەواو کردووە.

لە (یەکەم یۆحەنا ٥: ٣)دا نووسراوە: "چونكه‌ ئه‌مه‌ خۆشویستنه‌ بۆ خودا، ڕاسپارده‌كانی به‌جێبگه‌یه‌نن، ڕاسپارده‌كانیشی قورس نین." دە راسپاردەکەی مووسا لەڕاستیدا کورتکراوەی هەموو یاسا و شەریعەتی پەیمانی کۆنە. تەنیا یەک دانە لە دە راسپاردەکەی مووسا لە کتێبی پیرۆزدا ئاماژەی پێنەکراوە (تەنیا باس لەوە نەکراوە کە لە حەفتەدا رۆژێک بکەنە پشوو). بێگومان ئەگەر خودامان خۆش بوێت ئەوا پەیکەر ناپەرستین و سەر بۆ بتەکان دانانەوێنین. ئەگەر دراوسێکانمان خۆش بوێت ئەوا نایانکوژین، درۆیان لەگەڵ ناکەین، پەلاماریان نادەین و ئیرەیی بە ماڵ و سامانیان نابەین. مەبەستی شەریعەت و یاساکانی پەیمانی کۆن ئەوەیە کە بە مرۆڤ بڵێت مەحاڵە بتوانیت یاساکان جێبەجێ بکەیت، لەم رێگەیەوە خەڵک لەوە تێدەگەن کە پێویستیان بە عیسای مەسیحە تاکو رزگاریان بکات (رۆما ٧: ٧- ٩، گەلاتیە ٣: ٢٤). هەرگیز خودا نەیویستووە کە شەریعەتی پەیمانی کۆن ببێتە یاسایەکی جیهانی و لە هەموو سەردەمێکدا بەسەر هەموو کەسێکدا جێبەجێ بکرێت. ئێمەی مەسیحی دەبێت خودامان خۆش بوێت هەروەها دراوسێکەشمان خۆشبوێت. ئەگەر بەوپەڕی وەفادارییەوە ملکەچی ئەو دوو فەرمانە بین، ئەوا لەڕاستیدا هەموو فەرمانەکانی خودامان جێبەجێ کردووە.

English



بگه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ لاپه‌ڕه‌ی سه‌ره‌کی کوردی – سۆرانی

ئایا پێویستە مەسیحییەکان ملکەچی شەریعەت و یاساکانی پەیمانی کۆن بن؟
Facebook icon Twitter icon Pinterest icon Email icon
© Copyright Got Questions Ministries